پڕۆژە یاسای چاکسازی لە کوێیە؟
مەجید ساڵح


(١)
کابینەی هەشتەم، پێش کۆتایی ماوەکەی، لە ژێر گوشاری شەقام و هەلومەرجی گۆڕاوی عێراق و دەوروبەر، لە سەرەتای ساڵی (2018)ەوە سەرقاڵی ئامادەکردنی پڕۆژە یاسایەکی تایبەت بو بە چاكسازی لە موچە و خانەنشینی و دواجار لە (2018/9/5) خرایە بەردەم پەرلەمانی کوردستان، بەڵام بەهۆی ناڕەزایی و رێکنەکەوتنی یەکێتی و پارتی هەر بە پڕۆژەیی مایەوە و دواجار بو بە دۆسێیەکی لەبیرکراو.


(٢)
کابینەی نۆیەم، پێش پێکهێنانی، لە گفتوگۆی لایەنەکان (پارتی، یەکێتی و گۆڕان) زۆر باسی چاکسازی کرا، بەجۆرێک بو بە خاڵی هاوبەشی هەرسێ لایەن و لە کارنامەکەی حکومەتیشدا کرایە دەسکەوتێکی گەورەی کابینەکە. خەڵک زۆر دڵخۆشکرا کە ئەم کابینەیە کابینەی چاکسازی و گەڕانەوەی متمانەی خەڵکە بۆ حکومەت و پەرلەمان. لە نێو هەرسێ لایەنەکەدا بزوتنەوەی گۆڕان لەوانی دیکە زیاتر بە پەرۆشەوە بو بۆ ئەو پڕۆژەیە یاسایە، چونکە بەشێک بو لەو پاساوەی کە پێی چوە ناو کابینەکەوە و پێشتریش بەشێک بوە لە کارنامەی هەڵبژاردنەکەی.


(٣)
لە (2019/1/6)ەوە خولی پێنجەمی پەرلەمان دەستبەکار بوە، وەزیرەکانی کابینەی نۆیەمیش لە (2019/7/10) سوێندی یاساییان خوارد و دەستبەکار بون. هەنگاوە سەرەتاییەکانی حکومەت بەو ئاڕاستەدا دەچو کە کابینەکە زۆر سورە لە جێبەجێکردنی کارنامەکەی، دیسانەوە خەڵک هیوایەکی بۆ پەیدا بو.


بەڵام وا ساڵێک بە سەر تەمەنی پەرلەمان و نزیکەی چوار مانگیش بەسەر کابینەی نۆیەمدا تێدەپەڕێ، هەلومەرجی سیاسی و ئابوری هەرێم و عێراق و ناوچەکە تا دێت ئاڵۆزتر و مەترسیدار تر دەبێ، ئەو تروساکەیەش کە هەبو بۆ ئەنجامدانی چاکسازی لە هەرێم، تین و تاوی جارانی نەماوە، عێراق لەبەردەم پێچەوانە بونەوەی هاوکێشەکانە بەرەو ئاڕاستەیەک کە هیچ لەبەرژەوەندی کوردستاندا نییە.


لەم نێوەندەدا خەمساردییەکی زۆر هەیە بۆ جێبەجێکردنی بەڵینی "پرۆژە یاسای چاكسازی موچە و خانەنشینی"، بە رادەیەک پڕۆژەکە ون بوە .. لە ناوەندە ناڕەسمیەکاندا یەکێتی تۆمەتبار دەکرێ بە دروستکردنی لەمپەر لەبەردەمیدا، لە حەقیقەتیشدا گۆڕان و پارتیش بەو بێدەنگیەیان دەریدەخەن کە ئەوانیش زۆر لە خەمی بڕیاردان نین لەسەر دەرکردنی یاساکە..


کاتی ئەوە هاتوە یەکێتی وڵامی هەبێ بۆ ئەو تۆمەتە، پارتیش بەرپرسیارە لەوەی بۆ خەڵکی رون کاتەوە کە بۆچی ئەم پرۆژەیە نایەتەوە پەرلەمان و هۆکارە راستەقینەکەی دیار نەمانی رون بکەنەوە!!


بزوتنەوەی گۆڕان دەبێ لەم دۆخەدا لە هەمویان پەرۆشتر بێ و قسەی جیدی هەبێ، رای گشتی لە هۆکارەکانی نەهاتنە پەرلەمانی ئەو پڕۆژەیە رون بکاتەوە.




سبه‌ی‌ 
AM:03:12:04/11/2019