بۆ ڕاگەیاندنەکان، لەبری ئەوەی کاردانەوەکە گەورە بکەن بەشوێن هۆکارەکانیدا بڕۆن
لاوژە جواد

لەمڕۆژانەی دواییدا هەواڵی ئەشکەنجەدانی ئەحمەدی 9 ساڵە لەلایەن باوەژنەکەیەوە بووە هەواڵێکی گەرمی تۆڕە کۆمەڵایەتی و دەزگاکانی ڕاگەیاندن. دیارە بینینی ئەم ئەشکەنجەیەو ووتەکانی ئەحمەد هەستی بەردیش دەجوڵێنێت و دڵی هەر ئینسانێک دادەخورپێنێت، من پێموایە کەم کەس نییە توانیبێتی خۆی کۆنترۆڵ بکات و فرمێسک بە چاوانی نەیەتە خوارەوە. 

ئەمە چ ویژدان و ئینسانیەتێکە چ کۆمەڵگایەکە کە ئینسانەکان بەمشێوە دڕندانەیە هەڵسوکەوت بکەن و ئەوەندە کینە بەرامبەر منداڵێکی 9 ساڵان لە دڵی بێت بەم شێوەیە دایپڵۆسێت و نیوە مەرگی بکات.
من ئەمەی مەبەستمەو دەمەوێت فۆکوسی بخەمە سەر ڕۆڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندنە لە کاتی ڕودانی کارەساتی لەمجۆرەدا. دیارە کاتێک دەڵێم ڕاگەیاندن مەبەستم بەگشتی لە هەموو ڕاگەیاندنەکانە، بە حیزبی، حکومی، ئەهلی و سێبەرو......

ڕاگەیاندن هەمیشە وەک دەسەڵاتی چوارەم ناسێندراوە،  میدیاکانن بابەت دەخەنە ڕوو و دەیوروژێنن، پاسەوانن بەسەر یاساو کاربەدەستانەوە و چاودێری بەرژەوەندی کۆمەڵگان و دەچنە بنەوانی بابەتی گەورە و بچوکەوە،  لە وڵاتە پێشکەوتووەکان میدیا ڕەوڵێکی کاریگەری بینیوە و بە  وروژاندنی بابەت گەورەترین چەک بووە لە بەرانبەر خراپ بەکارهێنانی سیستەم و ڕانەپەڕاندنی ئەرک و بەڵێنەکانیان، ترس لە میدیا بۆتە هۆکاری دەست لەکارکێشانەوەی چەندین وەزیرو بەرپرسی باڵا لە پۆستە سەرەکیەکان. میدیا پاسەوانی پاراستنی بەرژەوەندی و مافەکانی هاوڵاتیانە لە بەرانبەر دەسەڵات.

 منداڵان مافی خۆیانە بەدەر لە پێگەی کۆمەڵایەتی و ئابوری باوک و دایکیان، بەهرەمەند بن لە ژیانێکی ئاسودە و گونجاو و ژینگەیەکی سالم، بەدور لە توند و تیژی و مەینەت. لەو وڵاتانەی کە میدیا خاوەن خۆیەتی دۆخی منداڵان وەک بەشێکی گرنگ لە کۆمەڵگا یەکێک لە پڕ بایەخترین بابەتەکانە کە ڕۆژانە قسەی لەسەر دەکرێت، بۆنمونە دەربارەی منداڵانێک کە دایک و باوکیان ئالۆدەی مادەی هۆشبەرو ئەلکهولن، یان ئەوانی توندوتیژیان بەرامبەر بەکاردێت، دەبێت چی بکرێت بۆ ئەوەی هەموان بارودۆخیان باشبێت؟ حکومەت و دەسەڵاتیان ناچار بە چەندین بڕیاری نوێ و جۆراو جۆر کردوە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا. 

کارەساتی ئەحمەدی ٩ ساڵە، یەکەم دیاریدەی ئەشکەنجە و توندوتیژی نیە بەرامبەر بە منداڵان، بەداخەوە ماوەی کەمتر لە دوو مانگ پێش ئێستا منداڵێک بەهۆی لێدان بەدەستی باوەژنەکەی گیانی لەدەستدا، هیچ کاردانەوەیەکمان نەبینی لە میدیاکانەوە بەجیا لەوەی کە هەوڵبدەن داستانێکی سەرنجراکێشی بۆ ڕاگەیاندنەکانی لیوە دروستبکەن. بەدواداچونیان بۆ سەرچاوەکەی نەکرد، کە بۆچی وە بۆ دەبێت کۆمەڵگا بەمجۆرە تاکەکانی پەروەردە بکات کە خۆ پەرست بن، سەرچاوەی موڵکداریەتی لەچیەوە هاتووە؟ بۆچی دەبێت ئاستی دڕندەیی ئینسان بگاتە ئەو ئاستەی تەنها لەبەرئەوەی کە منداڵێک ئەو خاوەنی نییە بەمجۆرە ئازاربدرێت؟

 ئەوەی لەم ڕوداوە بەدیدەکرێت ئەوەیە کە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن مایکڕەفۆنەکەیان خستۆتە بەردەم منداڵێکی نۆ ساڵ و پرسیاری لێدەکەن، بەبێ لێکدانەوەی باری دەرونی و جەستەیی ئەم منداڵە. نێچیرێکی بەلاشیان کەوتۆتە دەست. بەبێ ئەوەی بەوردی بەدواداچون بۆ هۆکار و  ڕیشەی کێشەکە بکەن.
تراژیدیای ئەحمەد زۆر بابەت دەوروژێنێت، ئەگەر ڕاگەیاندنە کوردیەکان مەبەستیان بێت دەتوانن چەندین بەرنامەی جیاواز لەسەر لایەنە جۆراوجورەکانی دۆخی منداڵان ئامادەبکەن و مایکەکانیان بخەنە پێش دەمی خەڵکانی پسپۆڕو شارەزا، وە کامیراکانیان زوم بکەن لەسەر ئەم بابەتانەو، سەرنجی ڕای گشتی لە کۆمەڵگادا بۆ ڕاکێشن.

١/ بەرجستە کردنەوەی دۆخی نالەباری منداڵان و کەمتەرخەمی دەسەڵات و لایەنی پەیوەندی دار.
٢/ دیبات لەسەر هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی دەرەبەگایەتی و موڵکداریەتی خێزان، کە منداڵان کۆیلە و قوربانین تیایدا.
٣/ بەرپەرچدانەوەی داب و نەریتی ئاینی و پیاوسالاری کە سەرچاوەی توندو تیژی جەستەیی و دەرونین بۆ سەر منداڵان و لە هەمان کاتدا تەرویج کردنی پەروەردەی ئینسانی و زانستی هاوچەرخ. 
٤/ غیابی پەروەردە لە سیستەمی پەروەردە، نەبوونی پەروەردەیەکی باش و تەندروست بۆ پێکهێنانی کۆمەڵگایەکی تەندروست لە دواڕۆژدا لەسەر دەستی منداڵانی ئەمڕۆو نەوەکانی دواڕۆژ، کە لە پاڵ فێربوون و خوێندن گرنگی بدات بە لایەنی دەرونی و کۆمەڵایەتی و تەندروستی منداڵان.

پەیامی من بۆ دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەوەیە کە لەجیاتی ئەوەی منداڵێکی نۆ ساڵان وەک نێچیر بکەن بە ئامانج، بڕۆن بە ئەرکی گەورەی خۆتان هەستن ، ئێوە کە ناسنامەی دەسەڵاتی چوارامتان پێبەخشراوە، دەتوانن هەوڵبدەن کۆمەڵگا بەرەو ئاراستەیەکی تر بەرن، چەندین بابەتی گرنگ هەیە لە کۆمەڵگادا بیوروژێنن و سەرنجی ڕای گشتی بۆ ڕاکێشن و دەسەڵاتداران ناچاربکەن کە کۆمەڵگا لەجیاتی بەرەو هەڵوەشانەوەو تێکشکان بەرن بەرەو هێڵی ڕاست بەرن. 
دیارە گومانی تێدانیە باوک و باوەژنی ئەحمەد تاوانبارن و دەبێت سزا بدرێن، و هاوکات بابچین لە ڕیشەی ئەم کێشانە بکۆڵینەوەو کاریان بۆ بکەین کە تاکەکان بەرەو دڕندەیی دەبات.
 
(ئاوێنە)

AM:11:25:29/10/2014