لە عێراقدا چی رودەدا؟
رابەر تەڵعەت


پاوانخوازیی و تەماحکاریی جەوهەری دەسەڵاتە، لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا، پەیوەندی نێوان وڵاتەکان لەسەر بنەمای هێز و بەرژەوەندی دامەزراوە نەک دۆستایەتی و دراوسێتی. دراوسێی بەهێز، کۆنترۆڵکردن و داگیرکردنی دراوسێ لاوازەکەی بە مافی خۆی و بە بەشیک لە ستراتیژی پاراستنی بەرژەوەندی و ئاسایشی خۆی دەزانێ.


پەیوەندی نێوان ئێران و ئێراق، نمونەی ئەو هاوکێشەیەی هێز و لاوازییەیە. چونکە لە سیاسەتدا واقیع بینم، بۆیە سەرکۆنەی ئێران ناکەم بۆ ئەوەی کە لە عێراقدا دەیکات، بەڵام نەیتوانیوە بەباشی بیکات بۆ؟ چونکە:


1- شیعەی عێراق لە دوای (2003) ەوە تا ئەمڕۆ، زۆرترین جیابونەوە و دابەشبون لەناویاندا رویداوە. ئەمەش مانای ئەوەیە، زۆربەی حزب و سەرکردە و گروپەکانی ناوی خۆیان بە خاوەن هەق و خاوەن شەرعییەت دەزانن، هەموشیان چاویان لە دەسەڵات و لە نزیکایەتی ئێرانە، ئەمەش وادەکات ئیدارەدانی فایلی عێراق بۆ ئێران ئاسان نەبێ، تەنانەت لەگەڵ شیعەشدا.


2- شیعەکان نەک هەر لەژێر کاریگەریی ئێران حوکمیان کرد، بەڵکو بونە رێگەخۆشکەر بۆ ئەوەی خودی ئێران حوکمی عێراق بکات. هیچ ئەزمونێکی داگیرکاریش سەرکەوتو نەبوە، چونکە هیچ کات ناتوانێ وەلائی نیشتیمانی خەڵک بۆخۆی دەستەبەر بکات. هێزە شیعییەکان وەلائی ئیران و نفوزی ئێرانی لە عێراقدا دەستەبەر کرد، بەڵام ئینتیمای نیشتیمانی خەڵکی دۆڕاند بە شیعەکانیشەوە.


3- سیاسەت بە تەنها ئیدارەدانی ئێستا نییە، بەڵکو خوێندنەوە و حسابکردنە بۆ داهاتو. ئەو سیاسییەی نەتوانێ پێشبینی دەرئەنجامی سیاسەتەکانی بکات لە داهاتودا، ناتوانێ روبەڕوی ئەو کارەسات و روداوانەش ببێتەوە کە دێنە سەر ریگای. عێراق دوای (16) ساڵ روخانی بەعس و نائارامیی و فەساد، هەرگیز ناتوانێ بە دەرمانی خێرا بەر بەو دەردە بگرێت کە دوچاری بوە.


وانە بۆ کورد ئەوەیە؛ حسابکردن لەسەر عێراق هیچ داهاتویەکی نییە. سیاسەت بۆ ئەمڕۆ مەکەن، بیر لەوە بکەنەوە کە سبەی نەتیجە و ئەنجامی ئەو سیاسەتانە دەبن بەچی. فرەسەریی و فرەجەمسەریی و فرە براگەورەیی، هەموکات دەرگای تۆ بە روی دوژمناکانت دا بەکراوەیی دەهێڵێتەوە.




سبه‌ی‌ 
AM:03:00:06/11/2019