دەربارەی شەفافیەت و مافی بەدەستهێنانی زانیاری
سەرکەوت جەلیل
 
ئەوەی پێی دەوترێت حوکمڕانیی باش (Good Governance)، پێنج کۆڵەکەی هەیە، یەکێکیان شەفافییەت و مافی بەدەستهێنانی زانیارییە لەلایەن هاووڵاتییانەوە. واتە بۆ ئەوەی حکومەت و حوکمڕانییەکی باشت هەبێت، هەر دەبێت شەفاف بیت، هەر دەبێت خەڵک مافی زانینیان هەبێت. 
 
زۆرێک لە رێکخراو و یەکێتییە نێودەوڵەتی و ناوچەییەکانیش، بە بایەخەوە لە مافی بەدەستهێنانی زانیاری دەڕوانن و کەم تا زۆر هەوڵ دەدەن لە دەستوور و یاساکانی خۆیاندا، جێی بکەنەوە.
 
یەکەم دەرکەوتنی وەها مافێک لە ئاستی نێودەوڵەتیدا، لە بڕیاری ژمارە 59ی ساڵی 1946ی کۆمەڵەی گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان بوو، کە تێیدا ئازادیی بەدەستهێنانی زانیاری وەک مافێکی بنەڕەتی و وەک بناغەی ئەو ئازادییانەی نەتەوە یەکگرتووەکان بانگەوازیان بۆ دەکات، ناسێنرا.
 
بە هەمان شێوە، لە جاڕنامەی گەردوونیی مافەکانی مرۆڤیشدا، دەستەبەریی مافی بەدەستهێنانی زانیاری کراوە و نابێت هیچ سنوورێکی بۆ دابنرێت. لە پەیماننامەی مافە مەدەنی و سیاسییەکانی 1966دا، تاکەکان بۆیان هەیە بەدوای هەواڵەکاندا بچن، هەموو جۆرە زانیاری و بیرۆکەیەکیشیان هەبێت و بتوانن بۆ ئەوانی تریشی بگوازنەوە، جا لە شێوەی نووسراو، هونەری، یان هەر شێوەیەکی تردا بێت.
 
هەروەها لە جاڕنامەی کۆمەڵەی گشتیی تایبەت بە هەزارەی نوێشدا لە ساڵی 2000، هەمان بایەخ بە ڕۆڵی دەزگاکانی ڕاگەیاندن و گرنگیی بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن خەڵکەوە، دراوە، چونکە بڵاوکردنەوە و بەدەستهێنانی زانیاری لەلایەن خەڵکەوە، دیوی دووەمی دیموکراسی و نەهێشتنی گەندەڵییە. بەبێ گرنگیدان بە وەها هەنگاوێک، حکومەت هەنگاوی جددی لە کۆتاییهێنان بە گەندەڵی، ناگرێتە بەر.
 
لە دەستووری عێراقدا ڕاستەوخۆ و ڕاشکاوانە باسی ئەم مافە نەکراوە، بەڵام دەشێت وەک بەشێک لە ئازادیی دەربڕینی مادەی 38 لەقەڵەم بدرێت. تا ئێستاش یاسایەکی تایبەت بەم مافە، دەرنەچووێنراوە، هەرچەندە لە 2016وە پرۆژە یاسایەک هەیە. بەڵام لە هەرێمی کوردستان، ئاوڕی لێ دراوەتەوە و لە 2011دا یاسای ژمارە 11 دەرچووێنراوە. وەک لە مادەی 2ی یاساکەدا هاتووە: ئامانج لە یاساکە، چەسپاندنی مافی بەدەستهێنانی زانیاری و چەسپاندنی بنەماکانی شەفافییەت و بەشداریی کارایە بەمەبەستی پتەوکردنی پرۆسەی دیموکراسی. بەڵام لە مادەی 14دا هەندێک ئاوارتە باس کراون، کە تێیاندا دامودەزگا گشتی و تایبەتەکان دەتوانن داوای هاووڵاتییان لە بەدەستهێنانی زانیاری، ڕەت بکەنەوە. یەکێک لەوانە، حاڵەتی دانوستانە لەگەڵ لایەنی تردا، ئەگەر پێدانی زانیارییەکە کار لە پرۆسەی دانوستانەکە بکات. ئەمەش دەشێت خراپ بەکارببرێت، لای کەم لە ئێستادا، بەو پێیەی هەرێم حکومەتێکی حیزبی و لاوازی هەیە، کە ناتوانێت مافی دانوستان بۆ خۆی قۆرغ بکات و شەفافیش بێت.
 
هەر لە هەرێمی کوردستان، یاسای ڕۆژنامەگەریی لە کوردستان ژمارە 35ی ساڵی 2007، پەیوەندیی بە بەدەستهێنانی زانیاری و گرنگیی ڕۆڵی چاودێریی دەزگاکانی ڕاگەیاندن بەسەر کۆی پرس و پرۆسە سیاسییەکانەوە، هەیە. وەک لە یاساکەدا هاتووە، هیچ دەسەڵاتێک جگە لە یاسا، بەسەر ڕۆژنامەنووسەوە نییە. هەروەها ڕۆژنامەنووس ناچار ناکرێت هیچکام لە زانیارییەکانی بدرکێنێت، تەنیا بە بڕیاری دادوەر نەبێت. وەک لە هۆیەکانی دەرچوواندنی یاساکەشدا هاتووە، وەها یاسایەک بایەخدارە، چونکە ڕێگە بۆ بەشداریی کارا لە بنیاتنانی کۆمەڵگەی مەدەنی و ڕەخساندنی بنەماکانی دیموکراسی و مافەکانی مرۆڤ، خۆش دەکات.
 
هەروەها یاسای دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی کوردستان ژمارە 2ی ساڵی 2008، وەک لە هۆیەکانی دەرچوواندنی یاساکەدا هاتووە، خزمەتی پرەنسیپی شەفافییەت و کاراکردنی ڕۆڵی چاودێریی پەرلەمانی کوردستان، دەکات.
 
ئەوەی تێبینی کراوە، لەم چەند ساڵەی دواییدا، حکومەتی هەرێم زیاتر لە هەنگاوێکی هاوێشتووە، کە خەڵک لێیان ئاگادار نین، دیارترینیشیان گرێبەستەکانی بوای نەوت و گاز و چۆنێتیی کۆکردنەوە و خەرجکردنی داهاتەکانیانە.
جگە لەوانەش، لە پراکتیکی ڕۆژانەی فەرمانگە و کاربەدەستانیشدا، ئاوڕی جدی لەم مافەی هاووڵاتییان نادرێتەوە.
 
گرنگە ڕۆژنامەنووسان و میدیاکاران، لەبریی بایەخدانیان بە چەلەحانێ و قسەی سواو و بێتام و بێسوود، بایەخی زیاتر بەم بوارانە بدەن، چونکە ئەمانە دەبنە بناغە و بنەڕەتی داهاتوومان، نەک قسەی ڕەقهەڵاتوو.
 
رادیۆی‌ ده‌نگ 

AM:07:19:15/08/2019