لەنێوان میهر و دڵڕەقیدا - ٣٨
ئەوەی لە دێرزەمانەوە تاوەکوو ئێستاکێ منی غەمگین کردووە، لەوەدا چڕی دەکەمەوە، کە هیچ شتێک لە ستراکتۆری و پەیکەر و بنیاتی خانەوادە و خێزانداریی ترادیشیناڵ و کۆنەپارێز و داخراوی ئێمە نەگۆڕاوە، کە خودی ئەم داخران و چەقبەستنە بۆ خۆی ئەوپەڕی دڵڕەقی و بێباکی و نامرۆییە بە مانا گشتی و بەرفرەوانەکەی.
لەوە غەمناکتر ئەوەیە، کە زۆرینەی خەڵکی خۆمان بڕوایان وایە، خێزانی (کوردەیل) زێدە تۆکمە و دامەزراوە و نموونەی لە دونیادا کەمە، کە رێک من پێچەوانەکەی دەبینم و گەلێک فشۆڵ و ناجێگیر و ستەمخوازە. رەنگە کەسانێک بڵێن و بپرسن: کوا داتا و ئامارت؟
چۆنچۆنیی بەم رەهاگەرییە گشتگیر دەکەیتەوە؟ ئەم پرسیارە هی هەر کەسێک بێت رەوایە، بەڵام، ئەگەر پینە و پەڕۆی نەکەم و خۆپەڕاندنەوە، ئەزموونی نیو سەدە لە ژیانی خۆم بۆ من بەڵگەیە، کە بەدەگمەن خێزانێکی بەختەورەم بینی، بگرە من وا تێ دەگەم بۆ هەمیشە لای ئێمە ماڵ و خانەوادە بە چەشنێک پیرۆز و داخراوە، کە ناچارە ئەگەر دۆزەخیش بێت وای بنوێنن و ئەو نماییشە بکەن، کە ئەوان نەک زۆر بەختیارن، بەڵکوو بەهەشتێكیان دروست کردووە.
سەرباری ئەو راستییەش، کە هەر هەموو ئەو کتێبانەی ئەمن لە ماوەی نیو سەدەدا بە کوردی و عەرەبی و ئینگلیزی خوێندوومنەتەوە، کە سەبارەت بە پەیکەر و بنیاتی خانەوادە و خێزانداری بوون، لێکۆڵینەوەی کەسانی پسپۆڕ و شارەزا بوون، چ نووسەرانی رۆژئاوایی و چ رۆژهەڵاتی، چ تازەبابەت و چ کلاسیکی و کۆنینە. زۆرینەیان گومانیان هەیە لەوەی خێزانی تەندروست هەبێت، کە بتوانێت نەوەیەکی نوێ بخولقێنێت، کە هەڵگری کەماڵی خەسڵەت و بەها باڵاکانی مرۆڤپەروەری بێت بە مانا هەرە بەرفراوانەکەی، بگرە زۆرینەی دەروونناسە ناودارەکانی دونیا بڕوایان وایە، کە خێزان کانگای هەر هەموو نەخۆشە دەروونی و دەمارییەکانە.
دیارە لە وڵاتانی دیکەدا، کە تێکۆشان لەسەر ئاستی فیکری و هەم رامیاری و ئابووری و کۆمەڵایەتی و فەرهەنگی، بەتایبەتی بازنەی یاسایی، کە بێوچان بۆ ماوەی چەندین سەدە تێ کۆشان، کە دەتوانین بڵێین لەسەر ئاستی پەروەردە و کورتکردنەوەی دەستی مەزهەبزەدەکان و خودی نەهێشتنی پەروەردەی لاهووتی و هەژموونی رابەرانی عیسایی و مووسایی و باقی ئایینەکانی دیکە، بەتایبەتیش دوای جیاکردنەوەی دەوڵەتداری لە خودی ئایین، کە بیرەمەند و فەیلەسووفە سێکیولار و هەم ئاییندار و مەتڕانە ئاوەزدار و عەقڵزەدەکان رۆڵیان هەبووە. واتا دونیاپەرست و ئاخیرەت پەرستی ژیاندۆست کەوتنە دوای پەیام و رێنماییەکەی (عیسای مەسیح) کە فەرمووی "ئەوەی کە هی خودایە، با بیگێڕینەوە بۆ خودا، ئەوەیشی کە هی قەیسەرە با بیدەینەوە بە قەیسەر". خودی ئەم پەیامە سەرەتایەکی پەرجوودار و یەکلاییکەرەوە بوو، کە ئیدی پتر لە جاران ئاییندارەکان و بێدینەکان زانییان و فێر بوون رێز لە جوگرافیا و هەرێمی یەکتری بگرن، کە لە روانگەی منەوە، یەکێکە لەو فاکتەرانەی لە رۆژئاوادا توندڕەوی مەزهەبزەدەیی کەم کردەوە.
یەکێک لەو دەرەنجامانەی بە ئەرێنی شکایەوە، گەیشتن بوو بەو قۆناغەی، کە ئیدی چیدیکە (ماڵ و خانەوادە و خێزانداری) پیرۆز نین، بگرە سیستمی پەروەردەی مۆدێرن و تازەباو وای کرد کە بیسەلمێنێت قوتابییان ئازادن لەوەی، کە بە ناوی پەروەردەکردن و فێربوونەوە هەر چەشنە ستەمێک و چەوسانەوەیەک رەت بکەنەوە، کە لە دایکان و باوکان و قەشەکان و خودی مامۆستاکان و کادیرانی ناو کایەی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر نەوەی نوێدا دەیانسەپاند، واتا بوو بە یاسا، کە ئیدی بۆیان نەبووە سزای رۆحی و جەستەیی بەسەر کچەکان و کوڕەکاندا بسەپێنن.
کەواتە گەیشتنە ئەو بڕوایەی، کە هەر منداڵێک و مێرمنداڵێک و گەنجێک بۆی هەبێت سکاڵا دژی دایکان و باوکانیان تۆمار بکەن، بگرە تا ئەو رەوشە هاتە کایەوە، کە لایەنی پەیوەندیدار لەناو دەزگای دەوڵەتداری و پەروەردەدا، قوتابییانی ستەمدیدە و ئازارچەشتوو بە دەستی دایکان و باوکانی خۆیان، بە بڕیاری فەرمی بیانشارنەوە، نەکا وایان لێ بێت، کە لە باری جەستەیی و دەروونییەوە نەخۆش بکەون، چونکە لە روانگەی پەروەردەی تازەباودا، مەرجە هەر خانەوادەیەک وا بیر بکاتەوە، کە کچان و کوڕانی قوتابی، بەر لە هەر شت بنیاتنەری دونیایەکی تازەن، بگرە ئەوان فرزەندەکانی نیشتمان و خودی نەتەوەن!
خودی نووسینی ئەم کتێبەی (لە ستایشی دایکانی زەبووندا) بەو نیازە نووسراوە، کە بیسەلمێنم، چەندین سەدەیە و بگرە لە سەردەمانێکی بەر لە مێژوو، ژنان و کچان و رەگەزی مێیینە لەنێو ستەم و چەوسانەوەی دۆزەخێکدا دەژین، کە بەزۆر ناویان ناوە ماڵ و هێلانەی خانەوادە و خێزانی بەختیار، کە وا نییە، بەڵکوو من وام بینی و هەنووکەش وای دەبینم، لێرە و هەنووکە، کە خانەوادە یان ماڵ، قەڵای سەختگیری مێرانە و بەس!
دیارە لەم جۆرە خێزانانەدا دایكەكان لەبەردەم مێردەكانیاندا زۆر ترسنۆك و شەرمن و بێ ویستن، چونكە لەسەر ئاستی پەروەردەدا ملكەچیی ژنان بۆ پیاوان یەكێكە لە پایە توندوتۆڵەكانی خێزان ڕاگرتن.
لێرەدا گومانم لەوەدا نییە، كە دایكێكی ملكەچ و شەرمن و ترسنۆک، مەحاڵە بتوانێت كچ و كوڕی بە ویست و دڵئازا دروست بكات. من هەرگیز پێم سەیر نییە، كە ئەگەر دایكانی ئێمە تا ئەو ئاستە ترسنۆك و شەرمن بن و باوكەكانیش تا ئەو ڕادەیە بەزەبر و دڵڕەق و تۆقێنەر بن، ئەوسا نەوەیەكی ترسنۆك و ڕاڕا و بێ ویست گۆڕەپانەكان قەرەباڵغ دەکەن و هیچی دیکە.
دیارە ئەم مۆراڵە لە نەوەیەكەوە بۆ نەوەیەكی دیکە دەگوێزرێتەوە، دوا جاریش باوكەكان كێن، بێجگە لە كۆمەڵێک لە سوپاسالار و سەركردەی زاڵ، كۆمەڵێک لە باوكانی دەمارگیر، كە نازانین چۆنچۆنی خۆمان لە سزا و تۆڵەیان بپارێزین؟
من لێرەدا رستە پەندئامێزەکەی (تۆلستۆی)، رۆماننووسی رووسیایی بە یادی ئێوە دێنمەوە، کە وەک راستیی پێدراوێک و بەر لەوەی یەکەمین رستەی رۆمانەکەی (ئانا کارنینا) بخوێننەوە، نووسیویەتی: "هەر هەموو خێزانە بەختیارەکان لە یەکتری دەچن، بەڵام خانەوادە بەدبەختەکان هەرگیز لە یەکتری ناچن". واتا پانتایی تراژیدیا و دراما و کارەساتەکان جۆرەهان و گەلێک زۆرتر و ئاڵۆزترن لەو خێزانانەی گوایە بەختەوەرن، کە ئەگەر لێی ورد ببینەوە، راستییەکی حاشاهەڵنەگرە.
با پێکەوە بەدوای ئەو فلمە سینەماییانەدا بگەڕێین، کە پەیوەستن بە کێشە و گرفتەکانی ناو خانەوادەکان، یان ژمارەیەکی زۆر لەو دراما و زنجیرە و سیریالانەی، کە خێزان تیایدا گۆڕەپانێکی بەربەرینتری داگیر کردووە، بە بەراورد لەتەک خێزانە خۆشبەختەکان، ئەوەندە زۆرترە، کە بڕوامان بەوە بێت، کە خانەوادە کانگای بەشمەینەتی و کۆی گرفت و کێشە هەمیشەییەکانی بەدحاڵیبوون و ستەمە!
-basnews