سەردەمیی میدیای تاریک
ئارام قادر حەمەسور

لەم سەردەمەدا میدیا دەتوانێت گەورەترین کاریگەریی پۆزەتیڤ و نێگەتیڤ درووست بکات، هێزی نەرمیی میدیا دەتوانێت شەقام گەرم بکات، لەلایەکی تر دەتوانێت گەورەترین تاوانە کۆمەڵایەتییەکان بچووک بکاتەوە و دایان پۆشێت. لەبەر ئەوەی ئێستا میدیا کاریگەرە و توانای جوڵاندنی کۆمەڵگە و دەسەڵاتی هەیە.

لە کۆمەڵگەدا میدیا دەبێت هێزی چوارەم و ڕێکخراوە مەدەنییەکانیش هێزی پێنجەم بن، ئەمانە تەواوکەری سێ هێزەکەی ترن کە حکوومەت و پەرلەمان و دادوەرین. لەهەر کۆمەڵگەیەکدا هێزی چوارەم و پێنجەم کارابوون ئەوا کۆمەڵگەیەکی هۆشیار و چالاک درووست دەبێت.

لەم چەند ساڵەی کۆتاییدا تاوانە کۆمەڵایەتییەکان لە هەرێمیی کوردستاندا زۆر بوون، بەتایبەتی کووشتنی ئاسایی. جۆری کوشتن و هۆکاری کوشتنەکان و کەسایەتیی بکوژەکان جێگەی پرسیار و شیکاریی زۆرن، جێگەی شۆکبوونن بۆ هەمووان. هەر کاتێک تاوانێکی کووشتن ئەنجام دەدرێت هەمووان ڕاستەوخۆ داوای کووشتنەوە و لەسێدارەدانی بکووژەکە دەکەن، ئەمەش جێگەی پرسیارە و مایەی نزمی هۆشیارییمانە. چونکە دەبێت ئێمە خوێندنەوەی سۆسیۆلۆژی و سایکۆلۆژی بۆ بکوژەکە بکەین، ژینگەی بکوژەکە شیکار بکەین، تا هۆکاری تاوانەکە بزانین، نەک بە حەماسەتی کاتییەوە داوای لەسێدارەدانی بکوژ بکەین.
 لە ئێستادا بوونی سێدارە بۆ تاوانەکانی کووشتن چارەسەر نییە و خۆدزینەوەیە لە هۆکارە سەرەکییەکان.

هۆکاریی سەرەکیی زۆر بوونی تاوانەکان، لاوازیی حکوومەت و دەسەڵاتیی دادوەریی و دەستیی حیزبە لە دەزگاکانی پۆلیس و دادوەری. لەپاڵ هۆکارە سۆسیۆلۆژی و سایکولوژییەکان هۆکاری سیاسیی گەورەترین کاریگەری هەیە. 

ڕاگەیاندن وەک هێزی چوارەمی کۆمەڵگە نەیتوانیوە خوێندنەوەی زانستی بۆ  تاوانە کۆمەڵایەتییەکان بکات، زۆریان بەبەرنامە نایانەوێت هۆکاریی تاوانەکان و جۆرەکانیی تاوانەکان دیاریی بکەن. گەر لە ڕابوردوودا میدیا ئازایانە ڕووداوە کاریگەرەکانی کووشتنی شیکار کردبا، ئێستا کاریگەری دەبوو لەسەر کەمکردنەوەی تاوانەکان.

میدیاکان بۆ ئایدۆلۆژییا سیاسیی و حیزبییەکەیان ئامادەن هەفتەیەک خەون و خەیاڵاتی حیزب بە با بکەن و وەهم بڵاو بکەنەوە و تەجمیلی حیزب بکەن، بەڵام ئامادە نیین دەزگا بەرپرسەکان و پسۆڕانی بواری تاوانناسیی بانگهێشت بکەن بۆ دیارییکردنی هۆکارەکانی تاوان. 
بەگشتی میدیایەکی تاریکمان هەیە و ڕۆژانە تاوانە گەورەکان دادەپۆشێت و کووشتن دەکاتە شتێکی قسە لێ نەکراو. بەردەوام کۆمەڵگە سەرقاڵ دەکات بە ڕووداوە بچووکەکان و خەمە گەورەکانیش دادەپۆشێت. میدیای ماشێنێکی گەورەیە بۆ سەرقاڵکردنی کۆمەڵگە و بیربردنەوەی خەمە گەورەکان. ئەمەش بۆ بەرژەوەندی سیستەمە خێڵەکییەکەی دەسەڵاتە.

میدیا بە بینراو و بیسترا و نوسراو و ئەلیکترۆنی دەوری نێگەتیڤی هەیە و هۆکاری تاوانەکان تاریک دەکات، ئەم میدیایە سەرچاوەیەکی سەرەکی تێکدانی ئاشتیی کۆمەڵایەتییە و هۆکاری تاوانەکان دەشێوێنێت. دەبێت میدیا تاوانێکی کووشتن بکاتە کەیسێک و ئازایانە هۆکاری تاوانەکە دیاری بکات و بەرپرسیارییەتی حکوومەت دەربخات، نەک بە کورتە هەواڵێکی پێنج خولەکی خۆی بدزێتەوە. 
ئێمە لەسەردەمی میدیای تاریک دەژین، میدیای زۆر و کاریگەری کەم.


ئاوێنه‌ 

AM:10:41:20/08/2019