قسە و قسەڵۆک کەمبێتەوە، ژنیش سەلامەت دەبێت
به‌هره‌ حه‌مه‌ڕه‌ش

ئیدیۆمێکی کوردەواریانە هەیە، دەڵێت "لۆمەی خەڵک، لە عەزابی قەبر گرانترە" ئەوە دەرخەری واقیع و وابەستەبوونی کۆمەڵی ئێمەیە، لە گرنگیدان بە قسەوباس و بڵاوبوونەوەی دەنگۆ، ئەگەر بێ بنەما و ناڕاستیش بێت. لە بەدواداچوون بۆ زۆر لە کەیسەکانی کوشتنی ئافرەتان، دەبینین کە تاوانبار باس لە "عەیبە، شەرم شوورەیی، رووی مەجلیس و دانیشتنم نەبوو"، دەکاتە بیانووی تاوانەکەی.
 
جارێکیش دایکی کچێک، کە لەلایەن براکەیەوە کوژرا بوو، هاواری دەکرد و دەیگوت: "دەر و جیران کچەکەمیان بەکوشتن دا".
 
دەبێت بزانین زۆربەی کوشتنی جەستەیی ئافرەتان، سەرەتا لە کوشتنی مەعنەوییەوە دەست پێدەکات. ئەم کوشتنە مەعنەوییەش تاوانباری دەستەجەمعی هەیە. هەمووان راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ، بە ئاگا یان بێ ئاگا، لە رێگەی قسەوقسەڵۆک و لێدان لە کەسایەتی مرۆڤەکان، لەم تاوانەدا بەشدارن، چونکە کاتێک کەسایەتی کچێک یان خانەوادەیەک، دەخرێتە بەر قسە و باسی بێبنەما و ژیانی ئەوان شەن و کەو دەکەی، ئەوە زەمینە خۆشکردنە بۆ سڕینەوەی جەستە و سەردەستکردنی نەریتی باو، کە عەیب و عاری خەڵكی پێدەڵێن.
 
باسکردن لە "عەیب و عاری خەڵك" یان قسەوقسەڵۆک نەریتی کۆمەڵ و کەسە دواکەوتووەکانە، بۆی هەیە دوو کەس یان زیاتر رۆژانە چەندین کاژێر لە باسکردنی ئەم و ئەو بەسەربەرن، بەبێ ئەوەی سوودی بۆ کەس هەبێت و بەرهەمی دیار بێت، یانیش ئەو کەسە هیچ پەیوەندییەکی بە ژیانی ئەوانەوە هەبێت.
 
لە کۆمەڵگەیەکدا، کە زۆرینەی مرۆڤەکان، ئەوەندە بێ ئاگان لە ژیان و گرنگیدان بەکات و قۆستنەوەی لە خزمەتی خۆیان، لە جیاتی ژیانی خۆیان خەریکی ژیانی خەڵكن، تاوانە کۆمەڵایەتییەکان زۆر دەبن، چونکە هۆشیاری کۆمەڵایەتی لەو پەڕی لاوازیدایە. لەم جۆرە کۆمەڵگەیە یاسا بەتەنیا ناتوانێ رۆڵی لە کەمکردنەوەی تاوانەکاندا هەبێت، بەڵکو دەبێ زەمینەسازی لە رێگەی هەڵمەتی هوشیارکردنەوە ئەنجامبدرێت. باسکردنی کەسایەتی خەڵك بکرێتە شەرم و عەیبە. لە جیاتی قسەوقسەڵۆک هەمووان سەرقاڵی ژیانی خۆیان و بەڕێوەبردنی کار و ئەرکەکانیان بن. بەمجۆرە هەم کۆمەڵ رەوتێکی راستتر و هەم کەسەکان بەرهەمدار دەبن، چونکە وزە و توانای کەسەکان لە شوێن و کاتی هەڵە بەکاردێت!
 
بێکاری و دەست بەتاڵییەکی کوشندە لە کۆمەڵگەدا بڵاوە، بەئاستێک ئەوانەی کە ناونیشانێکیشیان هەیە دەست بەتاڵن. زۆر لە فەرمانبەرانی حکومەت تا دەگاتە بەڕێوەبەرەکان و ئاستی باڵاتر، لە زۆربەی دامودەزگاکان بێکار دادەنیشن. کاتەکەیان بە قسەوقسەڵۆک و باسکردنی ئەم و ئەو بەسەردەبەن. کاتێک ئەوان کار و بەرهەمێکیان هەبوو بۆ سەرقاڵبوون، ناپەرژێنە سەر ژیانی خەڵك، چونکە کاتێک جەستە لە پشووی بەردەوامدابوو مێشکیش تەمبەڵ دەبێت و بۆ شتی ئاسان و ئیسراحەت دەگەڕێت. 
 
ژن کوشتن لەم کۆمەڵگەیە فرە رەهەندە، هۆکارەکانی لەوە گەورە و ئاڵۆزترن کە باس دەکرێن. کەمکردنەوە و بنبڕکردنی کاری فرەلایەنی پێویستە. هەر لە ماڵەوە تا بەرزترین ئاستی دەسەڵات و شوێنی کار. تا عەقڵیەتی قسە و قسەڵۆک بەردەوام بێ ژن کوشتن و چەوساندنەوەی ئەم رەگەزە بەردەوام دەبێت. کەمکردنەوەی ئەم نەریتە باوە لەڕێگەی بەرزکردنەوەی ئاستی هۆشیاری تاکەوە دەستپێدەکات، ئەمەش ئەرکی کەناڵەکانی پەروەردە (مزگەوت، قوتابخانە، حیزب، رێکخراوەکان و کۆمەڵگەی مەدەنی)یە.




رووداو 
AM:06:11:26/09/2019