ژن و ئایندەی سیاسی
نیگار عومەر

كاتێك باس لە بەشدار بونی ژن دەكەین وەك كاراكتەرێكی چالاك لە مەیدانی سیاسەتدا هەمیشە دەبێت مێژوو لەیاد نەكەین ، دەبێت پەڕەی یەكەمی  دەستپێكی سیاسی هەڵبدەینەوە بزانین  ژن چۆن ڕۆڵی كاریگەری  هەبووە لە بەرەوپێشچون و نەخشاندنی جیهانی سیاسی ، ئەو كاتەی  كە ژن نەیدەزانی سیاسەت چییە وەك چەمك ، بەڵام كاری دەكرد بۆ پاراستنی هاوسەرو براو باوك و ئەو پێشمەرگە گیان نەویستانەی لە شاخەكان بون ، وە زۆربەی كات نامەبەر ژن بووە ، كە گیانی خۆی خستۆتە سەردەستی بێباكانە لەژیان ، بیریشمان نەچێت كە ژنان وەك كاری ڕێكخستن لەناو دەستە نهێنییەكانی ناو شاردا ڕۆڵی خۆیان بینیوە ،هەمیشە پاڵنەری ژن بۆ كاری سیاسی لەو ڕۆژگارەدا خۆشەویستی و گیان فیدایی بووە جا بۆ خاك بوبێت یان بۆ ڕۆڵەكانی ، وەداستانی زۆر گەورە لەو شێوازە لە شۆڕش كردن كە بێگومان تا ئێستا لەناخی چەندەها ژندا پەنگی خواردۆتەوە هەر لەناخیدا بۆتە مێژوو بەڵام نەنوسراوەتەوە ، بەلەَكو تەنها دەماودەم لەناخی خۆی دەركردوە بۆ كەسە نزیكەكانی تا تۆزێ‌ ئارامی بەدەرونی بگات .


پێشكەوتنی هەر ووڵاتێكیش  ڕۆڵی كاریگەر دەگێڕێ‌ لەهاتنە پێشەوەی ژنان لە كایەی سیاسەتدا وەك چۆن لە هەمو بوارەكانی تردا كاریگەرە ، لێرەوە ئەوە بەرجەستە دەكەین كە ژمارەی ئەو ژنانەی  كە لەدەسەڵاتدان لەووڵاتە پێشكەوتووەكاندا زۆر زیاترە لەهەر ووڵاتێكی تركە پێشكەوتنی  كۆمەڵ تیایدا یاخود بڕوابون بە تواناكانی ژن سنوردارە ، چونكە بیركردنەوەی تاك پەیوەستە بەسیستمی بنچینەیی پەروەردە كردنی تاك كە لە دایەنگاوە كەسایەتی دەنەخشێنرێت ، كاتێك ئەو تاكە هاڕێكەی قبوڵ دەكات وەك مرۆڤ بێ‌ گەڕانەوە بۆ هزری جوداكردنەوە لەسەر بنچینەی ڕگەز یاخود ڕەنگ ، ئەو كات ئەو تاكانە بەگشتی كێشەیان نابێت لەوەی بڕیار بدەن لەسەر لەسەر بنچینەی هێزو بڕوا عەقڵییەكانی پەیوەست بە تواناو لێهاتویی تاك ئەگەر ژن بێت یاخود پیاو ، لێرەوە دەگەینە ئەو ڕاستییەیی كە ئەوە سیستمی پێكهاتەی كۆمەڵ و سەرجەم  دام و دەزگاو كایە كۆمەڵایەتیەكانە ڕۆڵ دەبینێت لە هاتنە پێشەوەی ژن وەك كاراكتەرەێكی ڕاستەقینەی كایەی سیاسی نەك وە نمایشكارێك بۆ ڕازاندنەوەی تەختی شانۆ گەورەكەی ژیان .


 بەڵام نابێت بیری بكەین كە هێشتا ژن  وەك تاك ڕۆڵی خۆی ون نەكردووە بۆ ڕاماڵینی سەرجەم ئەو لەمپەرانەی كە ڕوبەڕوی دەبێتەوە لەساتی بڕیار دانی بۆ دەست برن بۆ كایەی سیاسی ئەگەرچی ڕۆژانە لە ململانێی سەختیشدا بێت لەدژی بیركردنەوە كۆنە پەرستەكان ، قۆرخكاریش یەكێكە لەو ڕێگریانەی كە ژن ڕۆژانە لەدژی دەجەنگێت ،ئەگەرچی ئەو شێوازە لە جەنگ و ڕوبەڕوبونەوە زۆرجار ئاكامێكی باشی نابێت بەڵام نابێت لەیادی بكەین كە ژیان خۆی لەخۆیدا ململانێیە دواجاریش سەركەوتو ئەو تاكەیە كە لە هەوڵ ناوەستێ‌ بۆ بەدەستهێنانی ئامانجەكانی ، دواتر ئەوە ژن نییە بە تەنها كە لە مەیدانەكە  هەوڵ  دەدات بۆ بردنەوەی گرەوی سەركەوتن بەڵكو پیاویش هەمان ڕێچكەی هەیە وە بیریشمان نەچێت ئەگەر ئەو ململانێیە جارێك سەخت و دژوار بێت  سەدبەرامبەر بۆ ژن سەخت دەبێت ، كەواتە ئەوە ژنە پۆڵایینەكانن دەتوانن جێگەی خۆیان بكەنەوە لەو مەیدانەی شەڕەداو دەتوانن بەردەوام بن ، بێگومان كەوتنیشی هاوتا دەبێت بەڵام هەستانەوەی ئازایانەی بەدوادا دێت .


هیچ كاتێك پیاو بە تەنها ناتوانێت بە تەنها تەرازووی ژیان ڕابگرێت لەهیچ بوارێكی ژیاندا نەك بەتەنها بواری سیاسی ، هەر بۆیە ئەكەر ژن لەڕوی بەشداری سیاسیەوە لاواز بێت پێش هەمو كەس بەرۆكی پیاوان دەگرێتەوە ، هەر لەو ڕوانگەیەشەوە سیستمی كۆتا دروست بووە لەزۆرێك لە ووڵاتە پێشكەتووەكان كاری پێ‌ دەكرێت ، تا تەرازووی جێندەری لاسەنگ نەبێت ، وە جێگەی داخە  بۆچونێك هەیە لەسەر ئەوەی كە ئەو سیستمە  بە سیستمی خێر دەزانێ‌ بەناڕەوا لە قەلًەمی دەدا ئەم بیرەش هەر پەیوەست نیە بە پیاوان بەڵكو هەندێ‌ لە ژنانیش بەخێری دەزانن و ڕەتی دەكەنەوە ئەم بابەتە زۆر هەڵدەگرێ‌ لەداهاتودا بابەتێكی تایبەتی لەسەر دەنوسم .


چاودێر 
AM:03:13:06/10/2019