هەشت رۆژ لە رۆژئاوا
بڕیار نامیق


دوای ئەوەی لەکۆتایی بەشی یەکەمدا باسم لەوەکرد کە هەواڵ هات شەهید و بریندارەکانی سەرێ کانی دێنە قامیشلۆ، شەو داهات بارانێکی بەلێزمە دەستی پێکرد، لە شەقامەکانی قامیشلۆ لافاو هەستابو، بەڵام نەبوە هۆی پەکخستنی هاتوچۆ.


تێبینم کرد، ئاوەڕۆی شەقامەکان باراناوەکەیان بەباشی گل دەدایەوە چەند خولەکێکی کەمبو من لەتەلتەمەرەوە گەشتبومەوە قامیشلۆ، لە تەلتەمەرەوە بە تاکسییەک هاتبومەوە، هێندەی نەبرد لە رێگەی هەڤاڵێکەوە ئاگادار کرامەوە بریندار و شەهیدەکان گەیشتنە نەخۆشخانەکان بەسەر نەخۆشخانەی شەهید فرمان و نەخۆشخانەی خەباتدا دابەش ببون، نزیکەی (30) برینداربون چواریان هەر لە رێگە شەهیدببون، سەرجەمیان شەرڤان بون و لە شەڕ و روبەڕبونەوەی دوای ئاگربەستدا بریندار ببون، بۆیە برینەکەیان سەخت بو هەندێکیشیان لە ئەنجامی بۆردومانی تورکیا پێکرابون، دۆخی نەخۆشخانەکان شڵەژابو، بانگەوازی خوێنیان کرد.


ئەوەی بە رۆژنامەنوسان کرا هەریەک لە رێگەی دەزگاکانی خۆیانەوە بانگەوازیان کرد کە نەخۆشخانەکانی قامیشلۆ پێویستیان بەخوێنە، جگە لە کەسوکاری بریندارەکان خەڵکێکی زۆر هاتن بۆ بەخشینی خوێن، بەهۆی ئەو بارودۆخەوە نەیانهێشت بچینە ناو نەخۆشخانەکان، تەنها لە دەرەوەی نەخۆشخانەکان بۆمان هەبو روماڵ بکەین، شەڕڤانێک لەگەڵ بریندار و شەهیدەکان گەڕابوەوە، چیرۆکێکی تراژیدی گێڕایەوە، سەرباری گریان و هاواری سەرەتا، دوای کەمێک چەند هەڤاڵێک دڵنەواییان دەدایەوە لەبەرامبەر نەخۆشخانەکەدا لەژێر چەرداخی دوکانێکدا دانیشت و داوای داگیرساندنی جگەرەیەکی لە هەڤاڵان کرد لەڕێگەی هەڤاڵێکەوە داوامکردکەمێک قسەی لەگەڵ بکەم، تا بارودۆخی ناو سەرێ کانی لەسەر زاری خۆیەوە بییستم.


دوای ڕاگەیاندنی ئاگر بەست، ئاگاداریان کردمەوە بەبێ کامێرا بچمە لای، کاتێک پرسیم دۆخی ئێوە چۆن بو ئەو بەدەم خەمی شەهید بونی هاوڕێ شەڕڤانەکانی وتی: ئەوە داگیرکارە دڕندانە پابەندی ئاگر بەست نابێت، بەردەوامن لە هێرش و بۆردومان.


لەبارەی بەرخۆدانی شەڕڤانانەوە پرسیم، زۆرجار بێدەنگ دەبو چەند جارێک دوپاتم کردەوە، لە وەڵامی پرسیارەکەمدا وتی: شەڕڤانان لە دوای ئاگربەست شەڕی فیدائیان دەکرد، ئێمە لە دو گەڕەکدا بوین لە بەشی رۆژهەڵاتی سەرێ کانی، ئەو ئێوارەیە هێرش و بۆردومانێکی زۆرمان لەسەر بو، چەک و جبەخانەکانی ئەوان جگەلەوەی بێشوماربون، درێخیان نەدەکرد لە بۆردومانی بەردوام، لەبەرامبەردا چەکی شەرڤانان کە شەڕێکی نابەرامبەربو، ئەو شەوە لەو (20) شەڕڤانەی مابوینەوە تەنها من و هاوڕێیەکی شەڕڤانم ماینەوە، ئەوەندەی توانیمان تەرمی شەڕڤانە شەهیدەکانمان لەناو خانویەکدا کۆکردوە، جگەلەوەی گەمارۆی سەرێ کانی رێگەی هەمو هاوکارییەکی مرۆیی و پزیشکی و تەنانەت سەربازیشی لە ئێمە گرتبو، ئێمە ئەو شەوە بەدیار تەرمی ئەو (18) شەڕڤانە شەهیدە رۆژمان کردەوە بەدەم هەناسەیەکی قوڵەوە وتی: ئەوە چی ویژدانێک و چی مرۆڤایەتیەکە، کاتێک ئێمە بێ نان و ئاو بێئەوەی هیچ هاوکارییەکی سەربازی روبەڕوی ئەو هێرش و پەلامارانەی ئەو داگیرکەرانە ببینەوە.


دەمویست پرسیاری زیاتر بکەم، بەڵام ئەوە ئیتر زۆر گرنگی بە پرسیارەکان نەدەدا، سەرباری ئیرادەی زۆری خۆی، بەڵام بینینی دیمەنەکانی شەڕی سەرێ کانی لەو ماوە کورتە شەکەتی کردبو، کەمێکی نەبرد لەناو نەخۆشخانەکە بانگیان کرد.


من چومەوە بەردەم لێزمەی بارانەکە، خەمی ئەوەشم بو زیان بەر کامێرا و پێدایستیەکانم بگات، ناچار بوم کامێرا و پێداویستیەکان بخەمە ناو کۆڵەپشتەکەمەوە، تا درەنگانێک لەوێ مامەوە، گوێم لەو چیرۆکە تراژیدیانە دەگرت کە لەزاری کەسوکاری شەهید و بریندارەکانەوە باسیان دەکرد، باوکی یەکێک لەو شەڕڤانانە بێ ئاگابو لەوەی یەکێک لەو چوار شەڕڤانەی شەهید بون کوڕی ئەوە، هەر دەیگوت ئامادەم هەرچی خوێنی جەستەمە بیبەخشمە کوڕەکەم و هاوڕێیەکانی، بەڵام کات ئەوەندەی نەبرد بەهۆی سۆراخی بەردەوامی باوکی بۆ کورە شەڕڤانەکەی پێیانڕاگەیاند: کوڕەکەی ئەو شەهید بوە، ئەم چرکەیەی کە ئێستا من دەیگێرمەوە بەنوسین ئاسانە، دەبێت دیمەنی تراژیدی ئەو پیرە باوکە خۆت بیبینیت، چۆن بەرگەی بگریت، ئەو هاواری دەکرد هێشتا ئازاری شەهیدبونی کوڕێکی تری ساڕێژ نەبوە کە لەشەڕی روبەڕوبونەوەی داعشدا لە کۆبانێ شەهید ببو.


کەسوکاری ئەو شەهیدانە بەردەوام بیریان لەلای بەرخودانی ئەو شەڕڤانانە بو بۆ پارێزگاریی کردن لە نیشتیمانەکەیان، گوێم لێ بو باوکی ئەو شەهیدە دەی وت دوای شەهید بونی هەردو کوڕەکەم، ئامادەم بەهەمان چەکی ئەوان بڕۆمە سەرێ کانی بۆ بەرگریی کردن، ئەمە لەو ساتەوەخەتەدا هەر کەس ئاوا روبەڕو ئەو دیمەنانەی ببینیایە بەرگەی نەدەگرت، لەگەڵ گریان و ناڵەی ئەو باوکە جەرگ سوتاوەدا نەگری.


ئەو شەوە یەکێک بو لەشەوە تاڵ و ناخۆشەکانی من لە قامیشلۆ کات دەرنگی کرد داوایان لە ئێمەکرد بەردەم نەخۆشخانەکە چۆڵ بکەین کە رۆیشتمەوە شوێنی حەوانەوەم نەمدەتوانی زاڵ بم بەسەر نەفسی خۆمدا تا درەنگانێکی شەو من بەتاسەی ئەو باوکە شەهیدەوە چیرۆکی راستەقینەی ئەو شەڕڤانەدا رۆژم کردەوە.




سبه‌ی‌ 
AM:06:05:24/10/2019