كۆتا و دژه‌ كۆتا
كۆسار كه‌ریم رۆژ


کۆتا لە بنەمادا وشەیەکی لاتینیە، سیسته‌مێکە بۆ دەستەبەرکردنی مافی کەمینەکان، لە نێو چینەکانی کۆمەڵگە جیاوازەکاندا، بەتایبەتی لە نێوان ژن و پیاودا. ئەم سیستەمە لە کۆنگرەی چوارەمی جیھانی بۆ ئافرەتان لە بەیجین ساڵی 1995 پێشنیاز کرا وەک چارەسەرێک بۆ بەشداریکردنی ئافرەتان لە ژیانی سیاسی و پێگەکانی بڕیارداندا، بە دیاریکردنی رێژەیەکی دیاری کراو لە پەرلەمان و ئەنجومەنە ھەڵبژێردراوەکاندا، کەمتر نەبێت لەو ژمارەیەی کە بە پێی یاسا دادەنرێت. چەند لێکۆڵینەوەیەک ئەنجامدراوە ئاماژە بە ھەشتا وڵات دراوە کە ئەم سیستەمە جێبەجی دەکەن وەک: ئەفریقیا (باشووری ئەفریقیا،غانا، رواندا، بورکینافاسۆ)، ئەمریکای لاتینی (ئەرجەنتین، بەرازیل، مەکسیک)، ئەوروپا (ئیسپانیا، بەلجیکا، بەریتانیا بە سیستەمی یەکسان بە پێی ناوچە جێبەجێی دەکات)، لە ئاسیاش (بەنگالدیش، پاکستان، سریلانکا، فلیپین، ئەندەنوسیا) پەیڕەوی دەکەن. 


سەبارەت بە وڵاتانی عەرەبی ئاماژە بە میسر، تونس، مەغریب، ئەردەن، سودان دراوە. لە تونس بە شێوازێکی دادوەرانە جێبەجێدەکرێت، لە عێراقیشدا ئەم سیستمە ھەیە بە رێژەی %25، لە ھەمانکاتدا ئاماژە بە ھەرێمی کوردستان کراوە کە بە پێی یاسای ھەڵبژاردنەکان لە پەرلەمانی کوردستان رێژەی 30% چەسپێندراوە بۆ ئافرەتان، کە ئەمە یارمەتیدەر بووە بۆ پێگەی عێراق لە بەشداری ئافرەتان لە ئەنجوومەنە ھەڵبژێردراوەکاندا.


ئەوەی جێی باسە ئەم سیستمە کاتییە بۆ ئەوەیە، کە پێگە و تواناکانی ژنان بزرنەبن و رۆڵیان ھەبێت لە ناو گشت کایەکاندا، بۆ قۆناغی ئێستای کوردستان پێویستیەکی کۆمەڵایەتیە بۆ گەیشتن بە یەکسانی، نەک تەنھا داواکارییەکی ئافرەتان بێت. بەڵام دوو رای جیاواز ھەیە کە پێیان دەگوترێت لەگەڵ کۆتا و دژە کۆتا. ئەوانەی لەگەڵ بوونی رێژەیەکی دیاریکراون بۆ ئافرەتان زۆرتر ئەو کەسانەن، کە لە کرۆکی کێشە و ئاستەنگەکانی بەردەم پێشکەوتنی ژنان بە شێوەیەکی ئەکادیمی و واقعیانە روونکردنەوە و تێگەیشتنیان ھەیە و لەم سۆنگەیەشەوە بە گرنگ و پێویستی دەزانن بۆ بەشداریەکی کارای ئافرەتان رێژەیەکی دیاری کراو ھەبێت بۆ خستنەڕووی کاریگەری رۆڵیان لە نێو کایە سیاسی و کۆمەڵایەتی و ئابوورییەکاندا. ھەرچی ئەو خانمانەی کە دژی ھەبوونی سیستمی کۆتان دوو لێکدانەوەیان ھەیە، پێیان وایە ئەگەرچی ژن بەتوانا و لێھاتوویی خۆیەوە بگاتە ھەر پێگەیەک، بەڵام ھەمیشە ئەو دیوارەی بۆ دروستکراوە و ئاماژەی بە کۆتا پێیگەیشتنی بۆ دەکرێت وەک ئەوەی خێرێکی پێکرابێت، ھەروا لەو بڕوایەدان زۆربەی ئەو ژنانەی لە رێگەی کۆتاوە دەچنە ناو ئەنجوومەنە ھەڵبژێردراوەکان کەسانێکن شارەزاییان لە سیاسەت بە گشتی و پرسەکانی ئافرەتان بەتایبەتی نییە و نوێنەرایەتیەکی راستەقینەی کچان و ژنان ناکەن. بێگومان ئەم بۆچوونانەی لەگەڵ بوونی کۆتا و دژی کۆتا بۆ ئافرەتان ھەردووکیان تەواون، یەکەمیان بە واتای ھەبوونی بۆشاییەکی بەرچاوی لاسەنگی جێندەری لە حوکمڕانی ھەرێمی کوردستان، دووەمیان پڕکرنەوەی رێژەی کۆتاکەیە بە کەسانی پێنەگەیشووی فکری لە بابەتە چارەنوسسازەکاندا  بە دڵنیاییەوە ئەم بۆچوونە رەھا و گشتگیرنیە.


نمونەی ھەڵوەشاندنەوەی لیژنەی داکۆکیکردن لە مافەکانی ئافرەتان لە پەرلەمانی کوردستان لە خولی پێشوودا پشتڕاستکردنەوەی بۆچوونی دژە کۆتاکانە، بە سوپاسەوە بۆ سەرۆکایەتی و فراکسیۆنەکانی ئەم خولە نوێیە بۆ جارێکی تر سەربەخۆییاندایەوە بەم لیژنە گرنگەی پەرلەمان، ھەروەھا دەربارەی دەزگایەکی تایبەتی بە پرسەکانی ئافرەتان ھەمان ئاڕاستەی دژە کۆتاکان ھەیە، بەو پێیەی بوونی دەزگایەک جیاکردنەوە و سنووردارکردنی ژنە لە پیاوان لە لایەک، ھەروەھا لە لایەکی ترەوە لێکدانەوەی ئەزموونی دەزگای یەکسانی و وەزارەتی ھەرێم بۆ کاروباری ئافرەتان و بە دوایدا ئەنجومەنی باڵای کاروباری خانمان وێنایەکی ئەرێنیان پێشان نەداوە و نەیان توانیوە خۆیان بسەلمێنن و ببنە وەسیلەیەکی ئەوتۆ لە پێناو دۆزە رەواکانی ژناندا، بێگومان ھەریەکە لەم دەزگایانە ھۆکار و ئاستەنگی تایبەت بەخۆی ھەبووە لە بەرامبەر کۆی گشتی ئەو رەخنانەی کە لەسەریان ھەیە، بۆیە وا باشترە تفەنگ بە تاریکیەوە نەنرێت. 


لێرەدا پاکتاوکردن بۆ رەواندنەوەی ئەو رەشبینیەی کە ئەم ھزرە دژیەکەی دروستکردووە لە ئاست پێگە و تواناکانی ئافرەتاندا، چەسپاندنی رێژەی %30 کۆتای ئافرەتان لە دەزگا جێبەجێکارییەکاندا بە دانانی کەسی شیاو بۆ شوێنی شیاو، بە پشتبەستن بە رێککەوتننامەی سیداو کە پێداگیری دەکات بە ھەبوونی سیستمی کۆتا بۆ ئافرەتان لە دەستوور و یاساکانی تایبەتی وڵاتاندا، ھەروەھا ھەبوونی دەزگایەکی بەھێز و پاڵپشتی کردنی لە لایەن رێزدار جەنابی سەرۆکی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و ئەنجومەنی وەزیران دوور لە پاوانخوازی و قۆرخکاری و جیاکاری، کە جێی متمانەی ژنان و کچان بێت، ببێتە پردێکی پەیوەندی بەھێز لە نێوان کۆمەڵگە و حکومەت لە پرسە ھەنووکەیی و ھەمیشەییەکانی ئافرەتاندا. 




K24
AM:02:27:26/10/2019