خەندەدار نییە
كاژاو جه‌مال

سكاڵا تۆماركردن لەسەر هەردوو نوسەر (ئارام سدیق، زانیار محمەد) و پەلكێشكردنیایان بۆ بنكەی پۆلیس بەهۆی نوسینێكیانەو، هەرچەندە زۆر كەس وەك بابەتێكی نوێ و گاڵتەجاری و كۆمیدی چاویانلێكرد، بەڵام لەراستیدا شێوازێكی كونی سەركوتكردنی ئازادی رادەربرینە، رەنگە ئەوەی نوێ بێت  دەركەوتنی رووی داماڵراوی ئەو تویژە لە نوسەرانە كە هەمیشە لە پشت ماسكەكانیانەوە یاری دەكەن.

نوسین و پۆلیس
ریشەكانی نوسین و پۆلیس زۆر لەوە بەرفراوانترو قەدیمترن لەوەی لەم كورتە نوسینەدا بتوانین باسیان لێوە بكەین. من تەنیا دەمەوێت چەند سەرە دێرێك لەمێژویەكی نوێی خۆمان لەو جەگرافیەدیاریكروەدا باس لێوەبكەم.

لەسەردەمی بەعسدا كۆمەڵەگەنجێك لە زیندانەكانی ئەمنە سوورەكە دەرگامان لەسەر كڵۆمكرابوو، تەنیا تاوانێك كە ئێمەو هەزاران گەنجی تری وەك ئێمەكردبووی خوێندنەوەبوو( بۆیە دەڵێم خوێندنەوەو ناڵێم كتێب چونكە تەنانەت شانسی ئەوەشمان نەبوو زۆرێك لە كتێبەكان بخوێنیینەوەو تەنیا بە دەستنوس دەكەوتنە بەردەستمان). بەڵێ تەنیا تاوانمان خوێندنەوەبوو، ئاخر نەچەكێكمان هەبوو نەلە جبەخانەیەك گیرابووین نەلەبەرەی شەردابوین تەنانەت هیچ كام لە ئێمە چەقۆیەكی خەیار پاكردنیشی پێوەنەگیرابوو، تەنیا بەڵگەی تاوانباریشمان ئەو نوسین و كتێبانەبوو كە لەماڵی باوكمان دۆزرابونەوە...

وەك چۆن ئێستا هەندێك كەس دەڵێن  ئەوە كەی  رەخنەی ئەدەبیە، ئەوە نوسین نییە ئەوە جنێوە، ئەوە نوسین نییە ئەوە ناوزراندنە، ئەوە نوسین نییە ئەوە فەوزایە ... ئەوساش لێكۆلەرەوەكانی بەعس وایان دەگووت: ئەمە نوسین نییە ئەمە بۆمبە، ئەمە نوسین نییە ئەمە بەرلێك هەڵوەشاندنی بەرەی نیشتمانە ئەمە خیانەتە ئەمە ئاژاوەگیریە... وشەكان و تاوانەكان هەمان ئەوشانەن بەكەمێك پاش و پێش خستن و شێوازی دەربرینی جیاوازەوە.

هەڵبەتە ئەم شێوازە لەدەسەڵاتی سیاسی دوای راپەرین و تائێستاش بەشێوازو ئاستی تر بەردەوامی هەیە، هەربۆیە فەزای گشتی و سیاسی ویاسایی رێگە بەوەها سكاڵایەك دەدات لە ئێستادا تۆماربكرێت.

ئەم كارەساتە و سەركوتەی سەرەوەلە نوسین و ئەدەبیشدا چەندان جار دووبارەبونەتەوە. بەبیرم دێت سادق جلال العەزم لە كتیبێكی چەند صەد لاپەرەیدا( زهنیەت التحریم) دەیویست بیسلمینێت كە (ئایاتە شەیتانیەكان)ی سەلمان روشدی كوفر نییەو ئەدەب و خەیاڵاتی ئەدەبیە، بەڵام دواجار ئیسلامیەكان فەتەوای كوشنیان بۆ سەلمان روشدی هەر بۆ دەركرد كە تا ئەمرۆش بەردەوامی هەیە.  

داوای"ئازادی بێقەیدو شەرتی رادەربرین" پێویستی بە شیكردنەوەو لێكدانەوە نییە، رستەیەكی زۆر سادەیە زۆر ساكارە، ئەگەر "شاعیر" نەبیت و خۆت و موزمەعیل نەكەیت.

" ئەهلی قەڵەم و شیعر و فیكر"
هەندێك كەس پرسیار دەكەن  چۆن دەبێت "ئەهلی قەڵەم" پەنا ببەنە بەر پۆلیس و دادگاو فشار بۆ وەڵامدانەوەی رەخنەگرانیان!
ئەمە پرسیارێكی بەرحەق و دروستە بۆكەسانێك كە واقعا ئەهلی قەڵەم و كتێبن، بەڵام لەراستیدا كەمتر توێژێك هەیەوەك توێژی "رۆشنفكری كوردی" خۆی زۆر لاپەسەندو بوغراو لەخۆبایی و فشەكەربێت لە راستیشدا ئەهلی هیچیش نەبن. هەرچەندە وەك مەنسور حكمەت دەڵێت رەنگە ئەمە خسڵەتی هاوبەشی رۆشنفكرانی هەندێك وڵاتانی تریش بێت. بەڵام لەو بروایەدانیم هیچ شوێنێك هێندەی "رۆشنفكرانی" كوردستان ئەم خەسڵەتانەی سەرەوەیان تیا بەرجەستە بوبێت.

نوسەری شیلی ( رۆبیرتۆ بۆلانیۆ) لە یەكێك لە رۆمانەكانیدا( لیكۆلەرە وەحشیەكان) باسی كارەكتەرێكی شاعیر دەكات، هێندە نارەحەت دەبێت لە رەخنەگرێكی شیعرەكانی، داوا لە رەخنەگرەكە دەكات ئەگەر ئازایە بێتە مەیدان بۆ ئەنجامدانی  شەرە شمشیرێك تا ئەندازەی كوشتنی یەكێكیان، كابرای رەخنەگریش رازی دەبێت بە ئەنجامدانی ئەوكارە( رەنگە ئەم روداوانە گەر لە رۆمانێكدا خەندەداربووبن، بەڵام بەرودانیان لە واقیعدا خەندەدارنییە). هەربەو پیەش سكاڵاكەی  سەر ئەو دوو نوسەرە خەندەر نییە.


AM:05:22:07/11/2019