هەموو شتێک بە مانگرتن، مانگرتنیش بە مەعنا
ئالان م نوری



مانگرتن لە کارکردن لە پێناوی چاککردنی بارودۆخی کار و ژیان، یەکێکە لە هێزە بزوێنەرە گرنگەکانی مێژووی هاوچەرخی مرۆڤایەتی و چەکێکی کاریگەری دەستی ئەوانەیە کە جگە لە کرێی هێزی کاریان هیچ سەرچاوەیەکی بژێوییان نییە و گەر بەدەستی دەسەڵاتداران بێت لە چاکترین حاڵەتدا بەشی نەمردن و رێنەگرتن لە خستنەوەی نەوەی نوێی کارگەر ، هیچ ئاستێکی دیکەی بژێوییان پێ رەوا نابینن.   



  

  

  

  

هەرچی مافێک ئەمڕۆ لەجیهانی پێشکەوتوودا بەردەستە، بە خود و کوالیتیی دێمۆکراسیشەوە، بەرهەمی مانگرتن و خەباتی سیاسیی ئەوانەیە کە "جگە لە کۆت و بەندەکانیان هیچیان نییە لەدەستی بدەن".  

  

بەڵام ئەمەی سەرەوە مانای وا نییە کە مانگران و سەرانی بزوتنەوەی سەندیکایی هەموو کات و لە هەموو شوێنێکدا پەریی بێ خەوش و گەردبن و کار وکردەوەیان قابیلی سەرزەنشت نەبێت. هەرکەسێک فلیمی "پیاوە ئایرلەندییەکە" ی دەرهێنەر (مارتن سکۆرسێزی) و ئەکتەران (رۆبەرت دینێرۆ) و (ئال پاچینۆ)،ی بەرهەمهێنراوی ساڵی 2019 ی بینیبێت، لەوە تێدەگات. فلیمەکە باسی ژیان و کوژرانی سەرکردەی سەندیکایی بەناوبانگی وڵاتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا (جیمی هۆفە) دەکات، کە سەرەڕای سەرکەوتوویی ئەو بزوتنەوەیەی بەڕێوەیدەبرد، دەستی تێکەڵاوی مافیای ئەمریکا بوو و گەلێک لە سەرکەوتنەکانی بە یاریدە و دەستخۆشیی مافیا بەدەستهێنابوو و لە ئاکامیشدا هەر بەدەستی ئەوان کوژرا.   

  

لە زۆر وڵات، بە وڵاتی پێشکەوتووشەوە، ئەم جۆرە لێکنزیکییە لە نێوان باڵێکی بزوتنەوەی سەندیکایی و مافیا جۆراوجۆرەکان، هەقیقەتێکی بەردەوام و تاڵی ئەو بزوتنەوەیەیە.  

  

ئەم شیردا بۆ داپیردا یە بۆچی؟ کێ لە کوردستاندا دەستی تێکەڵە؟ بۆ نەخوازەڵڵا قابیلە مافیا هەبێت لە وڵاتی ئێمەدا؟  

  

چەند مانگێکە، سەرەڕای بڵاو بوونەوەی پەتای کۆرۆنا و مەترسیی رۆژانەی بۆ سەر گیانی هاووڵاتیان و سەرەڕای داڕمانی چەندین ساڵەی دەزگا بێنازکەوتووەکانی تەندروستی لە کوردستان و بگرە لە سەرتاسەری عێراقدا، سەرباری هەووو ئەمانە،کەرتی گشتیی تەندروستی لە شاری سلێمانی جارێکی دیکە بەدەست مانگرتنی چەندمانگەی دکتۆرە جێنشینەکان، و پێدەچێت لەمەودوا،بە مانگرتنی ئەودوای کارمەندانییەوە بناڵێنێت. ئەمە لە کاتێکدایە کە بەرەو ئەوە دەچین زۆربەی نەخۆشخانەکانی شار لە نەخۆشی ئاسایی چۆڵکرێن و بکرێن بە نەخۆشخانەی تایبەتی کۆرۆنا.  

  

جێی داخە کە رەوایی داواکانیان بۆ پێدانی بێ دواکەوتنی مووچە و بێباکیی دەسەڵاتدارانی هەرێم لە ئاستی ئەو داوایە، هەندێک هەقیقەتی تاڵی ئەم مانگرتنەی شاردۆتەوە.  

  

خوێندکاری کۆلیژی پزیشکی بەپێی ئەو سیستەمە جیهانییەی پەیڕەو دەکرێت، لەگەڵ تەواوکردنی خوێندنیدا ئەرکی خوێندکاریی تەواو نابێت. بەڵکو دەبێت بە سیستەمێکی توندوتۆڵ و تاقەت پڕوکێندا تێپەڕێت کە سیستەمی نیشتەجێیی (اقامة: Residency)ە. ئەم سیستەمە بەشێکی دانەپچڕاوی خوێندن و راهێنانێتی. ئامانج لێی ئەوەیە کە خوێندکاری تازەدەرچوو چەند ساڵێک لەناو نەخۆشخانەکاندا شەو و رۆژ بژی و لەگەڵ ستافی پزیشکی و نەخۆشەکاندا مامەڵەی رۆژانەی هەبێت. لە زۆر وڵاتدا بە قۆناغی کۆیلایەتیی راهێنانی پزیشکان دادەنرێت و بە نانەسک چەند سەعاتێکی زۆر بە شەونخوونییەوە لە ژێردەستی دکتۆرە پسپۆڕەکاندا کار دەکەن. لە رێی ئەمەشەوە، ئەوەی ئەخلاقی کار و زانیاریی عەمەلییە کە لە زانکۆ فریانەکەوتوون فێری بن، لە بن دەستی مامۆستا نوێیەکانیاندا فێری دەبن.  ژیان لە ناو ئازاری رۆژانە و ململانێی رۆژانەی نەخۆشەکان لەگەڵ مەرگدا ئەو بەشەی خوێندنە کە دکتۆری نیشتەجێ دەبێت فێریبێت. هەر بۆیەش وەک دکتۆری مومارس و خوێندکاری بۆرد ناچنە سیستەمی تەندروستییەوە تا بە سەرکەوتوویی قۆناغی نیشتەجێی تەواو نەکەن.  

  

جێی داخە کە لە سلێمانیدا ئەم پرانسیپە سەرەکییەی فێربوون و مەشقی دکتۆرەکان بۆتە قوربانیی مانگرتنیان. واقیعی حاڵ ئەوەیە کە دەمێکە نەخۆشخانە گشتییەکانی سلێمانی لە دکتۆری نیشتەجێ چۆڵکراون، بەڵام هەموویان، بەڵێ هەموویان، لە کاتێکدا بایکۆتی ئەرکەکانیان کردووە لە نەخۆشخانە گشتییەکان، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکاندا، وەک ئەوەی دکتۆری تەواو بن و بێ چاودێریی و بەردەستیی دکتۆرە پسپۆڕەکان کاردەکەن. لەملا لە کاتی دەوامی خۆیاندا دەوام ناکەن چوونەتە ئەولا! دکتۆرێکی پسپۆڕ بۆی باسکردم کە یەکێک لە نیشتجێکانی ژێردەستی سەعات 2 ی شەو، لە کاتی دەوامی رەسمیی نیشتەجێکە لە نەخۆشخانەی گشتیدا، تەلەفۆنی بۆ کردووە و پێی گوتووە "نەخۆشێک لە ئەهلییەوە دنێرم بۆت، داخڵی بکە و ئەم کارانەشی بۆ بکە!" ئەمە 100٪ پێچەوانەی ئەو گفتوگۆیەیە کە دەبێت لە نێوان ئەو دوو کەسەدا روو بدات.  

  

پێش ئەوەی ئەم نووسینە بچێتە خانەی هێرش کردنە سەر دکتۆرەکانی ژێر راهێنان، دەبێت بپرسین: بۆچی رێگە دەدرێت بە دکتۆری ژێر راهێنان، کە بەشێک لە ئەرکیان خزمەتگوزارییە لە نەخۆشخانە گشتییەکاندا، رێگەیان پێدەدرێت، بێ ئەوەی ئەو قەرزەی لە ملیاندایە بە سیستەمی تەندروستیی گشتیی بدەنەوە، لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان کار بکەن؟ ئەم پرسیارە سێ وەڵامی یەک لە یەک تۆقێنەرتری هەیە…  

  

یەکەم: حکومەتی شکستی سەرانسەری و دەزگا تەندروستی و ئیدارییەکانی بە هەموو چارەسەرێک، کە تینی نارەزایی لە نەبوونی مووچە کەمبکاتەوە، بە خۆشحاڵییەوە رازین. ئەگەر لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان بژێوییان بەدەست بێنن ئەوا دکتۆرە نیشتەجێکان سەرئێشە کەمتر بۆ ئەمان دەخوڵقێنن. با ئەوە لادانیش بێت لە سیستەمێکی جیهانیی پەروەردەکردنی پزیشکانیش...بەوان چی؟ خۆ مێشکیان رەحەتە!  

  

دووەم: دەسەڵاتدارانی ئەم هەرێمە نەگبەتە دەمێکە لە مەسرەفی سیستەمە گشتییەکەی تەندروستی بێزارن و بە مافی هەژارانی ئەم وڵاتەی نازانن کە دەرەقەتی مەسرەفی پاراستنی تەندروستییان بێن. ئەوان دەیانەوێت لەرێی مردنی بێدەنگ و درێژخایەنی سیستەمی گشتیەوە سێکتەری تەندروستی بە تەواوی بخەنە باوەشی کەرتی تایبەتەوە. هەرکەسێکیش دەرەقەتی مەسرەفی چاکبوونەوە لە نەخۆشخانە ئەهلییەکان نایەت با بە بێدەنگی بمرێت و سەری بازاڕی ئازاد نەیەشێنێت.  

  

سێیەم: زۆربەی نەخۆشخانە ئەهلییەکان موڵکی کوڕ و کچی سەرانی دەسەڵاتن و تا نەخۆشخانە گشتییەکان بمێنن بۆ ئەمان باش نییە. مەرگی کەرتی تەندروستیی گشتی تەنها کەمتەرخەمی و نەفامیی دەسەڵات نییە، بەڵکو مسۆگەرکردنی بزنسی کوڕان و کچانیشیانە.  

  

بۆیە رووی دەمم دەکەمە پزیشکە نیشتەجێکان و پێیان دەڵێـم ئەمە بانگەشە نییە بۆ ریسوا کردنی مانگرتن، بەڵکو بانگەشەیە بۆ جیاکردنەوەی مانگرتنی راستی لە زڕەمانگرتن و رازی نەبوونە بەوەی ستانداردی فێربوونی یەکێک لە سەرکیترین و ئاڵۆزترین پیشەکان بە ناوی مافی مووچەوە تێکبدرێت.  لە کاتی بەرەنگار بوونەوەی کۆرۆناشدا، داوایە بۆ دەسیتبەردار نەبوونی دەزگا گشتییەکانی تەندروستی لە ناسکترین کاتدا و لە رۆژانی پڕ مەترسیی داهاتوودا.  

  

دەسەڵات بێباکە، بێ مۆراڵە. بەجۆرێک مانبگرن کە هاووڵاتیان پاڵپشتتان بێت، با مانگرتن هەوڵی مەعاشی ئەملا و ئەولاش نەبێت. با مانگرتن رێگر نەبێت لە پێشکەشکردنی ئەو خزمەتگوزارییە تەندروستییە هەرەپێویستانەی کە ژیانی خەڵک دەکڕنەوە. پاراستنی کەرتی گشتی تەندروستی و فشار بۆ چاککردنی ئەرکی هەموو دانیشتاوانی شارە، بەڵام دەبێت بتوانین رێز لە لەخۆبردوویتان بگرین، ئەوجا. 


-nasnews
AM:04:45:20/06/2020