باری فریاگوزاریی كۆڕۆنا ڤایرۆس و كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان
چیمەن ساڵح
لە كتێبی (بۆڕییە ئاوەكانی حوكمڕانی)دا بە درێژی باسم لە گرنگی كۆمپانیا بچووك و مامناوەندییەكان كردووە لە گەشەكردنی ئابووری و پێشكەوتنی كۆمەڵگەكاندا. كۆمپانیا بچووك و مامناوەندییەكان بەردی بناغەی گەشەی ئابووری هەمەڕەنگن. بێگومان ئەوەش بەو یاسایانە دروست بوون كە ڕێكیان دەخەن  و ماف و ئاسایشیان دەپارێزن لە كاتی هەر بارێكی  ئاسایی و نائاساییدا.

لەو بەشە تایبەتەی كتێبەكەدا باسم لە یاسای بەریتانیا كردووە بۆ كۆمپانیا بچووك و مامناوەندییەكان كە یەكێك لە باشترین یاساكانی دنیایە، چونكە بە بەردەوامی چاودێرییەكی توندی لەسەر  حكوومەت و كۆمپانیا گەورەكان داناوە لە ڕەفتاریاندا لەگەڵ كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان، بۆ نموونە ناتوانن قەرز و هەقدەستی كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان بۆ زیاتر لە مانگێك لای خۆیان بهێڵنەوە. هەروەها گەشەی كۆمپانیای بچووك و مامناوەند وا پێویست دەكات كە مەرجەكانی دامەزراندنی ئەو جۆرە كۆمپانیایانە زۆر جیاواز بێ لە گەورەكان، ئەو ئەو شتەیە كە زۆرینەی یان هەموو یاساكانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕێیان لە دروستبوونی كۆمپانیای بچووك و مامناوەند و كاری ئازاد گرتووە جگەلە ئیسرائیل. هەروەها تونس كە بەر لە ساڵێك یاسای تایبەتی دەركرد و یاسا كۆنەكانی هەڵوەشاندەوە. 

ناشێ كۆمپانیای بچووك و مامناوەند هەمان مەرجەكانی كۆمپانیای گەورەیان لەسەر جێبەجێ بكرێ، لەكاتێكدا كە سەرمایەیەكی بچووكیان هەیە پابەند بن بە پارەدان بەچەندان كەس بە ناوی پارێزەر و ژمێریار و نووسینگە و چەندان جۆرە باج، بەمجۆرە هەرگیز ئەو جۆرە ئابوورییە دروست نابێ، هەروەها بەپێی توانای خۆیان نەتوانن سوود لە هاوكاری و قەرزی دەوڵەت وەربگرن. نابێ هیچ دەستە و كۆمەڵە و سەندیكایەك بتوانێ بۆ سوودی ئەندامانی مەرجی قورس بخاتە سەر كاری كۆمپانیای بچووك و مامناوەند. بەو شێوەیە كەسێك كە سەرمایەكی بچووكی هەبێ، هەرگیز بیر ناكاتەوە كۆمپانیایەك دابمەزرێنێ و كارمەندی حكوومەت بێ باشترە. 

لەكاتێكدا ئێستە ئابووری دیجیتاڵ وایكردووە تەنانەت كۆمپانیا تاكەكەسەكان گەشەی گەورە بە خۆیانەوە ببینن، كەسێك بۆ كارێك بێ هیچ نووسینگە و كارمەندێك، بۆ خۆی بەپێی یاسا كۆمپانیایەك دادەمەزرێنێ.

لەگەڵ بڵاوبوونەوەی پەتای كۆرۆنا، وڵاتانی ئەوروپا و كەنەدا ئەو بڕە بودجەیەیان ڕاگەیاند كە بۆ ڕێگرتن لە داڕمانی ئابووری بەكاری دەهێنن. ڕۆژی چوارشەم ١٩ی ئادار كۆنگریسی ئەمەریكا یاسای فریاگوزاری ڕووبەڕووبوونەوەی كۆڕۆنا ڤایرۆسی دەركرد كە تا ٣١ی دیسێمبەری ٢٠٢٠ بەركارە. بەپێی ئەو یاسایە قەرەبووی كارمەندانی كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان و هەروەها ئەو كرێكارانە دەكرێتەوە كە كاری ئازاد دەكەن، بۆ نموونە؛ شۆفێر، دوكاندار هەر كەسە و كارێكی یاسایی ئازاد بكات. 

بەپێی یاسا فریاگوزارییەكەی ئەمەریكا، هەر كارمەندێكی كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان بەهۆی ئەم تەنگژە تەندروستییەوە زیانی كردبێ یان بەهۆی نەخۆشی یان نەخۆشیی كەسێكی نزیكی یان بەهۆی منداڵەوە نەیتوانیبێ كار بكات، زیانەكەی دەخەمڵێنرێ و تا ڕۆژانە ٥١١ دۆلار قەرەبوو وەردەگرێتەوە، هەر كەسێكیش كاری ئازاد بكات قازانجی ڕۆژانەی دەخەمڵێنرێ و تا ڕۆژانە ٢٠٠ دۆلار قەرەبوو دەكرێتەوە. كۆمپانیاكان پابەندن بە زووترین كات و تا دووی نیسان قەرەبووی كارمەندانیان بكەنەوە و حكوومەت لە ماوەی سێ مانگدا پارەی كۆمپانیاكان دەداتەوە. ئەمە زیانی كۆمپانیا گەورەكان ناگرێتەوە، بەم جۆرە كارمەند ترسی ئەوەی نییە كە كاری ئازاد بكات. 
بۆ زانیاریی زیاتر لەسەر گرنگی كۆمپانیا بچووك و مامناوەندەكان، كتێبی (بۆڕییە ئاوەكانی حوكمڕانی) ببینە.


AM:07:47:23/03/2020