چۆن منداڵەکانمان لە بەرامبەر کۆرۆنا بپارێزین؟
ئیمان عەبدوڵا

ڕێکخراوی تەندرووستیی جیهانی رایگەیاندووە، منداڵان کەمترین زیانبەرکەوتووی ڤایرۆسی کۆرۆنای ناسراو بە کۆڤید-١٩ن و ئاشکراشی دەکات بەتەمەنەکان و کەسانی نەخۆش زیاتر لە کەسانی تر دەبنە ئامانجی ڤایرۆسەکە. ئەمجارە منداڵان بەختێکی باشیان هەیە و کەمتر دووچاری ڤایرۆسەکە دەبن. ئامارەکانی وڵاتی چینیش ئەوە پشتڕاست دەکەنەوە کە ئەو منداڵانەی تەمەنیان لە نێوان یەک رۆژ بۆ حەوت ساڵدایە، کەمترین بەرکەوتەی ڤایرۆسەکە بوون. لەگەڵ هەموو ئەمانەدا، لەبەرئەوەی ئێمە منداڵەکانمان لە خۆمان خۆشتر دەوێن، لەوانەیە ئەزموونی چین بەلای زۆرێک لە دایک و باوکانەوە باوەڕ پێکراو نەبێت، بەتایبەتیش لەبەر پێوەری ئەوەی کە هۆشیاریی لای منداڵ کەمترە وەک لای گەورەکان و هەروەها بە لەبەرچاوگرتنی بچووکیی تەمەنیان و تێکەڵی زیاتریان لەگەڵ منداڵان و یارییەکان و بێتاوانیی و نەتوانینی جیاکردنەوەی باشە و خراپە. هاوکات هیچ شتێک لە منداڵەکانمان بە بەهاتر نییە تا لێیان نەترسین و بە تایبەتیش بەرامبەر بەڤایرۆسێک کە بزانین چەند زوو تەشەنە دەسێنێت و بڵاو دەبێتەوە.

 

لێرەدا پێویستە بپرسین کە پێویستە چی بکەین تا منداڵەکانمان بپارێزین؟ لەڕاستیدا، هەموو ئەو رێنماییانەی کە لەلایەن وەزارەتی تەندرووستی و لایەنە پەیوەندیدارەکانی ترەوە بڵاو کراونەتەوە لە سەر منداڵانیش جێبەجێ دەبن. بەڵام لەڕاستیدا لێرە و لەوێ دەبینم کە زۆرێک لە دایک و باوکان لە کاتی دەرچوون و بازارکردندا منداڵەکانیان لەگەڵ خۆیان دەبەن کە ئەمە زۆر هەڵەیە و راستەکە ئەوەیە منداڵەکان پێویستە لە ماڵ بمێننەوە تا پارێزارو بن. تەنانەت ئەگەر بۆ هێورکردنەوەی جەوی منداڵەکەش بێت ئەوا سوپەرمارکێت و دوکانەکان بژاردەیەکی زۆرخراپن، بەڵکو پێویستە بۆ وەرگرتنی هەوایەکی خاوێن تا کۆتایی ئەم ڤایرۆسە سوود لە حەوشەی ماڵەکان و باڵکۆنی ئاپارتمانەکان وەربگرین، نەک قەرەباڵغیی مۆڵ و مارکێتەکان.

 

خاڵێکی تر ئەوەیە کە سەرەڕای مانەوەمان لە ماڵەوە، پێویستە ئەوەشمان بیر نەچێت کە سەلامەتیی ژینگەی دەروونی و رۆحی منداڵەکانمان لە ئەستۆی ئێمەدایە. لێرە و لەوێ لە سۆشیاڵ میدیا چەندین ڤیدیۆی منداڵان بڵاو بوونەتەوە کە باس لەڤایرۆسی کۆرۆنا ئەکەن، ئەمەش شتێک نییە کە بتوانرێت رێگیریی لێبکرێت، چونکە منداڵەکان ئاوێنەی ئێمەن و وەک ئێمە لەیەک ژینگەدا دەژین. ئەوەی جێگەی باس و قسەکردنی ئێمەیە گوێبیستی دەبن و باسی دەکەن. ئێستاش ڤایرۆسی کۆرۆنا بابەتی نێو ماڵ و راگەیاندنەکانی ئێمەیە، بۆیە پێویستە لەکاتێکی باسکردنیدا لەگەڵ منداڵەکانمان، ئەم بابەتە نەکەینە سەرچاوەی ترس و بێزاری و دڵەڕاوکێ بۆ منداڵەکە، چونکە ئێمەی گەورە دەتوانین بارەکە رابگرین، بەڵام منداڵ خەیاڵی فراوانترە و لەوانەیە ئەوەی دەیبیستێت کە رەنگە وەهمێک بێت و هیچ کات ڕوونادات، بەڵام لای ئەوە هەمیشە دەمێنێتەوە. بۆیە پێویستە لەبەردەم منداڵەکانمان هۆشیارانەتر قسە بکەین و نەرمتر بارودۆخەکەیان بۆ روون بکەینەوە و سادەتر ئاشنایان بکەین بەڕێگاکانی خۆپاراستن.

 

پێویستە لە کاتی قسەکردن لەگەڵ منداڵەکەت دوور بکەویتەوە لە بەکاربردنی شێوازێکی ترسێنەری و پڕ لە دڵەڕاوکێ، بەڵکو دەبێت هەوڵ بدەیت بە شێوازێکی لەسەرخۆ خاڵە نێگەتیڤەکانی بۆڕوون بکەیتەوە و هیچ کات ئەو هەستەی پێ نەدەیت کە دونیا زۆر بە خراپیی دەڕوات و خەڵکێکی زۆری خەڵک مردوون یان دەمرن و ئەمە بکەیتە پاساوی ئەوەی کە ئەوڕێنماییەکان جێبەجێ بکات. پێویستە هەوڵ بدەین  زیاتر واقعی بین و زیادەڕۆیی نەکەین و هاوکاتیش جەخت لە سەر خاڵەکانی خۆپارێزی بکەینەوە. با هەمیشە ئەو نموونانە باس بکەین کە تیایدا سەرکەوتن بە سەرڤایرۆسەکەدا هەیە و ئەوەیان بە بیر بهێنینەوە کە منداڵ دەبێت خواردنی باش بخوات بۆ دەستەبەرکردنی بەرگرییەکی بەهێزی جەستەیی لە بەرامبەر نەخۆشییەکان. پێویستە دایک و باوکانیش هەوڵ بۆ هەمان شت، واتە زیاترکردنی بەرگریی منداڵەکانین بدەن، چونکە هەرچەندە بەرگریی منداڵ بەهێز بێت، منداڵەکەش هێندە بەهێز دەبێت لە بەرامبەر نەخۆشییەکان و پێچەوانەکەشی هەرڕاستە.

بۆیە گرنگە کۆرۆنا نەکەینە شەولەبانەیەکی تر بۆ ترساندنی منداڵەکانمان و ئەگەر منداڵەکەت لە کۆرۆنا دەترسێت ئەوا مانای وایە تۆی دایکیان تۆی باوکیش لێی دەترسیت و ئەو هەستەشت بۆ منداڵەکەت گواستووەتەوە جا خۆت بەمەت زانی بێتیان نا، چونکە وەگ گوتمان منداڵەکان ئاوێنەی ئێمەن.  لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا بۆ سەلامەتی خۆتان و منداڵەکانتان، لە ماڵەکانتان بمێننەوە.

 


AM:07:54:31/03/2020