هەواڵی ساختە لە سەردەمی کۆرۆناو هەندێ میکانیزم بۆ رووبەرووبونەوەی
فرمان عبدالرحمان




هەمیشە لە بارودۆخە نائاساییەکاندا هەواڵی ساختە بابەتی درۆی رووپۆشکراو بە ڤیدیۆو فۆتۆ بەشێوەیەکی بەربڵاو بە سۆشیاڵ میدیادا بڵاودەبێتەوە بە تایبەتی لەم زەمەنی کۆرۆنایەدا. ئەم بابەتە تەنها بۆ ئێمە کێشە نیەو بگرە ئێستا لە دونیادا بۆتە کێشەیەکی جدی.. کێشەکە ئەوەیە پەیجێک دێت بابەتێکی ناراست بڵاو دەکاتەوەو ڤیدیۆ یان فۆتۆی شتێکی تر دەهێنێت کە ڤیدیۆو فۆتۆی بابەتێکی دیکەیەو بۆ پشتراستکردنەوەی هەواڵە ناراستەکەی خۆی بەکاریدێنێت و تۆی بەکاربەری پێ دەخەڵەتێنێت..

پسپۆڕانی بواری سۆشیال میدیا چەند میکانیزمێکی ئاسانیان خستۆتە بەردەستی هەموان بۆ چێک کردنەوەی ڤیدیۆو فۆتۆکان لەبەر ئەوە تۆی بەکاربەری سۆشیال میدیا پێش ئەوەی بە هەموو شتێک بڕوا بکەیت و یەکسەر بڵاوی بکەیتەوەو بینرێت بۆ هاوڕێکانت و ترس و دڵەڕاوکێ بڵاو بکەیتەوە ئەرک بکێشەو لە رێی یەکێک لەم میکانیزمانەوە هەڵسەنگاندنێک بۆ زانیاریەکان و فۆتۆو ڤیدیۆکان بکە

بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاش زۆر بە ئاسانی ڤیدیۆو فۆتۆ دەستکاری دەکرێن بێ ئەوەی هەستیان پێ بکرێت هەربۆیە زۆرینەی فەیک نیوزەکان لە شێوەی فۆتۆ یان ڤیدیۆی دەستکاریکراودا بڵاو دەکرێنەوە یان ڤیدیۆو فۆتۆکە لە بنەڕەتدا راستەقینەن بەڵام هی رووداوی ترن و بۆ مەبەستی تر بەکاردەهێنرێن، بۆ نمونە ڤیدیۆی پارەی فڕێدراو دەبینرێ لەسەر شەقامەکان پێشتر ئەمە لە ڤەنزەویلا روویداوە بەڵام فەیک نیوزچیەکان دەیهێنن دەڵێن ئەمە ئیتاڵیایە بارودۆخ لە کۆنترۆڵ دەرچووە. دواتر بەکارهێنەرانی سۆشیاڵ میدیا زۆر بە ئاسانی بڵاوی دەکەنەوەو دەبنە بەشێک لەو وزەیەی کە بەردەوامی بە دیاردەی فەیک نیوز دەدات

بەڵام ئێستا زۆر دامەزراوەو وێبسایت و ئەپڵیکەیشن داهێنراوە بۆ ناسینەوەی ئەو ڤیدیۆو فۆتۆیانەی بە مەبەست بڵاو دەکرێنەوە لەوانە ئێمە تەنها ئاماژە بە چەند دانەیەکیان دەکەین کە تۆی بەکاربەری سۆشیال میدیا زۆر بە ئاسانی ئەتوانی بەکاریان بهێنیت و راستی و دروستی ڤیدیۆو فۆتۆکانی پێ هەڵبسەنگێنیت، ئەو میکانیزمانەش ئەمانەن :

یەکەم / وێبسایتی http://exif.regex.info/exif.cgi وێبسایتێکی تایبەتە بۆ چێک کردنی زانیاری دەربارەی هەموو فۆتۆیەک بەشێوەیەک دەتوانی هەر فۆتۆیەکت بوێت لەسەر وێبسایتەکە ئەپڵۆدی بکەی دواتر قەبارەکەی و مێژووی چرکاندنەکەی و جۆری لێنزەکەو هەندێجاریش شوێنی چرکاندنی فۆتۆکەشت پێ دەڵێت.

دووەم / وێبسایتی fotoforensics.com بۆ چێک کردنی ئەو فۆتۆیانەی بە هەر پرۆگرامێکی کۆمپیوتەری دەستکاری کرابێت ئەویش کاتێک فۆتۆیەک ئەپلۆدی ئەم وێبسایتە دەکەیت ئەو شوێنانەت بۆ دەستنیشاندەکات کە دەستکاری کراون.

سێیەم / وێبسایتی www.watchframebyframe.com یەکێکی دیکەیە لە وێبسایتە گرنگەکان لەم وێبسایتەدا هەموو ڤیدیۆیەک بەتایبەتی ئەوانەی یوتیوب دەتوانی بە روونی و ئاشکرایی تەماشا بکەی بە تایبەتمەندی ئەوەی کە تا رادەیەکی زۆر دەتوانی ڤیدیۆکان سلۆ بکەی بۆ زانینی هەر دەستکاری یان مۆنتاژێکی نامۆ لەنێو ڤیدیۆکەدا.

چوارەم / لە وێبسایتی citizenevidence.amnestyusa.org دەتوانی لینکی هەموو ڤیدیۆیەک لەسەر وێبسایتەکە دابگری و بەهۆیەوە زانیاری تەواو لەسەر بەرواری ئەپلۆدی ڤیدیۆکە بۆ سەر ئینتەرنێت و ئەو وڵاتەشی لێیەوە ئەپلۆد کراوە وەربگری هەروەها ئەو لینکانەشت پێ دەڵێت کە ڤیدیۆکەیان بڵاوکردۆتەوە جارێکی دی بەوەش دەتوانی بەراوردی ڤیدیۆکان بکەی ئایا ڤیدیۆی چ هەواڵێکەو پەیوەندی بە چ رووداوێکەوە هەیە

فرمان عەبدولرەحمان

ئەم بابەتەم پێشتر بڵاوکردۆتەوە کە بە ئۆنلاین کۆرسێکی گرنگم لەبارەی میکانیزمەکانی رووبەرووبونەوەی فەیک نیوز وەرگرت کە دامەزراوەی پۆینتەر لە نیوز یونیڤێرسیتی رێکیخستبوو.



AM:06:06:06/04/2020