قیافەتمان لە سۆشیال میدیا
سەرباز حاتم

کاتی خۆی گروپێک هاوڕێی خۆشەویست بووین بچوینایە بۆ هەر کۆڕو مەجلیسێک دەورەکانمان دابەش دەکرد. برادەرێکی قۆزی بە قیافەتمان تیابوو ڕۆژێکیان خۆی توڕە کردو گوتی ئێوە قەت نایەڵن من قسە بکەم. ئەو برادەرەرەشمان کە زیاتر دەورو شتەکانی ڕێکدەخست لەوەڵامدا گوتی تۆمان بەس بۆ دیکۆر هێناوە، چونکە خەڵک کە ئەتبینن حساب بۆ قیافەو سەروکەللەت دەکەن و بۆ سەنگی گروپەکەمان باشیت بەس دەترسم هەر کە قسە بکەی خەڵکی بێهیوا بن. دواتر تێگەیشتم کە هەڵە بووین، چونکە جگە لەوەی بۆ ماوەیەک و لە چەندین دانیشتن نەمان هێشت خەڵک حەقیقەتی ئەو هاوڕێیەمانی بۆ دەرکەوێت و وەک خۆی بیناسن بگرە هەندێک جار فرسەتی ئەهێناو پێشڕەویشی دەکردین.

سۆشیال میدیا ئەوەی باشە کە بازاڕ ئازادەو کەس ناتوانێ بەکەس بڵێ قسە مەکە بۆ قیافەت و بۆینباغ یان بۆ سەیارەو بگرە پۆست وە یانیش بۆ پێشگری ناوەکەت خەراپە، بۆیە هەمووی ئازادانە خەریکی تاودانی ئەسپی خۆیەتی. سەرەڕای ئەوەی کە لە فەیسبووک قیافەت دادمان نادا، ئەوەی کە دەستی هەموومانی کەشف کرد و خۆمانی بە خەڵک ناساند بێ ئیشی و کات زۆری ئەو ماوەیەی کەرەنتینە بوو. من پێم وایە، ئەگەر بەراوردێک لە نێوان پێش و پاش کۆرۆنادا بکەین، ئەوە بە دڵنیاییەوە دوای کۆرۆنا یەکتر باشتر دەناسین.

سەرەڕای ئەوەی کە شتی بێ بنەماو فەیک و درۆ زۆر بڵاودەکرێنەوە و دەبنە مایەی سەرلێشێواندنی خەڵک، بەس لەنێوان ئازادی و دەم بەستندا هەر دەبێت ئازادی هەڵبژێرین. چونکە لەلایەکەوە هەندێکمان لەڕێی بینینی درۆو ڕاستی و بەروارد کردنیانەوە دەتوانین ڕاستی بدۆزینەوە، هەندێکی تریشمان خەریکی دۆزینەوەی ڕاستیەکان وەڵامدانەوەی درۆ و ڕوونکردنەوەیان دەبین بۆ خەڵک، کە ئەمەش هەر خزمەت بەڕاستی دەکات، هەروەها هەندێک لەوانەشی درۆیان بڵاوکردبۆوە شانسی ئەوەیان دەبێت لە ڕێی بینینی ڕاستییەکانەوە بگەنە ڕاستی، لە کۆتاییشدا یەقینی ئەوانەش زیاتر دەبێت کە هەر لەسەرەتاوە ڕاست بوون.

لە هەمووی گرنگتر ئەوەیە خەڵک ووردە ووردە فێردەبێت ئیتر نابێت بە هەموو شتێک بڕوا بکات و بۆ جاری دووەم و سێیەم بەچاوی گومان و ڕەخنەوە سەیری زانیاری و هەواڵ دەکات و دەبێتە وەرگرێک کە بەچاوی ڕەخنەوە سەیری شتەکان بکات. یەکێک لە ڕێگاکانی ڕووبەڕووبوونەوەی هەواڵی درۆو بێبنەماش بریتیە لە فێرکردن، فێربوونیش پرۆسەیەکی درێژخایەنە و پەیوەستە بە ئەزمون کردنەوە.

من بۆخۆم چەندجارێک بە تۆنێکی کەمێک ڕەقەوە لەگەڵ چەند ئازیز ێکدا وەڵامی شتی بێبنەمام داوەتەوە، بەس هەر زوو تێگەیشتم کە ئەوانیش قوربانین. بەشێکی خەڵک لە نەزانینەوە هەواڵی بێبنەما و درۆ پۆست دەکەن یان بۆ هاوڕێکانیانی دەنێرن. بۆ یە پێم وانیە چارەسەر پیاهەڵشاخان و بلۆک کردن بێت.

ئەوانەی ڕاستی دۆستن دەبێت بەر لەهەر هەنگاوێکی تر لێبڕاوانە هەوڵ بدەن ڕاستیەکان ڕوون بکەنەوە.


AM:09:03:07/04/2020