ئێڤا هۆفمان، نووسه‌ری ونبوون له (وه‌رگێڕان)دا‌و (دوای وه‌ها مه‌عریفه‌یه‌ک)
ئه‌م وتاره به‌شێکه له پرۆژه‌یه‌کی هاوبه‌ش له‌نێوان (میلله‌ت) و (پرۆجێکت سیندیکه‌یت)دا
له‌نده‌ن- یه‌کێک له تۆقێنه‌رترین ئه‌و پێشهاتانه‌ی دوای به‌هێزبوونی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی دروستبوو، په‌یوه‌ندیکردنی هاوڵاتیانی چه‌ند وڵاتێکی خۆرئاوا بوو به‌و گروپه‌وه، که تێیدابوون به خۆته‌قێنه‌ره‌وه‌و سه‌ربڕی به‌بارمته‌گیراوان. بۆچی به سه‌دان موسڵمان، زۆرێکیان خوێنده‌وارو به‌پێشینه‌ی چینی-ناوه‌نده‌وه ژیانی خۆشگوزه‌رانی خۆرئاوای دیموکراسی به‌جێده‌هێڵن و په‌یوه‌ندی به بزووتنه‌وه‌یکی دڕنده‌و به‌ربه‌رییه‌وه ده‌که‌ن؟ چی وا له کوڕانی و کچانی لاو ده‌کات وه‌ڵامده‌ره‌وه‌ی په‌یامی توندڕه‌وی ئیسلامیسته‌کان بن؟
به به‌هێزبوونی نازییه‌کان له‌دوای 1930یه‌وه، سیگۆمند فرۆید باسی ره‌وتی ترسناکی سه‌رکرده تاکخوازه‌کان و ئه‌زموونی خود-مه‌زنی پێڕه‌وکارانی کرد، که چۆن که‌سایه‌تی خۆیان بۆ گروپ یان ئایدۆلۆژیایه‌ک ده‌توێننه‌وه. بۆ ئه‌و که‌سه ئاینییانه، ئازادیی له‌ڕووی ده‌رونییه‌وه دۆخێکی ته‌حه‌مولنه‌کراوه. وه‌ک یه‌کێک له خوێندکاره‌کانی فرۆید، ئێریک فرۆم باسیده‌کات، مه‌یلی راکردن له ئازادیی –به‌وه‌ی خۆمان ده‌رگیریی نۆرم و دواکه‌وتنی کۆمه‌ڵگه بکه‌ین- زۆر سه‌رنجڕاکێشه بۆ ئه‌و که‌سانه‌ی که هه‌ستی سه‌ربه‌خۆیی شوناس و توانای بیرکردنه‌وه‌یان بۆخۆیان ته‌واو گه‌شه‌ی نه‌کردووه.
وڵاتانی دیموکراسی خۆرئاوا، که تیایدا چه‌ند جیهادییه‌ک لێی راده‌که‌ن، نمونه‌یه‌کی بێهاوتای له ئازادیی دابینکردووه. قورسه بیر له کۆمه‌ڵگه‌یه‌کی سیاسیی بکه‌ینه‌وه که هێنده که‌م لایه‌نداریی له ئه‌ندامه‌کانی بوێت، هێنده که‌م نۆرمی به‌کۆمه‌ڵی هه‌بێت، هێنده که‌میش رێنمایی ره‌وشتیی بخاته‌ڕوو. له نزیکه‌ی هه‌موو ره‌هه‌ندێکی ژیانماندا- مۆراڵ، مامه‌ڵه، سێکس، په‌یکه‌ری خێزان، پیشه، باوه‌ڕی ئایینی- ئێمه‌ی خۆرئاوایی ئازادین چیمان بوێت ئه‌وه بکه‌ین.
ره‌نگه ئه‌مه له دۆخێکی زۆر خوازراوی ژیان بچێت، که تیایدا چێ‌کردنی ژیانێکی باش ئه‌گه‌ری زۆر بێت. دیموکراسییه خۆرئاواییه‌کان به قه‌یرانێکی شوناسیی به‌رجه‌سته‌دا گوزه‌رده‌که‌ن، که به‌ده‌رکه‌وتووه له نه‌بوونی ئیراده‌ی چه‌سپاندنی ئێتیکیی مه‌بده‌ئی رێکخستن یان به‌ها دیموکراتییه‌کان له شانۆی نێوده‌وڵه‌تییدا.
له‌ڕووی ناوخۆییه‌وه، پشتگوێخستنێکی سیستمی سیاسیی و گه‌شه‌کردنی هه‌ستی رادیکاڵییه‌ت له‌نێوان هه‌ندێک هاوڵاتیاندا بڵاوه، به‌تایبه‌ت گه‌نجان. هه‌روه‌ها ناکاراییه‌کی ده‌روونی به‌ربڵاو ده‌بینرێت، له ده‌ستدانی ئیشتیهای خواردنه‌وه، بۆ قه‌ڵه‌ویی و بۆ بزاوتی زیاد له سنوور‌و خه‌مۆکی فراوان، که هه‌مووی بوونه‌ته هۆی به‌کارهێنانێکی زۆری ئه‌و ده‌رمانانه‌ی بۆ چالاککردنی ده‌روونیی دروستکراون.
ئه‌م ئاماژه‌و ده‌رکه‌وتانه‌ی نه‌خۆشییه ده‌توانرێت له‌ڕووی ئابوورییه‌وه روونبکرێته‌وه، چونکه هێنده‌ی له چینی مامناوه‌نددا هه‌ن، له چینی هه‌ژاریشدا هه‌ن. ئه‌وه‌ی ده‌کرێت هه‌بێت، به‌ڵام ئه‌وه‌یه که کلتوری خۆرئاوایی به‌و ئازادییه بێ به‌ربه‌ست و لێبورده‌ییه‌وه نه‌تیوانیوه دۆخێکی ده‌روونی وه‌ها ببه‌خشێته کۆمه‌ڵیک له هاوڵاتییه‌کانی که شوناسێکی بونیادنه‌ر چێبکه‌ن وه‌ڵامده‌ره‌وه بێت بۆ فشاری به‌رده‌وامی بژارده‌ی ئازاد.
ئێمه شوناسمان به‌گوێره‌ی ئه‌وانیدی گه‌شه‌پێده‌ده‌ین. به یه‌کخستنی ئه‌گه‌ره کلتورییه‌کان، بیرۆکه‌کان، په‌یکه‌ربه‌ندی دیدی ئێمه بۆ جیهان دروستده‌بێت و ئاراسته‌یه‌کی مۆراڵی و ده‌روونیشمان بۆ دروستده‌بێت. له کۆمه‌ڵگه فره‌کلتوریی و کراوه‌کانی ئه‌مڕۆدا، پێویستی ئه‌وه‌ی بژارده‌ی خۆتت هه‌بێت زۆره، له کێشه‌یه‌کی بچوکه‌وه (بۆ نمونه چ مه‌عجونێکی دان هه‌ڵبژێریت) تا کێشه‌ی گه‌وره (له‌کوێ سه‌رچاوه‌و مانای ژیان ئه‌دۆزیته‌وه). به‌ڵام به‌بێ بوونی نۆرم و کلتوری یه‌کانگیر بۆ بڕیاردان، بۆ نمونه بۆ بڕیاردان له‌سه‌ر ته‌ندروستی و باشبوونی ژیانی که‌سێک، چۆن که‌سێک له‌نێوان بژارده‌ی باش و خراپ‌دا جیاوازیی بکات؟ چی به باش داده‌نرێت و چی به خرا، چی جدییه‌و چی هیچه؟
له‌مڕووه‌وه، ئه‌و خۆرئاواییانه‌ی بڕیاریانداوه په‌یوه‌ندی بکه‌ن به ئایدۆلۆژیای ئیسلامیی توندڕه‌وه‌وه ده‌رخه‌ری دیارده‌یه‌کی فراوانترن. بڕوا‌و دیسپلینی بێڕه‌حمانه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی واده‌کات ئه‌ندامانی باری بژارده‌ی ئازادیان له‌سه‌ر شان نه‌مێنێت. فرۆم هێشتاش پێکاویه‌تی: هه‌ڵاتن به‌ره‌و بزووتنه‌وه‌یه‌کی توندڕه‌وی وه‌ک ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی هه‌ڵاتنه له دڕکه‌کانی ئازادیی.
هه‌ندێک له لێدوانی جیهادییه‌کان ئه‌مه به‌ڕوونی ده‌رده‌خه‌ن: "تیماری خه‌مۆکیی جیهاده" یه‌کێک له جیهادییه خۆرئاواییه‌کان له ڤیدیۆیه‌کی ده‌وڵه‌تی ئیسلامییدا وتی. "هه‌ست به‌و شکۆیه بکه‌ن ئێمه هه‌ستی پێده‌که‌ین. هه‌ست به‌و خۆشبه‌ختییه بکه‌ن ئێمه هه‌ستی پێده‌که‌ن" دانه‌یه‌کی تریان وتی: "نه‌خێر بۆ دیموکراسی". رۆتینی دیموکراسی خۆی توندڕه‌وبوون دروستده‌کات، ئه‌م بزووتنه‌وه ئیسلامییه توندڕه‌وه‌ش باش ده‌زانێت چۆن پاوانیبکات له سوودی خۆی.
ئه‌م حه‌زکێشییه‌ی توندڕه‌وی به مۆچیاریی ئیمامه توندڕه‌وه‌کانی ئه‌وروپا ناوه‌ستێت، که له مزگه‌وته‌کانه‌وه داوائه‌که‌ن شۆردنه‌وه‌ی مێشکی گه‌نجانی موسڵمان بوه‌ستێنرێت. راکێشانی ئه‌ندام بۆ گروپی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی ده‌بێت به راکێشانێکی توندتری خه‌ڵک بۆ کلتوری دیموکراسیی و به‌ها بنه‌ڕه‌تییه‌کانی وه‌ڵامبدرێته‌وه- هه‌روه‌ها به سووربوون له‌سه‌ر پاراستنی ئه‌م به‌هایانه له گوتاری سیاسییماندا.
له‌ڕێگه‌ی متمانه‌و خۆبۆته‌خانکردنه‌وه، نه‌ک تۆلێرانسی کوێرانه، کۆمه‌ڵگه دیموکراستییه‌کان ئه‌توانن به‌رپه‌رچی ئایدۆلۆژیا توندڕه‌وو پێشڕه‌وه کاریزمییه‌کانیان بده‌نه‌وه. ته‌نیا بانگه‌شه‌کردنێکی نوێ بۆ بیرۆکه‌ی دیموکراسی ئه‌توانێت چاره‌سه‌ری ناڕه‌زایی به‌ربڵاوو پشتگوێخستنی کۆمه‌ڵگه خۆرئاواییه‌کان بکات، که جیهادییه‌کانی ده‌وڵه‌تی ئیسلامیی بوونه‌ته دیارترین و ترسناکترین ئاماژه‌ی ناڕازیبوون له‌م کۆمه‌ڵگایانه.
(milletpress)