میدیا و ململانێی ناوخۆ
هەرمن ئەحمەد


لە كوردستان و لە هەموو دونیاش، هیچ میدیایەك سەربەخۆ نییە، هەموو میدیایەك لایەنگر و پارێزەری بەژەوەندییەكانی ئەو (حزب، سیاسی، كۆمپانیا)یانەیە كە پارە و بودجەی بۆ تەرخان دەكەن، گەر وا نەكات كورد گوتەنی ”مانگا دەمرێ و دۆ دەبڕێ!“.

لە باشووری كوردستان میدیای كوردی لە دوای راپەڕینەوە گەشەی كرد، نەك لەسەر دەستی سەرمایەداران، بەڵكوو لەسەر دەستی حزبەكان، ئەگەر حزبەكان رۆژنامە و تەلەڤزیۆن و رادیۆ و گۆڤاریان دانەمەزراندایە، هیچ سەرمایەدارێك ئەو كارەی نەدەكرد، بۆیە كادیرانی میدیایی و رۆژنامەوانانیش لە هەناوی ئەو دەزگا فەرمییە حزبییانەوە دەركەوتن كە هەندێك لەو دەزگایانە ئێستاش ماون و زمانحاڵی حزبن.

دواتر قۆناغێكی تر لە رۆژنامەوانی و میدیای كوردی هاتە ئارا، ئەویش ئەوە بوو كۆمەڵێك رۆژنامە و گۆڤار دەرچوون و خۆیان ناویان لە خۆیان نا (ئازاد و ئەهلی و بێلایەن!) بەڵام هیچیان وا دەرنەچوون، واتە لەجیاتی ئەوەی بە رەسمی مانگانە بودجە لە مەكتەبی راگەیاندنی حزبەكان وەرگرن، ئەمان بەنهێنی و ژێربەژێر پارەیان لە كەسایەتییەكی باڵادەستی حزب، یان كۆمپانیایەكی حزب، یان باڵێكی حزب وەرگرت.

لەم كەینوبەینەدا گەیشتە ئەوەی هەندێ میدیای كوردستان پارە لە دەزگا موخابەراتیەكانی وڵاتانی ئیقلیمی وەرگرن و كار بۆ ئەوان بكەن، هەروەها هەندێ میدیاش سەریان هەڵدا گوایە پارە و بودجە لە (چەند رێكخراوێكی ئەورووپی بۆ هاندانی میدیای ئازاد) وەردەگرن، بەڵام ئێستا و ئەوساش كەس نەیزانی ئەم رێكخراوانە لەپای چی پارە بەو میدیا كوردییانە دەدەن! ئەگەر بۆ هاندانی میدیای ئازادە، بۆچی تەنیا لە سنووری سلێمانی ئەو كارە دەكەن؟! ئەم دوو پرسیارە جارێ زۆری ماوە وەڵامەكانی بزانین.    

بمانەوێ یان نا، هەموو ئەو جۆرە میدیایانەی لە دوای راپەڕینەوە تا ئێستا لە كوردستاندا هەن، هەر جۆرێكیان كەم تا زۆر كاریگەرییان بەسەر خەڵك و ماجەرای رووداوەكان و ململانێ نێوخۆییەكانەوە هەبووە، بەداخەوە بەشێكیان رۆڵێكی زۆر خراپیان لە توندكردن و قووڵكردنەوەی ململانێكان و دروستكردنی مەترسی لەسەر ئاشتیی كۆمەڵایەتی هەبووە، ناڵێم میدیای كوردی بەگشتی هیچ رۆڵیكی پۆزەتیڤی نەبووە، نەخێر هەیبووە و زۆریش، بەڵام نابێ رۆڵی خراپی بەشێك لەو میدیایانەش باس نەكەین.

بێگومان، دەزگا میدیاییەكان سەربەستن لەوەی رووماڵی پێشهات و رووداوەكان چۆن دەكەن، بەڵام دیسانەوە كاریگەرن بە ئایدیا و ئەجێندای ئەو كەسەی سەرمایە و بودجەی ئەو دەزگا میدیاییەی دابین كردووە، لێرەدا خاوەنی سەرمایەكە كاریگەریی راستەوخۆ و ناڕاستەوخۆی بەسەر رووماڵەكانەوە دەبێت، بۆ ئەمەش ئەگەر قسە لەسەر میدیاكانی كوردستان بكەین، پێویست بە بەڵگە هێنانەوە ناكات.

هەندێك میدیا لە كوردستان هەن، بە پاساوی ئۆپۆزسیۆن بوون و لە بەرەی خەڵكدا بوون! بە بڕیاری پێشوەختە سەنگەریان لە حكوومەت گرتووە، هەموو هەنگاوێك و بڕیارێكی حكوومەت رەت دەكەنەوە و رەخنەی لێ دەگرن جا ئەگەر حكوومەت چاكسازییش بكات. ئەم دۆخە ئێستا سۆشیال میدیایشی هاتۆتە سەر و هەمان ئەو حزب و گرووپانەی ئەو میدیایانە بەڕێوە دەبەن بە سەدان پەیجی سۆشیال میدیا تەمویل دەكەن بۆ هەمان مەبەست و تەنیا ئامانجیشیان بەرژەوەندیی سیاسییە نەك خەمی خەڵك، ئەمەش مەترسییەكی گەورەی هەیە بۆ سەر نەوەكانی داهاتووی هەرێمی كوردستان.

ئاخر لەگەڵ هەموو كەموكوڕییەكانی حوكمڕانی لە كوردستان، ناكرێت هەموو بڕیارەكانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دژی میلەت بووبن، ئێ ئەوانەی لە بەرژەوەندیی گشتیدایە پێویستە میدیا هانی حكوومەت بدات بۆ جێبەجێكردنی و بەدواداچوون بۆ بەربەستەكان بكات، ئەوانەیشی كە بۆ بەرژەوەندیی گشتی نییە دەكرێت رەخنەباران بكرێن!

بەڕای من، گوماناویترین هەواڵ و زانیاری، ئەوانەن كە لەو میدیایانە دادەبەزن كە ناوی خۆیان ناوە (ئەهلی و بێلایەن و سەربەخۆ) و لە راستیشدا (نە سەربەخۆن و نە بێلایەن)، چونكە زۆر نامەسئوولانە كاری میدیایی دەكەن. هەر حزب و گرووپێك بیەوێت ململانێكان توندتر بكاتەوە و ئاشتیی كۆمەڵایەتی بخاتە مەترسییەوە، پەنا بۆ ئەو جۆرە میدیایانە دەبات. تەنانەت زۆرجار ئەگەر كەسێكی بێ ئاگا بیت دەتبەنە سەر لێواری شەڕی ناوخۆ و تروسكاییەك هیوا و رۆشنایی ناهێڵنەوە، هەر خەریكی بڵاوكردنەوەی ژەهری رق و كینەن!

گوتمان سەردەمی شەڕی ناوخۆ تەواو بوو، جنێودەرەكانیش دەرگایان بەسەر داخرا، بەڵام ئەو دۆخەی ئێستا هاتۆتە پێشەوە كە رۆژانەش زیاتر برەوی پێ دەدرێت، دەرفەتی دووبارە گەڕانەوەی بەوان داوە، ئەوانیش مامۆستای ئەو بازاڕەن و دەشزانن تا چەند زیاتر جنێو بدەن ئەوا جەژنانە و بەخششەكانیان زیاتر دەبێت، دەم لە هەموو شتێك دەكوتن، كورد وتەنی كاریتە لە چاوی خۆی نابینێت زلك لە چاوی بەرانبەری دەبینێت، ئەوانی پێ گەندەڵ و بندیوارە، كەچی گەندەڵییەكانی خۆی و ئەو كەسەی شەڕی بۆ دەكات پینەوپەڕۆ دەكات!

لە رووی ئەكادیمیەوە ئەركی میدیا لە پاڵ گواستنەوە هەواڵ و زانیارییەكان، ئەوا شڕۆڤە و شەن و كەویان دەكات، بەڵام لە كوردستان دۆخەكە نزیك بووەتەوە لە مریشكە ڕەشە و ئێسك شكاندن، بەئاگا و بێ ئاگا هەرێمی كوردستان وەك جەنگەڵستان نیشان دەدەن، ئەوەی نەیاری كورد ناتوانێت بیكات ئەوانە بە زیاتریشەوە دەیكەن، وای كردووە تاكی كورد چاوی لەسەر نەیارەكەی نەبێت هێندەی لەسەر خۆی بێت، كە ئەمە بۆ دوورمەودا زیانەكانی لەسەر قەوارەی هەرێمی كوردستان دەردەكەوێت!

ئەم جۆرە میتۆدە لە كاركردن، ئەمانبات بۆ دەروازەیەكی تاریك و تەماوی، هەماهەنگییەكان لەنێوان میدیاكاران و بەڕێوەبەرەكان و سەندیكا میدیییەكان و دەزگا یاسایی و قەزاییەكان نییە. دەبوو ئامانجە گەورەكە ئەوە بێت كە بەرژەوەندییە نیشتمانی و نەتەوەییەكان لەپێش بەرژەوەندیی حزبی و تاكەكانەوە بێت، دەبێ میدیای كوردی جیاوازی لەنێوان (رەخنە لێگرتن) و (سەنگەر لێگرتن) بكات، بەڵام بەداخەوە تا ئێستا نایكات.

- basnews
PM:03:43:02/06/2020