لە ٢٢ی نیسانی ١٨٩٨، یەكەمین ڕۆژنامەی كوردی بە ناوی "ڕۆژنامەی كوردستان"ەوە لە قاهیرە لەلایەن (مقداد میدحەت و عەبدولڕەحمان بەدرخان)ەوە دەرچووە. هەڵبەتە بنەماڵەی بەدرخانییەكان بنەمای ڕۆژنامەی كوردییان دانا، دوابەدوای ئەوان بە سەدان ڕۆژنامەنووس هاتنە كایاوە كە موكریانییەكان رۆڵێكی دیاریان هەبوو تیایدا، ئەوەتا حوسێن حوزنی موكریانی و گیوی موكریانی و كەسانی تری پاش ئەوان لە ڕۆژنامەگەری ئاشكرا و ڕۆژنامەوانی نهێنی پارتەكان وەك نافع یونس و جەمال حەیدەرا و مامۆستا عەلادین سوجادی و پیرەمێرد و حاكم حەیدەری و ئیبراهیم ئەحمەد و جەلال تاڵەبانی. بە سەدان گۆڤار و ڕۆژنامەی كوردی دەرچوون و هاوتەریب بوون لەگەڵ باری كۆمەڵایەتی و سیاسی كوردستان و خزمەتی شۆڕشیان كردووە. هەر لە (بانگی هەق و ژین و ژیان و ژیانەوە و گەلاوێژ و هیوا و هەتاو و پەیام و بیری نوێ و هاوكاری و ڕۆشنبیری نوێ و ڕەنگین)، دواتر ئەوانەی لە باشووری كوردستانەوە دەرچوون كە بە سەدانن.
ژنانی كارگێڕی كەرتی ڕۆژنامەوانی و ڕاگەیاندن تواناكانی خۆیان سەلماندووە لە بواری نوسینی ڕۆژنامەوانی و پێشكەشكاری و تەلەفزیۆنیدا. هەڵبەتە هەوڵی پێشكەشكردنی باشتر دەدەن، ئەوەتا چەندین ناوی ڕۆژنامەوان لە جۆرەها بوارەكان و پسپۆڕە جیاجیاكاندا ئاشكرا دیارن. ئەگەرچی پێوانەی دامەزراندن و پێدانی هەل پابەند نییە بە ڕێنمایی ڕاستەقینە و پیشەیی و دادپەروەرانە، ئەمەش بووەتە هۆی ژمارەیەكی زۆری كارمەندان كە ناگەنە ئاستی پێویست و بوونەتە بەربەستی ڕاستەقینە لەبەردەم کەسە كارامە و باشترەكاندا، هەروەها بوونی دامەزراوە حزبی و توێژ و پشك پشكێنە و نەبوونی دەزگا و دامەزراوەی سەربەخۆ كاریان كردووەتە سەر ژنانی ڕۆژنامەنووس، ئەوەتا بوونی ئەوان پابەندە بە زنجیرەیەك مەرج و كۆسپ و دەبنە هۆی پێشكەوتنیان لە بوارەكاندا. هەڵبەتە لە ماددەی ١٤ی دەستووری ئێراقدا دان بەوەدا دەنرێت كە (ئێراقییەكان هاوتاو یەكسانن بەدەر لە ئایین و ڕەگەز ..هتد)، كەچی هێشتا ژن بەشی تەواوەتی خۆی لە یەكسانیدا بەدەست نەهێناوە، ئەویش دوور نییە لە پشك پشكێنە و ناسیاوێتی و زاڵبوونی لایەنە دەسەڵاتدارەكان بەسەر پۆست و ئاستە حكومییەكاندا.
ڕێژەی بوونی ژنان لە بواری ڕۆژنامەوانی كوردیدا، بە تایبەتی لە بنكەی بڕیاری بەڕێوەبردندا، هێشتا كەم و لاوازە و وێنەی ڕاستەقینەی ژنان ناخاتە بەرچاو لەم كەرتەدا. هێشتا ئاستی نادیارە لە بەشداریكردنی ڕاستەقینەی سەرۆكایەتی دەزگا ڕۆژنامەوانییەكان و سەرپەرشتیكردنی بەرنامە سیاسییەكان، هاوكات لە نووسینی وتاری ستوونی و سەر وتار. بوونی ژن تەنها لە بواری نوسینی تایبەت بە ژن دەردەكەوێت و تەواوی دەزگاكان هەست بەم كەموكورتییە دەكەن، بەڵام خۆیانی لێ بێدەنگ دەكەن سەرەڕای یاسای تۆڕی ڕاگەیاندنی ئێراق كە لەم دواییانەدا دانی بە كۆتای ژن دا نا لە ئەنجومەنی ئەمینداری تۆڕەكەدا، كە بگاتە یەك لەسەر سێی ئەندامانی ئەنجومەنەكە، بەڵام حكومەت پابەندی ئەوە نەبووە و تەنانەت دوو كەسی دامەزراندووە ژنێك و پیاوێك لەئەنجومەنی تۆڕەكەدا، ئەمەش دوورە لە دەستوور و یاساوە، دان بەوەدا دەنێن کە دەبێت كاندید و بەربەرەكانێ دوور بێت لە پشك پشكێنە و لەلایەن ئەنجومەنی نوێنەرانەوە دەنگیان لەسەر بدرێت، ئەو بڕیارە بۆ زەوتكردنی پۆستی ژن بوو، ئەگەرچی چەند پۆستێكی بەتاڵ هەیە و بۆ دوو خانەیە نەك یەك.
لەو كێشە و ئاستەنگییانەی كە ڕووبەڕووی ژنانی ڕۆژنامەنووس دەبێتەوە؛ بابەتی تەنگ پێهەڵچنین و دەستدرێژییە. هەڵبەتە زۆر لە ڕۆژنامەنووسانی ژن بەرەنگاری ئەو كێشەیە بوونەتەوە، زۆربەی بابەتی دەستدرێژی و تەنگ پێهەڵچنین ئاشكرا ناكرێت و سكاڵا تۆمار ناكرێت، ئەوەش بەهۆی كۆمەڵگای پیاوسالارییەوە. هەروەها یاسای سزادانی ئێراقی ماددەیەكی تێدا نییە سەبارەت بە سزای دەستدرێژی بۆ سەر ژنان لە بواری كارکردندا، یاخود بەهۆی كارەوە، بەڵام ماددەیەكی یاسایی هەیە كە هێشتا هەر كاری پێ دەكرێت، ئەویش ماددەی (٤٠٢)ە كە ئاماژە دەدات بە سزادانی دەستدرێژیكار بە ٧٥ دیناری ئێراقی سزا و ئازادكردنی! ئەمەش لایەنی كەم و كورتی یاساكانە. سەرباری هەموو ئەمانە، ژنانی ڕۆژنامەوان بەرەنگاری جۆرێك توندوتیژی دەبنەوە كە پەیوەندی بە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكانی وەک فەیسبووكەوە هەیە، ناوزڕاندنیان لە ڕێگەی بڵاوكردنەوەی هەواڵی دروستكراو یان كردنەوەی پەیجی ساختە و بڵاوكردنەوەی وێنە و گرتەی ڤیدیۆیی نادروست و ناڕاست.
گرنگترین كێشە و هەڕەشەكان كە ڕووبەڕووی ژنانی ڕۆژنامەوان دەبنەوە:
زاڵبوونی باونەریتی و پیاوسالاری. -
- نەبوونی یاسای داكۆكیكار لەسەر مافی ژن بە شێوەیەكی گشتی و جێبەجێ نەكردنیان.
- خراپبوونی باری ئاسایش و ئارامی.
- بەرەنگاربوونەوەی تەنگ پێهەڵچنین و دەستدرێژی لە بواری كار و لەسەر شەقام.
- جیاكردنەوە لەسەر بنەمای جۆری كۆمەڵایەتی لە ئیمتیاز و پاداشت و شاند و سەفەر و كاندیدكردن بۆ كۆنگرە نێودەوڵەتی و هەرێمایەتییەكان.
- نەبوونی دەستەبەری یاسایی و گرێبەستەی فەرمی لە دامەزراوەكانی ڕاگەیاندندا.
- پەیڕەوكردنی سیاسەتی پشك پشكێنە و سەربەخۆ نەبوونی دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن.
- نەبوونی ژنانی ڕۆژنامەوان لە پۆستی سەرۆكایەتی دامەزراوەكانی ڕاگەیاندن و كەمی وەرگرتنی پۆستی ناوەندی بڕیار.
-لاوازی بایەخدان بە لایەنی مەشق و ڕاهێنان و پەرەپێدان و بونیادنانی تواناكان، بەزۆریش ئەم ئەركە دەدرێتە پاڵ كۆمەڵگای مەدەنی، بەڵام دامەزراوەكان پیاوان هەڵدەبژێرن بۆ ئەو ئەركانە بەتایبەتی ئەو ڕاهێنانەی كە لە دەرەوە ئەنجام دەدرێن.
سەرەڕای هەموو ئەو ئاستەنگییانە، كۆڵنەدان و تێکۆشان و خەباتی گەورەی ئێمەی ژنان لەم بوارەدا بەردەوامە