لەبارەی کاریکاتێرەوە
حەمەسەعید حەسەن


کاریگه‌رترین چه‌ک،
بۆ به‌گژدا چوونه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات، 
ئه‌ده‌بی گاڵته‌جاڕییه‌. 
داریۆ فۆ
ساتیر کاریکاتێرە بە وشە، کاریکاتێر ساتیرە بە نیگار. کاریکاتێر بە مانای زێدەڕۆیی دێت و زیدەڕۆیی ڕەگەزی سەرەکیی دروستبوونی کاریکاتێرە. کاریکاتێر ئەو مانایەیش دەدات کە بارێکی قورس لە وەڵاخێکی لەڕ و بێهێز بنێین و ئومێدی گەورە لەسەر بناغەی پووچ هەڵبچنین. کاریکاتێر زیدەڕۆییکردنە لە شێواندن و ناشیرین نیشاندانی ڕووخساری کەسی بە ئامانجکراودا، بە جۆرێک ببێتە هەوێنی پێکەنین. کاریکاتێر دەتوانێت ڕەخنەیەکی کاریگەر بگرێت، ڕەخنەیەک کە گاڵتەجاڕییەکی سەرسووڕهێنی لە خۆیدا چڕ کردووەتەوە. 

کاریکاتێر ئەوەی لە بن بەڕەدایە، ئاشکرای دەکات، تابوو دەشکێنێت و ئەوەی خەڵک لێی بێدەنگ دەبن، دەیڵێت. کاریکاتێر بە کەمترین هێڵ دەتوانێت، زۆرترین شت بڵێت، بۆ نموونە، بە چەند تاڵێک قژ و سمێڵێکی پانی بچووک، هیتلەر پیشان دەدات. کاریکاتێر بە پێکەنین بە گژ کوێروەرییەکاندا دەچێتەوە، زەردەخەنە لە کارەسات قەرز دەکات و بە قۆشمە تۆڵە دەکاتەوە. کاریکاتێر ڕەخنەگرتنە بەدەم پێکەنینەوە، بریندارکردنە بە دەم گاڵتەوە و پشتی بە دووانەی ڕەخنە و پێکەنین ئەستوورە.

کاریکاتێر کە ئیلهام لە واقیعەوە وەردەگرێت، ئامانجی ڕەخنەگرتنە، بەڵام بە شێوازێکی گاڵتەجاڕییانەی تژی لە زێدەڕۆیی. کاریکاتێر ڕای زبری هونەرمەندێکە، لەسەر کەسایەتییەکی ناوداری دەستڕۆییشتوو. دەشێت کاریکاتێر، بەسەرکردنەوەی ڕووداوێکی گرنگ، یان دیاردەیەکی دزێویش بێت، بەڵام هەمیشە بە کۆمەکی خەیاڵ و بە شێوازێکی گاڵتەئامێز. کاریکاتێریست بە هۆشیارییەوە و بە پلانی پێشوەخت داڕێژراوەوە، شێوەی نێچیرەکەی دەشێوێنێت، بە پێچەوانەی شێوەکارانی دیکەوە کە هەر پۆرترەیتێک بکێشن، دەخوازن کوتومت لە کەسایەتیی مەبەست بچێت.

کاریکاتێر لەڕێی هێڵی ساکارەوە، ناوەڕۆکی دەوڵەمەند پیشان دەدات و داکۆکی لە بەهای باڵا دەکات. کاریکاتێریست بە چەکی بڕندەی گاڵتەجاڕی و بە ورووژاندنی پێکەنینی قووڵ، هەم جێ بە قوربانییەکەی لێژ دەکات و هەم ڕۆڵێکی گرنگ لە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکاندا وازی دەکات. کاریکاتێریست ئەو بەها سەردەم بەسەرچووانەی لای ستەمکاران و کۆنەپارێزان پیرۆزن، لە گرێژەنەوە هەڵدەتەکێنێت و کام دەسەڵاتدار کەپووی زۆر بڵندە، دەیکاتە مایەی گاڵتەجاڕی. ساتیرنووس گەمە لەگەڵ وشەدا دەکات، بەڵام کاریکاتێریست، لەڕێی گەمەکردنەوە بە هێڵ، سیمای کام کەسایەتی خۆی زۆر پێ زلە، دەشێوێنێت. کە رۆژنامەیەک دەکڕین، لە سەرنجدانی کاریکاتێرەکەیەوە دەست بە خوێندنەوەی دەکەین، ئەمەیش دداننانە بە بایەخی ئەو هونەرەدا کە هەم زادەی دیموکراتییە و هەم لە چەسپاندنی دیموکراتیدا، بەشدارییەکی بەرچاوی هەیە.

ئەرکی کاریکاتێر، ڕەخنەگرتنە لە هەلومەرجی کۆمەڵایەتی و سیاسی، زۆر جار ئەوەی بە کاریکاتیرێک دەگوترێت، چەندان گوتار پێیان ناگوترێت. کاریکاتێر کە سەر بە هونەری شێوەکارییە، پشت بە واقیع دەبەستێت و پێویستی بە بوێرییەکی زۆر هەیە لە دەربڕیندا. کاریکاتێر لە ڕێی نیشاندانی کەموکووڕییەکانەوە، تاک بۆ ئەوە هان دەدات، خەون بە دونیایەکی ڕۆشنترەوە ببینێت. کاریکاتێر پەیامێکە لە هونەرمەندەوە بۆ خوینەر کە واقیعێک کۆیان دەکاتەوە. هەرچەندە کاریکاتێر پشت بە هەندێک هێڵی ئاسان و ساکار دەبەسیتێت، بەڵام لە توانایدا هەیە، پەیامی گرنگ و مانای قووڵ بگەیەنێت، داکۆکی لە پرسی گەورە بکات و کێشەی ئاڵۆز شی بکاتەوە. کاریکاتێر ڕووناکی دەخاتە سەر کێشە و قەیرانەکان و نەخۆشییەکان دەستنیشان دەکات، بەڵام وەک هەر ژانرێکی دیکەی هونەری، پێشنیارکردنی چارەسەر بە ئەرکی خۆی نازانێت.

کاریکاتێر داکۆکی لە مافەکانی ئینسان دەکات و لە هەوڵی ئەوەدایە، لەڕێی لەقاندنی بنەماکانی نەریتە چەقبەستووەکانەوە،  گوڕێک بە ڕەوتی مێژوو بدات. بەبێ هەبوونی ئازادیی بیروڕا دەربڕین، کاریکاتێر کە لقێکیشە لە درەختی دەسەڵاتی چوارەم، نابێتە خاوەنی جێپێیەکی پتەو. کاریکاتێر تێکەڵەیەکی سەرسووڕهێنە لە واقیع و خەیاڵ، بەهۆی زێدەڕۆییکردنەوە، دێت بابەتێکی بچووک، گەورە. یان شتێکی گەورە، بچووک نیشان دەدات، لەو ڕێگەیەوە هەم پێکەنین دەخولقێنێت و هەم دڵی مەبەستیش دەپێکێت.

کاریکاتێر پێوەندیی بە سەرهەڵدانی ڕۆژنامەگەرییەوە هەیە، کە گۆڤار و ڕۆژنامە پەیدا دەبن، ئینجا هێدی هێدی کاریکاتێریش دێتە گۆڕێ. یەکەمین گۆڤاری کاریکاتێری بە زمانی عەرەبی، ناوی (چاویلکەلەچاو) دەبێت، لە میسر ١٨٧٨ بڵاو دەکرێتەوە، بەڵام دەسەڵات کەیفی پێی نایەت، هەر زوو دایدەخات و خاوەنەکەیشی کە ناوی یەعقووب سەننووع دەبێت، بۆ دەرەوەی وەڵات دوور دەخاتەوە. سەڵاح چاهین، یەکەمین هونەرمەند دەبێت، ڕۆژنامەی ئەهرام لە ١٩٦٢ بە دواوە، کاریکاتێری بۆ بڵاو دەکاتەوە. ڕەنگە ناجی ئەلعەلی کە ٢٩ی ئابی ١٩٨٧دا تیرۆر کرا، لێزانترین کاریکاتێریستی عەرەب بووبێت کە بە پشتبەستن بە خەیاڵێکی فراوان، جوانترین و زبرترین ڕەخنەی سیاسیی دەگرت.

هونەرمەندی کاریکاتێر پێویستە کەسێکی پاک بێت، کەسێک کە نە هونەرەکەی لە قازانجی خودی خۆی دەخاتە گەڕ، نە کێشە کەسەکی و تایبەتییەکانی خۆی، پێ یەکلایی دەکاتەوە. یەکێک لە کێشەکانی کاریکاتێریست ئەوەیە، کە ڕەخنە لە دەسەڵات دەگرێت، بە لایەنگری ئۆپۆزیسیۆن لە قەڵەمی دەدەن و کە ڕەخنە لە ئۆپۆزیسیۆن دەگرێت بە پیاوی دەسەڵاتی نێوزەد دەکەن، هەرچەند کاریکاتێریست تەنیا ئەوە دەردەبڕێت کە باوەڕی پێیەتی، بە چاوپۆشین لەوەی، کێ لێی زویر دەبێت و کێ کەیفی پێی دێت. کاریکاتێریست لە بەرگێکی (شیرین)دا، بە هیوای گۆڕینی، واقعێکی (تاڵ) بەسەر دەکاتەوە و هەمیشە لە سەنگەری خەڵکی ستەملێکراوەوە دەپەیڤێت.

کاریکاتێریست بێ ترس لە ستەم و سانسۆری سیاسی و ئایینی، ڕووناکی دەخاتە سەر دیاردە دزێوەکانی نێو کۆمەڵ و پەنجەی تۆمەت بۆ ئەوانە درێژ دەکات کە لە ڕوانگەی خۆیەوە، بە خراپەکاریان دەزانێت. کاریکاتێر لەنێو هەناوی ڕۆژنامەوە لە دایک دەبێت و گەشە دەکات، ئاخر ڕۆژنامە وەک پێشانگەیەکی هەمیشەیی وایە، بۆ نمایشکردنی ئیشە هونەرییەکانی کاریکاتێریست. کاریکاتێر لە ڕۆژنامەدا، هەواڵ نییە، (ڕا)یە، هەر وێنە و پۆرترێت و هێڵکاری نییە، بەڵکوو زۆر جار کۆمەک لە دیالۆگ و کۆمێنتیش وەردەگرێت. کاریکاتێر هەرچەندە پشت بە گاڵتەجاڕی دەبەستێت، بەڵام پلار و نوکتە و قۆشمە نییە، هاوزەمان لوتکەی هونەری شێوەکارییە و کۆمێدیایشە لەوپەڕی درەوشانەوەیدا. 


AM:05:22:31/10/2020