‌فۆبیا !
دڵشاد ئەنوەر


لە نەخۆشخانەی قەڵا، لای دکتور ئەیاد محەمەد عەلی بووم، دوو گەنج خۆیان کردە ژوورا، یەکیان وتی : تەنگەنەفەسم، فریام بکەوە، کۆرۆنامە...

دکتۆر ئەیاد فەحسی کرد و هەندێک ڕێنمایی کرد، بابە هیچ نیە، بەسیتە و تۆ گەنجی، خۆت بدەخۆر ، ئەوە بخۆ و لەم جۆرە ڕێنماییانە، گەنجەکە هێور بووەوە...

ئەو گەنجەم بەو جۆرە بینی کە توشی فۆبیابوو، بە ئەرکی خۆم زانی، ئەم چەند دێڕە بنوسم:

خۆم توشی کۆرۆنا بووم، بە خەستیش گرتم و عەزیەتی دام، خەڵکیش هەیە سوک گرتویەتی، بەڵام ئەوەی دەمەوێ بیڵێم:

یەکەم: من هەموو نیشانەکانم تێپەڕاند و نەخۆشیەکە کۆتایی هات، دوو شەو عەزیەتی دام، شەوێکیان سعات ٩ سنگم توند بوو، هەناسەم کەمێ بە زەحمەت بۆ دەدرا، سەیارەم خستە ئیش، فڕەیەکم بەناو دارەکانی گردەگۆزینە لێداو تێر هەوای پاکم هەڵمژی  و هاتمو ماڵ.

شەوێکی تر، وەکو ئەوەی شتێ ناو قورگما بێت، تەواو ناڕەحەت بووم، لە ١٢ تا ٤ی بەیانی نەیهێشت بخەوم، تێگەیشتنم بوو، ئەمزانی ناڕەحەتم دەکات، بەڵام مەترسیدار نیە، بۆیە لەسەر جێگە هەستام، دیسانەوە دەم و چاوم شۆرد، سەیارەم خستەوە ئیش و چووم بۆ ناو باخەکانی گردەگۆزینە، تێر هەوام هەڵمژی و لە پێنجی بەیانی گەڕامەوە خەوتم.

دووەم:  کە  توشبووی، پێویست بەترس و شڵەژان ناکات، پێویست بە دەمە داچەقە ناکات، ماڵ و مناڵت زیڕە پێ بکەی، پێویست بەوەش ناکات فو بکەیتە دونیا، دوعام بۆ بکەن و چی و چی، کەمێک ئارام بگرە...زانیت زۆر ناڕەحەتی ڕێنمایی لە دکتور و خەڵکی پسپۆڕ وەربگرە، پشت بەخودای گەورە ببەستە، انشاللە کاتی یەو تێدەپەڕێ...

سێ یەم: کۆرۆنا بەو دەرەجە مەترسیدار نیە، خەڵک تۆقێنراوە، بەڵام توشبوو ، دەبێ، خۆی لە بەتەمەن و نەخۆش و ناساغەکان دوور بخەیتەوە، ئینجا بەهەر خۆراک و شتێ مورتاح بووی بیکە، چونکە لایەنی دەروونی گرنگە.

سوپاس بۆ یەک بە یەکی ئەوانەی بە حەرفێ ڕێنماییان یاخود عەزیەتیان کێشاو هاوکارم بوون. دەستی ئەو دکتۆر و موعاون توبیانەش دەگوشم ساحەکەیان چۆڵ نەکردووە و خزمەتی ئەو خەڵکە هەزارجار زوڵم لێکراوە دەکەن.

تێبینی: لام گرنگ نەبوو، نەشمویست  هیچ بڵێم، حەزم کرد هەر بە بێدەنگی تێیپەڕێنم، ئەو گەنجەم دی، بەئەرکم زانی ئەم چەند دێڕە بنوسم...


AM:08:57:27/06/2020