ڕۆژنامەنوسی ڕاستەقینە كێیە؟
دێكان عەلی


لەم ساڵانەی دووایدا، لەگەڵ كرانەوەی كۆمەڵگەی كوردی و پێشكەوتنی ئامرازەكانی ڕاگەیاندن، كۆمەڵێك لەژنان و كچان لەژێر ناوی ( ڕۆژنامەنوس، ڕاگەیاندنكار)، هاتنە مەیدانەكە.
بەشێك لەو ژن و كچانە بەدڵنیاییەوە خاوەن توانا و هێزێكی پۆڵایین، كە شان بەشانی پیاوان ڕووماڵی ڕووداو پێشهاتەكان دەكەن. تا ئێرە مایەیی شانازییە، چ بۆمن، چ بۆ هەر ژنێكی تر.

ئەوەی نائاساییە، دەمەوێت لەبارەیەوە بیڵێم، دەركەوتنی هەندێك بەناو ڕۆژنامەنوس و ڕاگەیاندنكار و هەندێك بەناو نوسەری ژن هەیە، بێگوێدانە گرنگی كاری میدیایی خۆیان بەكارەكە هەڵواسیوە (وێنەیەكی ناشرینی كاری میدیاییان لەنێو دەزگاكانی ڕاگەیاندن درووستكردووە، زانیارییەكی ئەوتۆیان لەسەر كاری میدیایی و ئەتەكێتی میدیا نیە، ڕەنگە بەشێكی زۆریان لەنەبوونی كار، هاتوونەتە بوارەكە).

كێ ڕۆژنامەنوسی ڕاستەقینەیە؟!! كێ نوسەری ڕاستەقینەیە؟!! كێ شایەنی ئەوەیە، بە شانازییەوە بڵێن فڵان ژنە ڕۆژنامەنوس و فڵان ژنەنوسەرە؟

لەتەواوی دوونیا، چ نوسەر(وتارنووس، ڕۆمانووس، نوسەری كتێب....هتد)، چ ڕۆژنامەنوس، چ هەریەك لەبێژەرەكانی كەناڵەكانی ڕاگەیاندن خاوەن باگراوەندێكی ڕۆشنبیری و هەگبەیەكی پڕ لەزانیارین. بەگشتی ئاگاداری ڕووداوەكانی جیهانن. بەڵام بەداخەوە لەهەرێمی كوردستان، دەكرێت بڵێین بەشێك لەو كادرە میدیاییانەی دەركەوتوون، شارەزایی ئەوتۆیان نیە، توتی ئاسان. ڕەنگە تەنیا لەبەرئەوەی شێوە و ڕوخسارێكی جوانی هەیە، قبوڵكرابێت. بەڵام ئەگەر بەراورێكی بچوك بكەین لەنێوان ژنەبێژەرو ڕۆژنامەنوسەكانی كەناڵێكی وەك جەزیرە، العربیە، سكای نیوز، bbc...هتد، دەبینن ئەو ژنانە، بەو پەڕی متمانەو بڕوواخۆبوون و ئەو پەڕی لێهاتوویی چۆن كارە ڕۆژنامەوانییەكانیان دەكەن.
بێژەرەكانیان، بەردەوام ڕاهێنانی زیاتر دەكەن بۆ برەودان بەتوانا ڕۆژنامەوانیەكانیان (لەنزیكەوە خۆم ئاگاداریانم، چۆن پەرەدەدەنە تواناكانیان).

بابێنە سەر ژنەنوسەرەكانمان، ئایا كام لەو ژنەنوسەرانە خاوەن قەڵەمی ڕاستەقینەی خۆیانن؟

بەدڵنیاییەوە خاوەنی چەندیین ژنەنوسەری بەتوانایین، بەڵام ژمارەیان هێندە كەمە ڕەنگە وەك كوردەواری دەڵێت لەپەنجەكانی دەستمان تێناپەڕێت.
ئەوەی جێگەی داخە، ئێستاش بەشێك لە ژنانی نوسەری ئێمە توانایەكی ئەوتۆیان نیە(سەرەتایترین شت خاڵبەندی و بەكارهێنانی فاریزە و هێما پێویستیەكان نازانن)، تا بابەتێكی رژدی بنوسن، دەبێ كەسێك دووبارە پێداچوونەوەیان بۆبكات، یاخوود كەسێك بابەتیان بۆ دەنوسێت و لەژێر ناوی خۆیان بڵاوی دەكەنەوە.

تا ئێستا بەشێك لەو نوسەرە ژنانە فۆنتی كوردی لەسەر ئامێرە زیرەكەكانیان نیە، وەك هەمیشە پشت بەكەسێكی تر دەبەستن، پێمووایە دەبێ ژنان تواناشاراوەكانی خۆیان دەربخەن، ڕێگە نەدەن لەپشت دەقەنوسراوەكانیان كەسێك هەبێت هەڵەكانیان ڕاست بكاتەوە، پێداچونەوە بۆكارەكانیان بكات، بەڵكو هێزی نوسینی خۆی بخاتەگەڕ. ئەویش لەڕێگەی خوێندنەوەی بەردەوام، نوسینی بەردەوام، هەوڵدان بۆ زیاتر ئاشنابوونی بەزمانی كوردی، تا لەنوسینی هەربابەتێكی ڕۆژنامەوانی، كۆمەڵایەتی، سیاسی، ئابووری....هتد، هاوكاری بێت.

خاڵێكی تریش، دانانی چەند مەرجێكی گرنگ تا بێژەر و ژنە ڕۆژنامەنوسەكانمان باشتر و پیشەییانەتر كارەكانیان بكەن، ئەویش تاقیكردنەوەی تواناسازیی ڕۆژنامەوانی بۆ هەریەكێك پێش دەستبەكاربوونی وەك میدیاكار (ئەمە بۆ بۆ هەردوو ڕەگەز ڕاستە و پیمووایە دەبێت بكرێت)، هەروەها كردنەوەی خولی بەهێزكردن لەلایەن دەزگاكانی ڕاگەیاندن، بۆبەرزكردنەوە و گەشەپێدانی توانا ڕۆژنامەوانییەكانیان.

-rwangauraxna
PM:01:24:25/06/2020