دیموکراسی واتا حوکمی گەل ( کۆمەڵێک پێناسەی زۆر و جۆراوجۆر بۆ دیموکراسی هەن، بەڵام بەگشتی لە یەک خاڵی گرنگدا خۆی دەبینێتەوە، ئەویش بریتییە لە سەروەری گەل و چارەنووسی گەل)، لە گرنگترین سیمای دیموکراسییەت، هەڵبژاردن و هاوبەشی گەلە، لە سیاسەت و حوکمڕانی و دەسەڵاتداران و فەرمانڕەواکان هەڵدەبژێرن و لە ڕێگای نوینەرەکانیانەوە لە پەرلەمان هاوبەشی فعلی حوکمڕانی دەکات.
پیرۆزی پەرلەمان لەوەدایە، کە نوینەرەکان هەڵبژاردەی میللەتن شەرعیەتیان هەیە بۆیە کاتێک سوێند دەخۆن، دەبێت ڕاستگۆبن لەگەڵ دەنگدەرەکانیان کە هاوڵاتییان متمانەیان پێداون لەپێناو بەرژەوەندی و خزمەتی میللەت کار بکەن. لە ڕێگەی پارتە سیاسییەکانەوە نوینەرەکانیان کاندید و بەربژێر دەکەن و هاووڵاتییان وەک مافێکی ڕەوای خۆیان دەنگ بەو کاندیدە دەدەن کە مەبەستییانە و بڕوایان پێیەتی، بەڵام لە کۆتاییدا ئەوان دەبێت بۆ نیشتمان و میللەت لە خزمەتدا بن و کاری پەرلەمانتار پیرۆزە دەبێت ڕیسا و یاساکانی جێگەی رێزبێت هیچ کارێکی بەدەر لەوە دەبێتە بەرپرستارێتی لەبەردەم هاووڵاتییان نەک بێتە ستیەج و مسرحی ناکۆکی حزبەکان.
ئەوەی لەمدوایانە لە پەرلەمان دەبینرێت، لە سایەی گرووپێكی حزبی جۆریکە لە شکاندنی شکۆی گەل و سڕینەوەی دەنگی هاووڵاتییبوون و لادان لە ریتمی دیمکراسیبوون دەنگی زۆرینەی گەل. ئەوەی جێگەی تێڕامانە ئەو گرووپە پەرلەمان وەک دەزگایەکی حزبی نمایش دەکات لە کوردستان نەک شوینی یاسادانان و بەدواداچوون و لیپرسینەوە بێت کە ئەوانە ئەرکی سەرکی پەرلەمانن، بەداخەوە سەرۆكی پەرلەمان ئەوەی نەكردووە، بگرە رۆڵی هەبووە لە قووڵكردنەوەی كێشەكان.
کۆمەڵێک هۆکار و کەموکوڕی هەیە کە بوونەتە سەرلیشواندن و ناجێگیری سیستەمی سیاسی و نەمانی ئاستی بێمتمانەی لە لای هاووڵاتییان لەوانەش:
* نەبوونی دەستوورێک بۆ دیاریکردن و رێکخستنی دەسەڵاتەکانی وڵات.
* نەبوونی پەرلەمانێکی بەهێز و چالاک و بەتوانا .
* کاندیدی پەرلەمان لە لایەن پارتە سیاسییەکانەوە کە بەربژێر دەکرێت، بەڵام گرنگی زۆر بەتوانستیان نادرێت، تەنیا بۆ پڕکردنەوە و بەدەستکەوتنی کورسییە .
* بوونی دارایی زۆر و شایستەدارایەکان و ئیمتیاز و پاشان خانەنشینکردنیان بە موچەی زۆر کە بۆتە هۆکاری شکستی پەرلەمان لەبری هەوڵدان بۆ خزمەت و بەدیهێنانی بەرژەوەندیی هاووڵاتییان هەوڵدان بۆ سەروەری یاسا و یەکسانی کۆمەڵایەتی.
* نەبوونی دەزگای چاودێری گەل لەسەر پەرلەمان .
* نەبوونی شارەزایی تەواوی ئەندام پەرلەمانەکان بە کاری پەرلەمانی.
* نەبوونی ئایدیای ئاڵوگۆڕی دەسەڵات.
دیمکراسی پێویستی بە زەمینەسازی و ڕۆشنبیرییە، گەرنا مانا و گۆڵی سەرەکی دیموکراسی تەنیا وەک خەونیک دەبێت، دیموکراسییەت بە ناکامی کاڵوکرچی دەمێنێتەوە، پەرلەمان لە گرنگترین دەسەڵاتەکان و دڵی سیستەمی سیاسییە کە دەسەڵاتی یاسادانان.
گەر پەرلەمان بەو جۆرەی لەسەرەوە ئاماژەمان پێکرد، بەردەوام بێت، بوونی دەچێتە ژێر پرسیارەوە، نەبوونی باشترە! کاتێک هاوڵاتی دەنگدەر لە ماوەی چوار ساڵ دەنگ بە کۆمەڵێک کاندید دەدەن و پاشان ئەوانەی براوە دەبن و دەبنە مووچەخۆر و بارگرانی و بێسوود بۆ حکوومەت و گەل لەوە زیاتر نابیت!، چونکە ئەوەی دەگوزەرێت لە بێسوودی پەرلەمان و زیادە زیاتر هیچتر نابینریت، خۆیان بوونەتە کێشە بو هاووڵاتی لەبری چارەسەری کێشەی هاووڵاتی بە یاسای پێویست، هاووڵاتی مافی خۆیەتی لە نوێنەری خۆی بپرسێت و بزانێت چ کردووە و کارنامەی بۆ ٤ ساڵی و چ جۆرە پرۆژەیاسای پێشکەشکردووە؟؟ زۆری تر، بەڵام هیچ لەوانە بوونی نییە کە دەبێت پەرلەمان لە ژوورێکی داخراوی ون ببێتە دەزگایەکی کراوە و و چالاک لە پێناو خزمەتی هاووڵاتیان و بەدیهێنانی ئامانج و گەڕانەوەی متمانە و پیرۆزی پەرلەمان و کارکردن بۆ سەروەری یاسا وعەدالەتی کۆمەڵایەتی.
لە گرنگترین خاڵەکانی بەردەوامی سیستەمی سیاسی چاکسازی و نوێبوونەوەیە، چونکە سیستەمی سیاسی لەشێوەی گۆمێکی ئاودا دەشووبهێنن بۆی بۆگەن نەکات، پێویستە بەردەوام ئاوی بچێتە سەر و ئاوی لێبڕوات، تاکو بەردەوام پاک و گونجاو بێت بۆ خواردنەوە بە هەمان شێوە سیستەمی سیاسی دەبێت بەردەوام تازە بیتەوە و بەرنامە و پرۆگرام و ستراتیجی نوێ داڕێژیت و کادر و ئەندامی نوێ ئامادە بکات بۆ بە دەستهێنانی ئامانج و خەونەکانی کە لە ئاست خواست و پێداویستی کۆمەڵگا و هاووڵاتییان بێت و کار بۆ چاکسازی و بەردەوامی خۆی بدات و کاری جیدی بکات بۆ گەڕانەوەی متمانەی هاووڵاتییان و دابینکردنی دەنگێکی زۆر نوێ بۆ خولی داهاتووی هەڵبژاردن کە خۆی لە ئاست بەرپرسیاریتی ببینێتەوە ئەوەش بە :-
١-دەستورێکی بەهێز و گونجاو کە هەموو دەسەڵاتەکان و ماف ئازادییەکانی بەروونی ئاماژەی پێبکریت.
٢-بنەما سەرەکییەکانی سیستەمی سیاسی لە ڕێگەیی یاسایەکی باڵاوە رێکبخرێت وەک دەسەڵاتی یاسادانان و دەسەڵاتی جێبەجیکردن و دادوەری سەربەخۆ.
٣- ئاڵوگۆڕی دەسەڵات .
٤-بەردەوامبوونی سەرپەرشتی و بەدواداچوونی پەرلەمان بە ئامانجی جێبەجێکردنی یاسا و سزا و پاداشت .
-xebat