مامۆستایان بەرپرسیاری یەکەم نین لە نزمی ئاستی خوێندن
ڕەهێل دزەیی


پیشەی مامۆستایی یەکێکە لە پیشە پیرۆز وکاریگەریەکانی ناو کۆمەڵگا. مامۆستاییش وەک هەر پیشەیەکی تر کە بە شارەزایی ودڵسۆزی ئەنجامدرا بێگومان بەرهەمەکەی سەرسوورهێنەر دەبێت، بۆ ئەوەی سەرکەوتووبین لە هەر پیشەیەک دەبێ زانیاری زۆر لەسەر پیشەکە بزانین لە ڕیگای خوێند و خۆدەوڵەمەند کردن بە زانستی تازە و سەردەمیانەدا.

 

زۆربەمان کۆکین لەسەر لاوازی ئاستی خوێندن و خراپی سستمی پەروەردە و فێرکردن لە هەرێمی کوردستان. زۆرێک لە خوێندکاران ئاستی خوێندن و نووسینیان زۆر لاوازە و زانست و زانیاریەکانیان لە ئاستێکە کە بە شانازیەوە باس ناکرێت، خاوەن ڕۆشنبیریەکی زۆر کەمن. لایەنی پەروەردە بەتەواوی فەرامۆشکراوە.

 

مامۆستا بەرپرسیارە لەبەرامبەر لاوازی ئاستی خوێندکارەکانی، بەڵام لە هەرێمی کوردستان بێویژدانیە خراپی ونزمی ئاستی خوێندن بە تەنها بخەینە ئەستۆی مامۆستا. بۆ ئەوەی مامۆستا بە کار و ئەرکی خۆی هەستێت و بتوانیت نەوەیەک فێربکات چەندین ئامادەکاری و پیداویستی هەیە دەبێ بۆی ئامادە بکرێت.

بەشێک لە هۆکارەکانی ئاست نزمی وخراپی خوێندن لە هەرێمی کوردستان دەگەڕێتەوە بۆ ئەمانەی خوارەوە:-

 

خراپی سستمی پەروەردە و فێرکردن کە لەسەر فەلسەفەی کلاسیک بنیادنراوە.
پەرلەمانی هەرێمی کوردەستان و بەتایبەتتر لیجنەی پەروەردە تا ئێستا درک بە ئەرکی خۆیان ناکەن و هەڵنەستاون بە بەرپرسیاریەتی خۆیان بەرامبەر بە گەلەکەیان، نازانم لە نەزانیانە یان بەمەبەست ئەرکەکەیان پشتگوێخستوە. ئەرکی پەرلەمانی کوردستانە هەستێ بە دارشتنی سستمی پەروەردە وفێرکرد ودانانی پلانی فێرکردن و کامە فەلسەفەی پەروەردەیی پەیڕەو بکرێت بۆ هەرێمی کوردستان و وەزارەتی پەروەردە وفێرکردن پابەند بکات بە جێبەجێ کردنی، داوا لە وەزارەتی خوێندنی باڵا بکات لەسەر بنەمای فلسەفە و ئەو سستەمەی دایانڕشتوە کادری پەروەردەیی دروست بکات.

 

بینای خوێندنگاکان بە شێوازێکە خوێندکار هان نادات کە چێژ لە خوێندن وەربگرێت وئینتمای بۆهەبێ. خوێندنگا دەبێ پۆلەکانی گەورەبێ وهەموو پێداویستیەکانی وانەبێژی بۆ دابین بکرێت، شوێنی دانشتنی خوێندکاران بگۆڕدرێت بە کورسی ومێز، بە شێوەیەک خوێندکارەکان بەرامبەر یەکتر دابنیشن وسەیری چاوی یەکتر بکەن و قسە لەگەڵ یەکتر بکەن، نەک پشتی یەکتر ببینن. پۆلەکان ژمارەیەکی زۆر خوێندکاری لێ نەبێت بۆ ئەوەی مامۆستا بتوانیت خوێندکارەکانی خۆی بناسێت وشێوازی فێربوونی هەر خوێندکارێک دەستنیشان بکات. سستمی دوو مامۆستا لە پۆلێکدا پەیڕەو بکرێت.

 

زۆر گرنگە لە هەر خوێندنگایەک یەک دەوام هەبێت بۆ ئەوەی خوێندکار و مامۆستا خوێندنگا و پۆلەکەیان بە هی خۆیان بزانن و بیپارێزن و کێشەی کەمی ماوەی خوێندن و مانەوە لە خوێندنگاش چارەسەردەبیت.

 

قۆناغی بنەڕەتی و بەتایبەت بازنەی یەک گرنگترین و هەستیارترین قۆناغەکانی خوێندنن، بۆیە پێویستیان بە کادری پەروەردەیی تایبەت هەیە، خاوەن بڕوانامەی زانکۆبن، بەتایبەت بۆ پەروەردە و فێرکردنی ئەم قۆناغە ئامادە کرابن. ئەوەی لە هەرێمی کوردستان پەیڕوەدەکریت، ئەوانەی خاوەن نزمترین بڕوانامەن وەک مامۆستا دادەنرێت بۆ ئەم قۆناغە، گرنگی و هەستیاری ئەم قۆناغەیان بە هەند وەرنەگرتوە. بوار بڕەخسێ بۆ دەرچوانی پەیمانگەی مامۆستایان درێژە بەخوێندن بدەن و بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەست بێنن.

 

مامۆستا ناتوانێت بە هەموو هزر وتوانای بە ئەرکەکانی هەستێت لەکاتێکدا بیری لەلای چۆنیەتی دابین کردنی بژێوی و پێداویستیەکانی خۆی و خێزانەکەی بێت. مامۆستا دەبێ موچەیەکی ئەوتۆی هەبێ کە ژیانی خۆی و خێزانی بە باشترین شیوە پێبەڕێوەببات. ئەگەر دەسەڵات پەرۆشی ئەوەی بێت نەوەیەکی خوێندەوار وڕۆشنبیر وپڕ لە زانستی هەبێ، یەکەم ئەرکی ئەوەیە کە موجەیەک بە ئاستی پیرۆزی و گرنگی ئەرکەکەی بە مامۆستا بدات.

 

ئاستی زانستی مامۆستایان و شارەزاییان لە زانستی پەروەردە و فێرکردنی لە ئاستیکی نزمدایە، ئەوە دەگەرێتەوە بۆ ئاست نزمی زانکۆکان. کۆلیجەکانی پەروەردە کە مامۆستا ئامادە دەکەن و دەیاننێرن بۆ خوێندنگاکان، گرنگی بە زانستی سەردەمیانەی پەروەردە و فێرکردن نادەن زیاتر گرنگی بە مادە زانستیەکە دەدەن. خوێندکار کۆلێجی پەرەوردە و فێرکردن تەواو دەکات شارەزایی نیە لەسەر شێواز و مۆدێل ومیتۆدەکانی وانە بێژی!

 

بەرزی ئاستی کەرتی پەروەردە و فێرکرنی هەر وولاتێک پێناسەیە بۆ حکومڕانێکی ڕەشید و سەرکەوتوو و پێشکەوتوو. بە پێچەوانەشەوە ئەم ووڵاتانەی گرنگی نادەن بە کەرتی پەروەردە وفێرکردن، ئاستی خوێندن و زانست تێیدا نزمە، ئەمە بەڵگەیە بۆ خراپی حکومڕانی وگەندەڵی دەسەڵاتدارانی وهەوڵدانیان بۆ تێکدانی شیرازە و بە نەخوێندەواری کردنی کۆمەڵگا لە پێناو مانەوەی خۆیان وچەوسانەوەی زیاتری خەڵکەکەیان.

 

ئەم جۆرە لە دەسەڵاتانە تەنها کار بۆ بەرژەوەندی خۆیان وکەسە نزیکەکانی دەوریان دەکەن، بەهیج شیوەیەک دڵسۆزی ووڵات و گەلەکەیان نین، خۆشەویستی و وەلائیان تەنهاو تەنها بۆ خۆیان هەیە نەک وەک ئیدعا دەکەن کە ژیانیان تەرخان کردوە بۆ خاک و گەلەکەیان.

-rezhna
AM:04:31:24/06/2020