ئه‌و ماوه‌یه‌ی كه سیستمی نوێی عیراق له 17 ساڵی رابردوودا بڕیویه‌تی چه‌نده؟ ئه‌ی ئاستی گه‌شه و په‌ره‌سه‌ندن و پێشكه‌وتنی چه‌نده؟.. ئه‌م دوو پرسیاره دێڕونیوێكی سه‌ره‌تای وتارێكی عه‌لی حسێن-ی نووسه‌ره كه له رۆژنامه‌ی (المدی)ی عیراقی‌دا بڵاویكردۆته‌وه و تێیدا ده‌ڵێت: “ئه‌زموونی گه‌لان ئه‌و ماوه‌یه‌مان بۆ دیاری ده‌كات كه ده‌كرێت تێدا كاری مرۆیی پێی بگات، كاتێك هه‌وڵه‌كان و ویست و نیازه پاك و راستگۆكان یهكدهخرێن له بنیاتنان و پێشخستنی نیشتماندا”.
ئایا جێی سه‌رنج و سه‌رسامی نییه كاتێك لاپه‌ڕه‌كانی مێژوو هه‌ڵده‌ده‌ینه‌وه و ده‌بینین پیاوێكی وه‌ك دنگ شیاو بینگ-ی جێگره‌وه‌ی ما‌و، داوای یارمه‌تی له سه‌ركرده‌ی ده‌وڵه‌تێكی به‌قه‌باره‌ی سه‌نگافوره ده‌كات بۆئه‌وه‌ی ئه‌زموونی ئه‌و بگوازێته‌وه بۆ چین؟ سه‌رسام ده‌بین! بینگ خودی خۆی به‌نهێنی ده‌چوو بۆ بینینی لی كوان بۆئه‌وه‌ی راوێژی پێبكات. ده‌شزانین كه وهرچهرخانهكهی چین ده‌بێته گرنگترین رووداو له مێژووی هاوچه‌رخدا، كاری دوو كه‌سی ماركسیست بوو. یه‌كێكیان سه‌ركرده‌ی گه‌وره‌ترین حزبی شیوعی و دووه‌میشیان سه‌ربه باڵی ماركسی بوو له باشووری سه‌نگافوره.
دنگ ده‌ڵێت: “ئه‌گه‌ر ویستت له رووبارێك بپه‌ڕیته‌وه ده‌بێت به‌رده‌كانی ناوی رێكبخه‌یت بۆئه‌وه‌ی به سه‌لامه‌تی بپه‌ڕیته‌وه”.
ئه‌زموونی سه‌ركه‌وتووی گه‌لان له‌سه‌ر بنه‌مای قوربانی به‌خۆدان و به‌شداریی كارا له بونیاتنانی وڵات و راستگۆیی هه‌ستی مرۆڤایه‌تی بووه، به‌ڵام ئه‌زموونی سیستمه شكستخواردووه‌كان له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و زام و برینانه‌یه كه له‌سه‌ر جه‌سته‌ی نیشتمان جێی ده‌هێڵن.
پێش 50 ساڵ دیگۆل خۆی نه‌فی كرد بۆ گوندێك له باشوور بۆئه‌وه‌ی دووربێت له ره‌وتی رووداوه‌كانی ساڵی 1968 كه وڵاته‌كه‌یی گرته‌وه. پێشتر هه‌وڵیدا قه‌یرانه‌كه به پێشنیازی چاكسازیی چاره‌سه‌ر بكات و داوای له گه‌لی فه‌ره‌نسا كرد ریفراندۆمێكی له‌سه‌ر بكات، پێداگریی له‌وه‌ش كرد كه ئه‌گه‌ر گه‌ل له‌سه‌ر ئه‌و چاكسازییانه ره‌زامه‌ند نه‌بوو، ئه‌وا ده‌ست له‌كارده‌كێشێته‌وه. ئه‌وه‌بوو گه‌ل ریفراندۆمه‌كه‌ی كرد و له‌ئه‌نجامدا پێشنیازه‌كان شكستیانهێنا.
دیگۆل-یش وه‌فاداربوو به‌رامبه‌ر به‌ڵێنه‌كه‌ی خۆی و بۆ رۆژی دوایی ده‌ستی له‌كاركێشایه‌وه بۆئه‌وه‌ی سه‌نگ و قورسایی و پێگه و پایه‌ی له‌ناو عه‌قڵی ئه‌وانی تردا بمێنێته‌وه، سه‌نگ و پایه‌ی وه‌فاداریی سیاسی و ئه‌خلاقی و سه‌ربازیی خۆی كه تاكه گولـلهیهكیشی به‌ڕووی نه‌یاره‌كانیدا نه‌ته‌قاند.
چه‌ند مایه‌ی سه‌رسامییه ده‌رباره‌ی كه‌سێك بخوێنینه‌وه كه ژیانی خێزانه‌كه‌ی پیرۆز بكات و له تاراوگه‌ی بژارده‌ی خۆیه‌وه نامه بۆ نه‌وه‌كانی بنووسێت و ئامۆژگارییان بكات كه “هیچ شتێك له فه‌ره‌نسایه‌كی ئارام و جێگیر گرنگتر نییه”. لێره‌دا هیچ شتێكی نییه بێجگه له ده‌سته‌سڕێك كه به‌دیاریی بینرێت بۆ هاوسه‌ره‌كه‌ی.
له‌وێ پزیشكی گونده‌كه سه‌ردانی ده‌كرد و له‌گه‌ڵ جووتیارهكاندا به قسه‌ی خۆش باسی بهروبوومهكانیانی ده‌كرد. داده‌نیشت بۆئه‌وه‌ی گرنگترین شتێك بنووسێت كه سیاسییه‌ك له مێژوودا نووسیویه‌تی، ئه‌ویش بیره‌وه‌رییه‌كانی خۆی بوو كه ناوینا (بیره‌وه‌ریی هیوا)، هیوا و ئومێد به فه‌ره‌نسایه‌كی پێشكه‌وتووتر و گه‌شه‌سه‌ندووتر و سه‌لامه‌تتر.
دیگۆل هه‌میشه دوو نووسه‌ری له ده‌وروبه‌ر بوون، ئه‌وانیش ئه‌ندریی مارلۆ و فرانسوا مۆریاك بوون. به‌ڵام له ده‌ره‌وه نووسه‌رێكی دیكه هه‌بوو كه ره‌خنه‌ی له سه‌رۆكی ئه‌لیزی ده‌گرت. سارته‌ر دژایه‌تیی دیگۆل-ی ده‌كرد و گاڵته‌ی پێ ده‌كرد. روبه‌ڕوبونه‌وه‌ی توند هه‌بوو له‌نێوان بلیمه‌تی فیكر و بلیمه‌تی سیاسه‌تدا كه تێیدا دیگۆل رێزی سارته‌ر-ی ده‌گرت. كاتێكیش سارته‌ر بووه سیمبولی جۆشدانی هه‌ستی خوێندكاران و رابه‌رایه‌تیی توند‌وتیژترین خۆپیشاندانه‌كانی كرد، رۆژنامه‌كانی فه‌ره‌نسا پڕبوون له وێنه‌ی سارته‌ر كه بڵاوكراوه‌ی دژی ده‌سه‌ڵاتی حوكمڕان بڵاوده‌كرده‌وه، هه‌ر له‌وكاته‌دا ژماره‌یه‌ك له سه‌ركرده ئه‌منییه‌كان و وه‌زیره‌كان داوایان كرد زیندانیی بكرێت، به‌ڵام دیگۆل به گوزارشت و ده‌ربڕینه به‌ناوبانگه‌كه‌ی وه‌ڵامیدانه‌وه و وتی:”كه‌س ڤۆڵتێر زیندانیی ناكات، ئایا ده‌كرێت فه‌ره‌نسا بخه‌ینه زیندانه‌وه؟”.
-knwe