من تێناگه‌م، یان ئه‌وانه‌ی له‌ شاشه‌ قسه‌ده‌كه‌ن هیچ ناڵێن؟
غازی حه‌سه‌ن


ماوه‌یه‌كه‌ له‌ ئه‌نجامی سه‌یركردنی شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردی تووشی دڵه‌ڕواكێیه‌كی توند بووم، دڵه‌ڕاوكێیه‌كه‌ هه‌ندێك جار ئازارم ده‌دات، له‌به‌رئه‌وه‌ په‌نا وه‌به‌ر كوژانه‌وه‌ی شاشه‌كان ده‌به‌م. ڕقم ده‌بێته‌وه‌ و بێز له‌و توانا و ده‌رفه‌ت و هێزی دارایی و مرۆییانه‌ش ده‌كه‌مه‌وه‌، له‌و كاته‌ی هه‌ست ده‌كه‌م بۆشاییه‌كی گه‌وره‌ له‌ نێوان من و شاشه‌دا دروست ده‌بێت. 

هه‌ندێك جار به‌ته‌نیا بیریكی قووڵ، لێكدانه‌وه‌ی هه‌مه‌لایه‌نه‌ بۆ ئه‌م دیارده‌ (عه‌قڵی و ده‌روونی و فكریی و  مرۆیی و داراییه‌) ده‌كه‌م، قووڵ به‌جۆرێك، ده‌مه‌وێ له‌ڕێی فكره‌ جیهانییه‌كانی وه‌ك (فۆكۆ، سارته‌ر، ماركس، سۆسێر، چۆمسكی، ئه‌فلاتوون... تاد) پێوانه‌یه‌كی وردی ئه‌و دیارده‌یه‌ بكه‌م كه‌ پێی ده‌گوترێت (بۆشایی و پچڕان و زۆرگوتن و هیچ نه‌گوتن و نه‌مانی پێوه‌ندیی له‌ نێوان نێره‌ر/ قسه‌كه‌ر/ نووسه‌ر/ كه‌ناڵه‌كان و ڕۆژنامه‌ و گوتاره‌كان  و وه‌رگر/ گوێگر / بینه‌ر / خوێنه‌ر / جه‌ماوه‌ر) . بۆشاییه‌كه‌ی ترسناك و بكوژ، بۆشاییه‌ك هه‌موو شتێكی تێدایه‌، ته‌نیا فكر و بیروباوه‌ڕ و وردبوونه‌وه‌ و لێكدانه‌وه‌ی زانستی و حیسابكردن بۆ قسه‌كردن و گوتن و په‌خشكردن نه‌بێت.

بۆشاییه‌كه‌ لای من دوو گریمانه‌ی له‌خۆ گرتووه‌: یه‌كه‌میان ئایا من توانای تێگه‌یشتن و بینین و گوێگرتنم لاواز و سست بووه‌. ئه‌گه‌ر وابێت، چۆن ده‌توانم بیر بكه‌مه‌وه‌ و زمان به‌كار بهێنم و هه‌ست به‌دیارده‌كان بكه‌م و توانای درككردنم ده‌بێت. واته‌ هه‌سته‌كانم له‌ڕێی زمان و عه‌قڵه‌وه‌ هێشتا وزه‌یان تێدایه‌.

دووه‌م: گریمانه‌كه‌ پێوه‌ندیی به‌شاشه‌كان خۆیانه‌وه‌ هه‌یه‌. قسه‌كه‌ر و میوان و خاوه‌نی گوتار بۆ سه‌عاتێك و ڕۆژێك و هه‌فته‌یه‌ك قسه‌ ده‌كه‌ن، بێ پسانه‌وه‌ ده‌دوێن و له‌ڕێی میوانه‌كان، له‌ڕێی بێژه‌ر و پێشكه‌شكه‌ری به‌رنامه‌كان، له‌ڕێی وێنه‌ و  قسه‌ و جووڵه‌ و نووسیندا ده‌یانه‌وێت شتێك بڵێن. هه‌ست ده‌كه‌م هێنده‌ی ده‌یانه‌وێت قسه‌ بكه‌ن و خۆیان نمایش بكه‌ن، به‌چاره‌گی ئه‌وه‌ش ناتوانن زانیاری و پێویستییه‌كانی (بینه‌ر و وه‌رگره‌كانیان) پێشكه‌ش بكه‌ن.

مه‌به‌ستم له‌مه‌ ئه‌وه‌یه‌، بۆچی په‌رله‌مانتارێك، چاودێرێكی سیاسی، پسپۆڕێك، بێژه‌رێك، په‌یامنێرێك، ڕێ به‌خۆیان ده‌ده‌ن وه‌ك پسپۆڕ له‌هه‌موو بابه‌ت و ڕووداو و شتێك بدوێن، كه‌چی له‌هیچ بوارێكیشیان هیچ ناڵێن، هه‌قایه‌ت ده‌گێڕنه‌وه‌ و قسه‌كانی پێشووی خۆیان ده‌جوونه‌وه‌.

به‌ڕاستی له‌ كه‌سم نه‌پرسییه‌وه‌، ئایا ئه‌وانیشی كه‌توونه‌ته‌ ناو ئه‌م دۆخه‌ ده‌روونی و فكری و مه‌عریفییه‌وه‌، له‌ هیچ شتێك ناگه‌ن، كه‌ سه‌یری شاشه‌ی ته‌له‌ڤزیۆنی كوردی ده‌كه‌ن. ئایا ده‌زانن كێشه‌كه‌ له‌ چییه‌؟ یان ئه‌وه‌ ته‌نیا منم له‌ گومان ده‌ژیم و هه‌میشه‌ له‌ ڕوانگه‌ی ڕه‌خنه‌گرانه‌وه‌ سه‌یری شته‌كان ده‌كه‌م. 

بۆشاییه‌كی ترسناكی گوماناوی دروست بووه‌، شاشه‌ له‌جیاتی به‌دیهێنانی جه‌ماوه‌رێكی وریای ده‌روون ئارام، كار بۆ ورووژانی ده‌روونی و هه‌سته‌كان ده‌كات، نه‌ك جووڵاندنی عه‌قڵ و وریاكردنه‌وه‌. ڕه‌نگه‌ هه‌ر ئه‌م دۆخه‌ بێت، وای له‌ من و كه‌سانی تریش كردبێت، هه‌میشه‌ به‌گریمانه‌ و لێكدانه‌وه‌ی جیاواز له‌ ئه‌رك و په‌یام و گوتاری شاشه‌ بنۆڕن. له‌ بیری نه‌كه‌م، هاووڵاتییه‌ك پێی گوتم، ئه‌م شاشانه‌ بووه‌ته‌ شوێنی پرچ به‌ڕۆن و نه‌خوێنده‌واره‌كان. من ناتوانم وا بڵێم، ئه‌مه‌ ته‌نیا بۆچوونێكی ساده‌ی هاووڵاتییه‌كه‌، ده‌ترسم ئه‌مه‌ سه‌رچاوه‌ی ئه‌و گومان و  گریمانانه‌ی منیش بێت و ببێته‌ هۆكار بۆ ئه‌وه‌ی (له‌ شته‌كان تێنه‌گه‌م، چونكه‌ ئه‌وانه‌ هیچ ناڵێن، ته‌نیا ده‌یانه‌وێت خۆیان نمایش بكه‌ن و ئامانجیان هه‌ر قسه‌یه‌ و به‌س!).   

-wishe


AM:04:35:30/06/2020