لەبارەی کوژرانی هیشام هاشمییەوە
مایکڵ نایتس


نووسینی: مایکڵ نایتس، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی واشنتن و پسپۆڕی کاروباری ئەمنیی و سەربازیی عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداو 
 
رۆژی 6ـی تەمووزی 2020 یەکێک لە دیارترین پسپۆڕە ئەمنییەکانی عێراق لە گەڕەکی زەییونە لە رۆژهەڵاتی شاری بەغدا کە هەموو چین و توێژە کۆمەڵایەتییەکان تێیدا دەژین کوژرا. 
 
کاژێر 8:19 خولەکی ئێوارە هیشام هاشمی بەئۆتۆمبێلە پرادۆ سپییەکەی کە گوللە نەبڕ نییە گەیشتەوە بەردەم ماڵەکەی. دوای ئەوە بە چەند چرکەیەک دوو ماتۆڕسکیل کە هەریەکێکیان دوو کەسی لەسەر بووە لەبەردەم ماڵەکەی وەستان، زانیان کە هاشمی هاتەوەو ئۆتۆمبێلەکەی رادەگرێت.
 
پێش ئەوەی هاشمی ئۆتۆمبێلەکەی لە شوێنی تایبەت رابگرێت، یەکێک لە چەکدارەکان دەستیکرد بەتەقەکردن لە شوێنی شۆفێرەکە، دوای ئەوە بۆ تەواوکردنی ئەرکەکەی لە ئۆتۆمبێلەکە نزیک بوویەوەو چەند گوللەیەکی لەرێی جامی شکاوی ئۆتۆمبێلەکەوە تەقاند، دواییش تەقەکەرەکە دەمانچەکەی خستە ناو سندووقی ماتۆڕەکەی و لەپشت شۆفێری ماتۆڕەکەوە سواربوو کە چاوەڕێی دەکرد، دوای چەند چرکەیەکی دیکە شۆفێری ماتۆڕسکیلی دووەم کە وێنەی رووداوەکەیان تۆمار دەکرد، یا پێدەچێت تیمی ئەمنی یەدەگ بووبن، ماتۆڕەکەیان لێدەخوڕن و لە شوێنی تاوانەکە دوور دەکەونەوە. 
 
سێ منداڵەکەی هاشمیش ئەو دیمەنەی باوکیان بینی کە خەڵتانی خوێن ببوو و بە نیوە مردوویی لە ئۆتۆمبێلەکەی دەهێنرێتە دەرەوە. هاشمی دوای کاتێکی کەم لەیەکێک لە نەخۆشخانەکان گیانی لەدەستدا.
 
هاشمی، هاوسەرەکەی و چوار منداڵی لەدوای خۆی بەجێهێشت، جگە لەوان ماڵئاوایی لە کۆمەڵێک لە هاوڕێکانیشی لە هەموو بۆچوونە سیاسییەکان لە جیهاندا کرد . 
 
مایکڵ نایتس، لێکۆڵینڤان لە پەیمانگەی واشنتن و پسپۆڕی کاروباری ئەمنیی و سەربازیی عێراق و ئێران و وڵاتانی کەنداو کە ئەم وتارەی نووسیوە دەڵێت، نزیکەی شەش ساڵە هاشمی دەناسم. لەسەرەتاوە هاشمی بۆ من مەتەڵێک بوو: شرۆڤەکاری ئەمنی عێراقی و ناوبانگێکی زۆری هەیە، کەسایەتییەکی خاوەن ئەخلاقی پیشەیی و، نموونەی شیکارێکی زۆر بەهێز و دەگمەن بوو.
 
هیشام پێشتر لە زیندانی بوکای ئەمریکییەکان لە عێراق زیندانی بوو. ئەو هەندێک لە یاخیبوونی عێراقییەکانی لەنێوخۆ بینیوە، بەڵام تا ئێستاش ئەوە روون نییە لەو یاخیبوونە تێوەگلابێت. خوێندنەوەی بۆ رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق و شام کردووە، شیکارییەکانی جێگای بایەخی ناوەندەکانی لێکۆڵینەوەو پرۆژەکانی توێژینەوە بوون کە سپۆنسەرکراون، لەبەر ئەوەی بۆچوونێکی عێراقییانەی بۆ بابەتەکە زیادکرد و تا ئێستاش بۆچوونەکانی زاڵن بەسەر ئەو لێکۆڵینڤانانەی عێراقی نین.
 
یەکێک لەلایەنە زۆر سەرنجراکێشەکان مامەڵەکردنی بوو لەگەڵ حەشدی شەعبی. دوای کەوتنی موسڵ هیشام شانازی بە هێزەکانی حەشدی شەعبییەوە دەکرد، بەبەشێک لە هەوڵە هەماهەنگکارییە عێراقی و نێودەوڵەتییەکان بۆ وەدەرنانی داعش سەیری دەکردن. چەندین دیداری لەگەڵ سەرکردە باڵاکانی حەشدی شەعبی ئەنجامداوە، لەنێویشیاندا ئەبو مەهدی موهەندیس کە لەلیستی تیرۆری ئەمریکا بوو.
 
بەو پێیەی کە هاوڵاتی ئەمریکیم، هیچ کات ئارەزووی ئەوەم نەکردووە دیدار لەگەڵ ئەبومەهدی موهەندیس ئەنجامبدەم، بەڵام رۆچووبووم لەخوێندنەوەی بابەتەکانی هاشمی لەبارەی ئاستی بیرکردنەوەی باڵای ناو حەشدی شەعبی، زۆر قورس بوو کە ئیرەیی نەبەیت لەبارەی تواناکانی بۆ گەیشتنی بەکەسەکان، هەروەها شتێکی مەحاڵیش بوو لەبەردەم بەخشندەیی کەسایەتیدا خۆت رابگریی و بەرگری بکەیت.
 
دوای تێکشکاندنی هەرێمی داعش لە ساڵی 2017، هەستم دەکرد بەشێوەی پلەبەندی تێڕوانینی هاشمی بۆ ئەبومەهدی موهەندیس و ئەو گرووپانەی ئێران پشتگیرییان دەکات لەنێو حەشدی شەعبیدا دەگۆڕێت، دەکرێت بەپەیوەندییەکانی نێوان ئەو گرووپانە و ئێرانی زانیبێت، هەروەها بە هەڵسوکەوتە مافیاییەکانیان، لەگەڵ هێرشەکانیان بۆ سەر هاوڵاتییانی سڤیلی سوننە ( کە هاشمی خۆی سوننە بوو بەڵام ئەوە گرنگ نەبوو بەلایەوە). 
 
دوای کۆنترۆڵکردنەوەی هەموو شارەکانی عێراق، هاشمی وەکو زۆربەی عێراقییەکانی دیکە هەستیکرد کە شکۆی حەشدی شەعبی بەهۆی میلیشیاکانی ئەبومەهدی موهەندیسەوە کە ئێران پشتگیرییان دەکات زیانی پێگەیشتووە. هیشام پشتگیری ئەوەی دەکرد هێزەکانی حەشدی شەعبی لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەتدا بن، شێوازی بیرکردنەوەی هاشمی یارمەتی عێراق و هاوبەشەکانیدا کە یارمەتییان دەدا چۆن چاکسازیی لەکەرتی ئەمنیدا یارمەتیدەر دەبن لەوەی چەک تەنیا لەدەست و لەژێر کۆنترۆڵی دەوڵەت بێت.
 
ئەو هەڵوێستە نەتەوەییە عێراقییە وایکرد پشتگیرییەکی زیاتری لێبکرێت، بەتایبەت دوای ئەوەی ئەو چەکدارانەی نێو حەشدی شەعبی کە ئێران پشتگیرییان دەکات لە تشرینی یەکەمی ساڵی 2019 دەستیانکرد بە کوشتنی دەیان گەنجی خۆپیشاندەر. بەو گۆڕانکارییە تووشی شۆک بوون کە لە هزری هیشامدا دەرچوو، چ لەڕووی شەخسییەوە یان لەرێی تویتە زۆرەکانییەوە لە تویتەر. 
 
بەو پێیەی رۆژنامەڤان و باوکی چوار منداڵ بوو کە تەمەنیان 10 ساڵ لە تەمەنی ئەو خۆپیشاندەرانە کەمترە کە دەکوژرێن، هیشام بە نووسینەکانی لە رادەبەدەر پشتیوانی لە خۆپیشاندەران دەکرد. ئەو کاتەش کە میلیشیاکان دەستیانگرت بەسەر حکومەتەکەی عادل عەبدولمەهدی، دەستبەرداریی هەموو خۆپارێزیی و هۆشدارییەک بوو.
 
تا ساتی کۆتاییش هیشام تا ئاستی سەرەڕۆییش ئازایەتی نواند لەسەر ئاستی کەسیی و نووسینەکانیشی. ئەگەر بکرێت قسە لەسەر شەهیدێکی زیندوو بکرێت لە عێراقدا ئەوە هیشام هاشمییە.
 
هیشام لە کەسە نزیکەکانی مستەفا کازمی سەرۆکوەزیران نەبوو، بەڵام هەردووکیان دوو نووسەر بوون کە سووربوون لەسەر چاودێریکردنی گۆڕەپانی ئەمنی عێراق، هەردووکیان نەتەوەیی و عێراقی بوون کە دەیانەوێت چەک لە دەستی دەوڵەت بێت. 
 
هەروەها روبەڕووی هەڕەشەی تووند بوونەوە لەلایەن میلیشیاکانی حزبوڵڵای عێراقییەوە. لە رۆژی 26 حوزەیران کەتائیبی حیزبوڵڵا بە نمایشی هێز و بەئامانجی ترساندنی کازمی بە 30 ئۆتۆمبێلی پیکاپ چەکدارەکانیان چوونە ناوچەی سەوزی بەغدا.
 
بەپێی راپۆرتەکان، هیشام لەلایەن حوسێن موئنیس کەناسراوە بە ئەبووعەلی عەسکەری گوتەبێژی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە رۆژی 3 ـی تەممووز هەڕەشەی کوشتنی لێکراوە بەپێی ئەو نامانەی لەلایەن هاوڕێیەکی هاشمییەوە بڵاوکرانەوە. لە رۆژی 5ـی تەممووز رەخنەی لە میلیشیاکان گرت کە مووشەک ئاراستەی ناوچەی سەوز دەکەن و بووە هۆی برینداربوونی کچێکی منداڵی عێراقی.  
 
بەدرێژایی 17 ساڵی رابردوو سەرنجی ئەوەم داوە کە میلیشیا شیعییەکان کەسانی ئەکادیمی و پزیشک و رۆژنامەڤان و سەربازی عێراقی دەکەنە ئامانج و دەیانکوژن، بەبڕوای من کەتائیبی حیزبوڵڵا هیشامی کوشتووە بۆ ئەوەی پەیامێک بنێرێت بۆ حکومەتەکەی کازمی و شرۆڤەکارە عێراقییەکانی دیکە بەوەی پاشگەز ببنەوەو کەم باسی ئەوە بکەن چەک تەنیا لەدەستی دەوڵەتدا بێت.
 
سایتی قوڕەیش کە ئامرازێکی میدیایی داعشە باسی رووداوی کوشتنی هاشمی کردووە بەڵام لەئەستۆی نەگرتووە. ئەوە ئەو قۆناخەیە کە عێراق پێی گەیشتووە: داعش و کەتائیبی حیزبوڵڵای دووژمنییان کەسایەتییە نەتەوەییە عێراقییەکانیان خستووەتە لیستی ئامانجەکانیانەوە.
 
ئەگەر کوشتنی هاشمی ئاسان بێت، ئەوە کوشتنی هەرکەسێکی دیکە لە عێراق ئاسانە. هەروەها وەڵامدانەوەی لاوازی ئەو رووداوە میلیشیاکان دەگەیێنێتە ئەو باوەڕەی لە ئەمڕۆ بە دواوە ئەوان پارێزراون و لەوە دوورتریش دەڕۆن. 
 
بۆیە لەسەر هەمووان و لەهەموو روویەکەوە پێویستە دەنگییان بەرزبکەنەوەو هەوڵبدەن بکوژانی هاشمی و ئەوانەش بدۆزنەوە کە دەستیان هەبووە لە کوشتنی خۆپیشاندەران و رۆژنامەڤانان بۆ ئەوەی دادگایی بکرێن، پێش ئەوەی خەڵکی زیاتر لە عێراقییەکان بکوژن. 

-rudaw
AM:11:36:11/07/2020