بۆچی زۆرینەی ژنانی ئێستا ڕوخسارو شێوەیان لەیەك دەچێت؟
لەنجە خاوێ


جوانی‌و پێوەرەكانی جوانی بەدرێژایی مێژوو بەپێی كلتورو جیاوازی شوێنی جوگرافیا لەیەكترجیاوازبوون، لەوڵاتێكەوە بۆ وڵاتێكی دیكە گۆڕاوە، بەڵام ئێستا لەجیھاندا یەكێتیەك پەیدابووەو بەڕادەیەك زۆرینەی ژنانی ئێستا شێوەیان دەچێتەوە سەر یەكترو ھاوشێوەی یەكترن لەشێوەو ڕوخساری دەروەیاندا. ھۆكارەكەش ئەوەیە ھەمووان ڕەچاوی ئەو ستاندارت و نۆرمە باوانە دەكەن كە لەڕۆژئاواوە دادەھێنرێت، « لەشێكی باریك، لێوێكی ئەستور، لوتێكی باریك» بەڕادەیەك كە ئەو ژنەی لەدەرەوەی ئەو ستاندارتە باوانە بێت توشی پشتگوێخستن‌و پەراوێزخستن دەبێتەوە.

پلاتفۆڕمەكانی نێو میدیاو سۆشیاڵ میدیا لەڕێگای مۆدێل و ڕەسمی سەر بەرگی گۆڤارە بەناوبانگەكانەوە بەردەوام جەخت لەستاندارتە باوەكانی جوانی دەكەن و ناڕاستەوخۆ بە بەكارھێنەرەكانیان دەڵێن: ئەوەی لەدەرەوەی ئەم قیاس و ستاندارتە بێت جوان نییە! لەبەرئەوەی پێشوەختە نەستی هەموو تاكێك پڕ كراوە لەتایپێك لەجوانی دیاریكراو كە لەسەر ئاستی گەردونی بەرهەمدەهێنرێتەوە.

‎ نوسەری ئەمریكی نۆمی ۆڵف لە كتێبەكەیدا ئوستورەی جوانی» دەڵێت: ئەوە شتێكی سروشتی و بۆماوەیی نییە، كە ژنان بیانەوێت شۆخ و شەنگ بن و پیاوانیش جوانیان لە ھەموو شتێك بەلاوە بەبایەختربێت. بەڵكو ئەوە كلتورو كۆمەڵگاكەمانە كە تێیدا دەژین ھەڵدەستێت بە سەپاندنی پێوەر ستاندارتەكانی جوانی و كاردەكات بۆ بەردەوامی كۆنترۆڵكردنی ژنان لە ڕووی ئابوری، سیاسی،كۆمەڵایەتییەوە» وڵف پێی وایە كە بەھای كۆمەڵایەتی ژنان ھەتا پێش ساڵەكانی ١٩٦٠ بە ڕادەیەكی زۆر پەیوەست بووە بە خێزان و ماڵەوە، بەڵام لەدوای ئەو بەروارەوە كە سەرمایەداریی وردە وردە جێگیر دەبێت ئەوا ئوستورەی جوانی دەبێتە فۆڕمێكی باو و زاڵی بەھای كۆمەڵایەتی. بەدەربڕینێكی تر هەر كۆمەڵگا و سەردەمێك خاوەنی بەهای كۆمەڵایەتی و كەرامەتی مرۆیی خۆی بووە، كە جوانیش بەشێك بووە لێی بەڵام لەسەردەمی سەرمایەداریی ‌دا هەموو پێوەرەكانی پێشووتر هە‌رەسدەهێنێت و دەكەوێت و لە جیاتی فرەیی جوانی یەكایەتی جوانی شوێنی دەگرێتەوە. چیدی جوانی شتێكی ئێستاتیكی رووت نامێنیتەوە بەڵكو دەكەوێتە دەستی كۆمپانیاكان و بە لۆژیكی قازانج دەجووڵێتەوە. تەنانەت خودی جەستە دەبێتە شوێنێك بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە لە ڕێگەی ماركێتینی جوانییەوە و ساغكردنەوەی كاڵاكانی پەیوەست بە جوانكاری و جوانییەوە.

‎ۆڵف دەستەواژەی « پیلانگیڕی كلتووری» بەكاردەھێنێت بۆ ئەو ژنانەی كە بەھۆی میدیا و سۆشیاڵ میدیاو و مۆدێلەكانەوە ھەستێكی ساختەی وایان لا دروستدەبێت كە ئەوان جوان نین و متمانەیان بەسروشت و جوانی خۆیان لەق دەبێت، بۆیە لەبەرامبەردا پەنا دەبەنە بەر كڕین و بەكارھێنانی چەندین مادە كە لەدەرەوەی جەستەی خۆیانە وەك: «پلاستیك، سلیكۆن، بۆتۆكس، فیلەر، تاڵی ئاڵتونی» كە لەڕاستیدا خۆیان ھیچ پێویستیەكیان پێی نیە،بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ھێشتا ھەست بە كەموكوڕی زۆردەكەن چونكە ژیان بەپێی ستانداردو پێوەرە داھێنراو و دروستكراوەكانی ڕۆژ ئاوا ئامانجێكی بەدینەھاتوو ئەستەمە.

لەناو ستاندەردەكانی جوانی سەردەمی سەرمایەداریی دا ژنان ئیدی بە سروشتی جوان نین، لەبەرئەوەی هیچ شتێكیان لە خۆیاندا سەرف نەكردووە، واتە جەستەیان نەكردۆتە پانتاییەك بۆ وەبەرهێنانی سەرمایە هەر بۆیەش هیچ جۆرە دانپیدانێكی میدیایی وەرناگرن و نابنە ئەستێرە ناسروشتییەكانی سەر شاشەكان. هەموو ئەمانە ژنان ناچار دەكات بەرەو جۆرێك لە جوانی هاوشێوە و چوونیەك بڕۆن كە ئایدیاڵ تایپەكانی لە مۆدێل و شاجوان و فاشیۆنەكاندا دەبینینینەوە.


AM:11:33:11/07/2020