ئەرکی ئافرەتان سەختترە!
حه‌یات مه‌جید

کچان و ژنان، بەراورد بە پیاوان بەشێوەیەکی ناهاوسەنگ، کاریگەربوون بە ئەنجامەکانی پەتای کۆرۆنا لەجیهان و هەرێمی کوردستانیش. ئافرەتان خێراتر لەپیاوان، کارەکانیان لەدەستدا و فراوانتریش کەوتنەژێر باری دەرهاویشتە نەرێنیەکانی پەتای کۆرۆنا.

بەهۆی سیاسەتەکانی جیاوازی پارەپێدان لەنێوان پیاوان و ئافرەتاندا لەکاتی ئیشکردن، تەنانەت رێژەی پاشەکەوتی دارایی ئافرەتان لەچاو پیاوان کەمترە، ئەمەش لەلایەک بووه‌تە هاندانێکی نەرێنی بۆ کارکردن و لەلایەکی دیش بووه‌تە هۆی گەشەنەکردنی قەبارەی دارایی ئافرەتان لەجیهاندا.

ئەگەرچی بەرلە سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا، رێژەیەکی فراوان لەئافرەتان چالاکانە بەشدارنین لەبازاڕی کاری هەرێمی کوردستان، بەڵام ئەم پەتایە دۆخەکەی بۆ کچان و ژنان زەحمەتتر کردووە. بەشێکی زۆر لەوانەی لەمۆڵەکان و ناوەندە گەشتیارییەکان و کەرتی گەشتوگوزار کاردەکەن، لەکچان و ژنانی هێزی کاری ناوخۆیین، ئەمانە هەر لەسەرەتاوە کارەکانیان لەدەستدا. بەشێکی زۆر لەو بزنسە بچووکانەی ئافرەتان خۆیان دایان مەزراندووەو خۆیان بەڕێوەی دەبەن، ئەگەر تائێستا بەرگەی بێبازاڕیان گرتبێ، ئەوا لەژێر مەترسی مایەپوچبووندان.

هێزی کاری ئافرەتان گەورەترین و چالاکترین بەربەستی بەردەم بڵابوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنان لەجیهان و هەرێمی کوردستانیش. بەشێکی گەورەی کەرتی تەندروستی ئافرەتانن، کەلەریزی پێشەوەی بەرگریکردن لەکۆمەڵگان و لەرابوردووداو ئێستاش ئەگەری بەرکەوتنیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پەتا و نەخۆشیە گوازراوەکانی تر زیاترە لەپیاوان. رەنگە ئەم سێکتەرە (تەندروستی) تەنها سێکتەری پارسەنگی هیزی کاری ئافرەتان بێت بەراورد بە کاری ژنان لە سێکتەرەکانی تر. ئەوەی بایەخی ئەم سێکتەرە بەراورد بە سێکتەرەکانی تر جیادەکاتەوە ئەوەیە کە ئافرەتان خزمەتگوزارییەکی گەورەی مرۆیی پێشکەشدەکەن.

ماوەیەکە توانا و لێهاتووی ئافرەتان هاوشانی پیاوان، لەهەرێمی کوردستان لەگەشەکردندایە، بەڵام سستی و بچووکی بازاڕی کاری کوردستان، دەرفەتەکانی بەردەم کچانی گەنج و ژنانی بچووکتر کردۆتەوە. ئەو رێژە کەمەش لەباڕی کار، لەنەبوونی گرێبەستی کارکردن و مافی دەستەبەری کۆمەڵایەتی ئەوە دەگەیەنێت، کە کچانی گەنج و ژنان، تەنانەت ئەوانەشی هێشتا لەبازاڕی کاردان، لەمەترسیدان بۆ لەدەستدانی کارەکانیان.

لەپێناو سنوردانان بۆ گەشەی خێرای لەدەستدانی کار و ئاستەمبوونی گوزەرانی ئەو کج و ژنانەی کاردەکەن، پێوستە حکومەتی هەرێمی کوردستان سیاستەتێکی وردی بۆ بەگژداچوونەوە هەبێت کە لە لایەک دەرفەتی هێشتنەوەی ئافرەتان لەشوێنەکانی کارکردن مسۆگەربکات، لەلایەکی دی دەرفەتی نوێ بۆ کارکردن بڕەخسێنێت. رێوشوێنی لەم جۆرە یارمەتی مانەوەی ئافرەتان لەکارکردن دەداو ئەو لیهاتووی و توانایانە دەپارێزێت کە هەیانە.

پێویستە حکومەت خۆی لەبڕینی هاوکارییەکان دوربخاتەوە. کەمکردنەوەی خەرجیە گشتییەکان کاریگەرییەکی ناهاوسەنگی لەسەر ژنان و منداڵان هەیە. بەتایبەت زۆر گرنگە حکومەت خۆی بەدووربگرێت لە کەمکردنەوەی یان بڕینی خەرجیەکانی تەندروستی و پەروەردە و هەروەها چاودێری کۆمەڵایەتی.

ئەزموونەکانی رابردوو ئەوەمان پێدەڵین کاتێک هاوکارییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی کەمدەکرێتەوەو دەبڕدرێت، ژیانی کولەمەرگی ژنان و منداڵان زیاتردەبێت، بەپێچەوانەشەوە کاتێک مووچە ریکدەخرێ و لەکاتی خۆیدا دەگاتە هاووڵاتیان، داهاتی خێزانەکان سەقامگیر دەبێ و بەخێراتر خۆیان دەگونجێنن.

-kurdistan24
AM:09:18:08/09/2020