قەڵەمی خانمێکی کورد
ناسک سعید

لەمێژووی خەباتی سیاسی و کۆمەڵایەتی هەر کۆمەڵگەو نەتەوەیەکدا، لەگەڵ گۆڕانکاری و پێشهاتەکاندا بەدەر لەوەی کەسانی سیاسی و باڵادەست رۆڵیان ئەبێت لەگۆڕینی ستراتیژییەت و دانانی پلان بۆ ئاراستەکردنی کۆمەڵگە، کەسانی دیکەش دەتوانن بەهاوشانی ئەوان هەندێکات زیاتر لەوان لە گۆڕینی ئاراستەی روئیا و جیهانبینی تاکی ئەو کۆمەڵگەیە کاریگەری دروست بکەن.

ئەو مرۆڤانە لەژێر ناوی نوسەر و شاعیر یاخود کەسانی رۆشنبیر و خاوەن هزری نوێ خۆیان بەیان دەکەن و دەتوانن راستەوخۆ بەشداربن لەنوێکردنەوەی زهنیەتی خەڵک لە بابەتێکی دیاریکراودا ئیدی یان هاوڕایە لەگەڵ پرسە باوەکان کە دەسەڵاتداری وڵات پێشەنگی دەکات یاخود لەدژی ئەو فکرو رەوتانەوە دەبێت کە دەسەڵاتداری وڵات دەیەوێت لەرێگەی دەسەڵاتەوە بیچەسپێنێت، لێرەدا کەسانی نوسەر و شاعیرو خاوەن قەڵەمەکان دەتوانن هاوفکری دەسەلات نەبن و لەدژی بوەستنەوە.

لەم بابەتەدا بەهۆی ئەوەی کورد بە قۆناغگەلێکی پڕ مەینەت و ناهەمواردا تێپەریوە هەمیشە مێژووی ئەم گەلە بخوێنیتەوە دەبینیت چەندین کەسمان هەبوە لەدژی دەسەڵات بون و بەدڵنیاییەوە پاڵپشت و هاوفکری دەسەڵاتیش بوونی هەبوە.

ئەوەی لێرەدا دەمەوێت ئاماژەی پێ بکەم رۆڵی ئەو ئافرەتانەیە کەلە هەموو سەردەم و قۆناغێکدا بوونێکی راستەقینەی خۆیان نیشانداوە و بەپێی توانا و لێهاتوویان بەشێک بوون لەو قۆناغە بەتایبەت ئافرەتە رۆشنبیر و نوسەرەکان، یەک لەو ئافرەتە خاوەن قەڵەمە بوێر و زهنیەت رۆشنە (مهاباد قەرەداغی)ە کە بەدرێژایی تەمەنی لەسەردەمی رژێمی بەعس هەتا ئەمرۆکە لەخزمەت کۆمەڵگە و پرسی یەکسانی ونیشتمانی کاری کردوە. ئەوەی لەرووی نیشتمانیەوە کردویەتی لەمێژووی کەسایەتی خۆی و کوردستانیشدا نموونەیەکی دیارە، بەهەمان شێوەش لەرووی بەرقەرارکردنی پرسی یەکسانی لەناو کۆمەڵگەدا ویستویەتی لەرێگەی دەرخستنی خاڵە نەرێنیەکانی ناو دابونەریت و بیرکردنەوە هەڵەکانی کۆمەڵگەی کوردی کە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالارییە بیانخاتەروو، بۆ ئەمەش لەکتێبی شەرەفنامە زۆر بە وردی باس لەسەرجەم رەهەندە جیاوازەکانی ئەو پرسە دەکات، دواتر لەکتێبی ئافرەتیزم باس لەمێژووی خەباتی سەد ساڵەی ئافرەتی کورد دەکات کە لە چ روانگە و تێگەیشتنەوە هەوڵیانداوە بەشدارێکی کارابن لەرەوتی فیمینیزمی لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکە و بەشێکی دانەبراو بن لەو پرسەدا.

مهاباد قەرەداغی لەرووی توانای نوسین و درک کردنیەوە، لەئاستێکی قوڵی بیرکردنەوەکانیدا ئەو ئاستە بەرزەی لەنوسین و هۆنراوە و رۆمانەکانیدا نیشانداوە، لە ژانرەکاندا وردبین بووە و بەخود ئاگاییەکی پڕ سەلیقەی نوسین بابەتەکانی بۆ خوێنەر روونکردۆتەوە، ئەمەش خاڵی سەرکەوتن و جیاکردنەوەی ئەم خانمە نوسەرەیە بە بەراورد بە نوسەرەکانی دیکە.

هەمەرەنگی و جیهانبینی ئەو بۆ دیاردە و رووداوەکان وایکردوە لەناو نوسینەکاندا رەنگدانەوەیەکی بەرزی هەبێت و وەک ئافرەتە نوسەرەکانی جیهان بتوانێت بەشداربێت لە پێشخستن و خزمەتکردن بە کۆمەڵگەکەی و لەو پرسانە بەشداربێت کە پێویست دەکات وەک نوسەر قسەی خۆی هەبێت لەسەر ئەو بابەتانە بۆئەوەی بیروتێگەیشتنی خۆی بخاتە بەردەست خوێنەران و خەڵک. پیشانی بدات کە ئافرەتانیش دەتوانن خاڵی وەرچەرخان بن لە گۆڕانکاری و ئەو مەودا فراوانەی بیرکردنەوە کە دەتوانێت کارەکتەرێکی سەرەکی بن بۆ پێشکەوتن و پێشخستنی کۆمەڵگە.

-hawler
AM:05:05:24/10/2020