ڤایرۆسی کۆرۆنا و سروودی ئەی رەقیب
رەنگین شەهید عەبدوڵڵا


رەنگە جوانترین و دەقیقترین پێناسەیەک بۆ کۆرۆنا ڤایروس یان درست تر بڵێم (کۆڤید19) کرابێت بریتی بووبێت لە لێدوانەکانی ئیمانوێل ماکرۆن سەبارەت بەم ڤایروسە وێرانکەرە. ماکرۆنی سەرۆکی فەرەنسا لە چواردەی ئۆکتۆبەردا وتی: «ئێمە لە جەنگێکی راستەقینەو روبەڕوداین لەگەڵ ئەم ڤایروسە و سیستەمی تەندروستی جیهان، ئێمە لە شەڕ و ململانێ لەگەڵ نەتەوەیەکی تر و سوپایەکی تردا ناکەین، دوژمنەکەمان لێرەیە لەناو خۆماندا. دوژمنێکی نادیار و نەبینراو و بێ تەن و هەستە. لە پێشکەوتن و گەورەبوونی خێرادایە، ئەمە وامان لێدەکات لەوپەڕی ئامادەباشیدا بین بۆ روبەڕوبوونەوەی بە هەموو هێز و توانا عەقڵانی و مرۆیی و زانستییەکانمانەوە «

بێگومان ماکرۆن دەیەوێ لە جەنگێکی ترسناک و ترسێکی قووڵ ئاگادارمان بکاتەوە. کە ژیان و تەندروستی مرۆڤایەتی روبەڕوی گەورەترین هێرشی وێرانکەری دوژمنێکی نادیارو بێ شوناس بۆتەوە. گرنگترین خاڵ لەم پێناسەیەی ماکرۆندا بەڕای من بریتییە لە، بەکارهێنانی چەمک و گوزارشتی روبەڕوبوونەوەی عەقڵانی و ئامادەسازی کۆی توانا مرۆییەکان بۆ قەڵاچۆکردن و تێکشکاندنی دوژمنە نادیارەکەمان. روونە رۆژئاوا روبەڕوی قەیرانێکی گەورە بۆتەوە. بەڵام حەجمی شەڕەکە و روبەڕوبونەوەی روبەڕو لەگەڵ دوژمنە نادیارەکەیا کە ناونراوە بە (کۆڤید19 )کارێکی ئاسان و راگوزەر نابێ لە جیهان و رۆژئاوا. مادام رۆژئاواییەکان چەندین سەدەیە سەرقاڵی دروستکردنی سیستەمێکی تەندروستی بەهێزن کە لە جەنگێکی ئاوها ناکاو ترسناکدا بتوانن حەجمی قوربانی و کارەساتەکان بچووک بکەنەوە. هێشتا هیواو ئومێدی گەورەیان بۆ بردنەوەی شەڕەکە و ئایندەیەکی باشتریان هەیە بۆ گەل و نەوەکانیان.

‎هەرێمی کوردستان لەناو چەقی ئەم کارەساتە مرۆییەدایە، هۆکاری ئەوەی هەرێمی کوردستان دەکەوێتە ناو چەقی شەڕەکە بۆ ئەوە دەگێڕمەوە کە هیچ سیستەمێکی تەندروستی مونەزەمی نییە کە بتوانێت لە رێگایەوە نەخشەڕێگای روبەڕونەوە لەگەڵ ئەم دوژمنە نادیارە دابڕێژێت. لە راستیدا هەرێمی کوردستان لە روبەڕوبونەوەی ئەم قەیرانەدا وەک ئەو سوپایە دەبینم بێ جبەخانە و تفاقی جەنگ، بە ڕووی دوژمنێکی نادیار و وێرانکەر بووبێتەوە.

‎هەرچەندە ئەم خاڵە بەمانای ئەوە نایەت کە حکومەتی هەرێم و وەزارەتی تەندروستی دەبێ تەسلیمی دۆخەکە ببن و خۆیان بددەن بەدەستەوە. پێویست بوو هەر لە سەرەتاوە بیرکردنەوەکان خێراتر بکرێن و لانیکەم جۆرێک لە کۆپیکردنی سیستەمی روبەڕوبونەی تەندروستی وڵاتانی پێشکەوتوو لێرە سەر رێگا بخرایە، تا بتوانین مونەزەم تر و جدی تر خۆمان بۆ هێرشی دووەمی ڤیرۆسەکە ئامادە بکەین. هۆکارەکانی پشتی ئەو خەمساردییە هەرچی بێت ناکاتە ئەوەی چاومان بەرامبەر بە بەرزبوونەوەی رێژەی قوربانییەکان دابخەین و پێشمان وابێت بە موعجیزە و قودرەتی قادر دەتوانین لەم شەڕە وێرانکەرە بەسەرکەوتوویی دەرباز بین .

‎هێشتا درەنگی نەکردووە و دەرفەت لەبەردەستە بۆ روبەڕوبونەوەی پەلاماری ڤایروسی کۆرۆنا. پێویستە حکومەتی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات هەموو توانای ئابووری و عەقڵی و تەکنیکی و تەندروستی و مرۆیی خۆی کۆکاتەوە بۆ سەر رێگا خستنی سیستەمی ناکاوی رووبەڕوبونەوەی کۆرۆنا. ئەگەر بە هەزار هۆکار توانای داخستنی بازاڕ و فەرمانگەکانمان نییە، خۆ دەتوانین لانیکەم هەڵستین بە دەرکردنی بڕیار و رێکاری ئەمنی قورس بۆ بەستنی دەمامک و ماسک وەک ئەمرێکی ئیجباری بۆ هەرکەس دەچێتە دەرەوەی ماڵی خۆی. تەنها لە رێگای بەکارهێنانی ماسک و دەمامکەوە دەتوانین تاڕادەیەک قەبارەی کارەساتەکە بچووک بکەینەوە.

پێویستە دەزگاکانی میدیای بینراو و بیستراو و نوسراو و هەموو هێزی خۆی بۆ هۆشیار کردنەوەی خەڵک لەم شەڕە گەورەیە کۆکاتەوە.

گرنگترین شت لە ئیستادا وەکو زەرورەت دەبینم بریتییە لە رێکخستن و هەماهەنگی و پێکەوە کارکردنی تەواوی نەخۆشخانە ئەهلی و حکومییەکان، بۆئەوەی بتوانن وەک تیمێکی بەهێز نەخشەو پلانی خۆیان بۆ روبەڕوبونەوەی ئەم پەتا کوشندەیە دابڕێژنەوە. پرسیارێک لێرەدا بە تۆخی دەکەوێتە بیر و هزری هەموومان ئەویش ئەوەیە، کە ئێمە بەنیازین ببینە خاوەنی دەوڵەتی گۆڕستان و مردوان یان دەوڵەتی نەتەوەیەکی زیندوو و خاوەن عەقڵ و توانایی مرۆیی گەورە؟!. هەموو ناکۆکییەکی سیاسی پێویستە لە ئێستادا وەلا بنێرێت بۆ پارێزگاریکردن و بەرگریکردن لە سیحەت و ژیانی تاکی کورد. دەسەڵات و دەوڵەتمەدارەکانی ئەم هەرێمە پێویستە ئەو راستیە بزانن کە بێ بوونی مرۆڤ و توانا و بەهرەکانیان دەبێ ببنە حکومڕانی گۆڕستانی مردوان. پێویستە هەموو پێکەوە بکەوینەوە جەنگەوە لەگەڵ ئەم پەتایەوە و بە دەنگی بەرز هاوار بکەین:

ئەی رەقیب هەر ماوە قەومی کورد زوبان
نایشکێنێ دانەیی تۆپی زەمان.
کەس نەڵێ کورد مردووە کورد زیندووە
زیندووە قەت نانەوێ ئاڵاکەمان.

AM:10:17:26/10/2020