پڕۆژەی مێینە.....
کلارا سمکۆ
هەی میللەتی گەمژە بە دڕاندن و سوتاندن و لێکردنەوە هیچ لەمەسەلەکە ناگۆڕێ ، چونکە تازە ئەوەی کە گرنگ و پێویست بوو ئەو پەیامە بوو کە پێتانگەیشت .
وەک چۆن ئێوە دیفاع لە نێربوونتان ئەکەن لەژێر سایەی ئایدیۆلۆژیاکەتان . منیش دیفاع لە مێینەبوونم ئەکەم هەی نەزانینە .
یەکێک لە پڕۆژە هونەرییە هەرە جوانەکان ، تیایدا داکۆکی لە ئەو ژن و کچانەی کوردستان ئەکات کە بونەتە قوربانی بە هۆکاری پاکبونەوەی ( شەرەف) بە دەستی ئەو کۆمەڵگا نێرینەیە .
بە دژایەتی کردنی هەر کارێک کە پەیوەندی بە مێینەوە هەبێ ، ئەوانەی کە فتوای کوشتنی مێینە دەردەکەن وەک ئەوەی ئەوان نەبوبن کە ئەو فتوایەیان دابێت ، دێن بەجۆرێکی ناشرینتر باسی ژنان دەکەن و بە سەیارە ئەیانشوبهێنن ( وشەی سەیارە کە بەرامبەر وشەی سواربوونە بەکاردێنن).
لێرەدا کە باسی شەرەف ئەکرێ داوێنی ژنانن کە خاوەنداری و مامەڵەی پێوە دەکرێ .
هەڵبەت ناڵێم کە یەکسانی ڕەهامان ئەوێ بەڵکو پێویستە نێرینەکان چیتر ئەوەندە ڕق ئەستوور نەبن لەبەرامبەر دژایەتیکردنی مێینەکان ، لەکاتێکدا نێرینەی شەرقیە کە بەدوای ژنانەوەن و سنووری ئازادیەکانی مێینە ئەبەزێنن نەک بەپێچەوانەوە.
لە سەرەتای سەرهەڵدانی ئیسلامی سیاسی لە کوردستان تاکو بە ئێستا دەگات ژنان دژایەتی کراون و توشی ڕووداوی قێزەون بونەتەوە لەوانە دەستدرێژی و ڕژاندنی تێزاب بە سەر لاشەیاندا و هۆیها کردن لەناو بازاڕ و حایا بردنیان بەوەی کە گوایە جلەکانیان نەشیاو و ڕووتە و کوشتنیان لەژێر ناوی پاککردنەوەی شەرەف و .... هتد ، سەیرەکە لێرەدایە کەناوی کوشتن بەناوی شەرەفەوە دێت واتە : پاککردنەوەی ئەو شەرەفەی کە هەر نێرینە خۆی پیسیکردووە و بەدوای پیسکردنیەوە بووە .
هەڵواسینی جلی ئەو مێینانەی کە بەناوی شەرەف و داگیرکردنی مێینەیانەوە لە شەقامی یەکێک لەشارەکان نمایشکران ، لەکاتێکدا ئەو جلانە تەمسیلی هەموو ئەو ژنانە نەبوونە کە لە دوای ساڵانی ۱۹۹٠ ەوە تا ئێستا بە کوشتن و ناچار بەکوشتنی خۆیان و بێ سەروشوێن کردنیان و پارچەپارچەکردنیان قەڵاچۆی مێینەیان پێ کردووە و بۆنەتەقوربانی ، لەگەڵ ئەوەشدا پێیان ڕەوا نیە کە جلەکانیان وەک ڕەمزێکی ئەو مێژووە خوێناویەیان بێنینەوە بەرچاو کە چەندە پڕ ڕق و قینەن بەرامبەر بە ڕەگەزی مێ ، تا هەست بە خۆیان بکەن کە چەندە میللەتێکی دژ بە ژن و ژن کوژن .
یەشتا دانی پیانانێن کە ئەو جلانە پاشماوەی ئەو قەڵاچۆکردنانەن کە بیروباوەڕەکەیان فێری کردوون .
دەستخۆشی بۆ ئەو خانمانەی کە بەژداریان لەو پڕۆژەیەدا کردووە.