حکومەت و میدیای پیاوان
ئاشتى عەبدوڵا




هەموو ئەو دیالۆگ و ئایدیایانەی كە لەسەر پرسی ژنان ئەكرێت لەم هەرێمەدا لەلایەن زۆرێك لە سیاسەتمەدار و رۆشنبیرانەوە واقع نەبوون و تەنها لە خانەی دیالۆگێكی كاتی راگوزەردا بوون، هەموو ئەو لێدوان و پەیامانەی كە تیایدا  جەخت كراوەتەوە لەسەر بەشداریكردنی ژنان لەهەموو بوارەكاندا  بەتایبەت لەكایەی سیاسیدا تەنها پەیامێكی رووپۆشكراو بوون.

ئەوەی مەبەستمانە ئاماژەی پێ بكەین بۆ سەلمادنی راستی ئەم بۆچوونە دابەشكردنی پۆستە گرنگەكان و سەرەكییەكانە لەم هەرێمەدا،  جگە لەوەی قسە و تێبینی زۆرمان هەیە لەسەر بوونی تەنها یەك ژن كە وەزارەتی پێ درابێت، تێبینی و رەخنەی زۆریشمان هەیە لەسەر دابەشكردنی پۆستە گرنگەكانی پارێزگاكان.

سەیری لیستی ناوەكان بكەن، چەند جێی شەرمە بۆ ئەم دەسەڵات و عەقڵییەتەی هەرێم بەڕێوە دەبات كە تەنها پۆستێكیان بە ژن رەوا نەبینی، ئەم فەرامۆش كردنە بۆ؟ ئەستەمە، ژن ئەو كارەی پێ بسپێردرێت یان دەگمەنە، ژنانێك هەبن بۆ ئەو پۆستانە شیاو بن؟ بۆ ئەستەمە بە بۆچوونی سیاسیەكانمان و دەسەڵاتدران؟ لەو باوەرەداین ئەستەمە عەقڵیەتی پیاوسالاری سیاسیەكان و دەسەڵاتداران گۆڕانی بەسەردا بێت، ئەوان گوتارو كرداریان تەواو دوو چەمكی پێچەوانەن لەسەر پرسی ژنان، ئەمە هۆكارێكی سەرەكییە نەك ئەستەم بێت كە ژنان بتوانن پۆستی گرنگ و كاریگەر بەڕێوەبەرن، ئەگەر دەگمەنیشە دیسان بۆ؟ بێگومان بە بڕوا و بۆچوونی عەقڵییەتی پیاوسالاری دەگمەنە ژنانێك هەبن كە توانای عەقڵی و كارامەییان هەبێت بۆ ئەو پۆستانە، یان روونتر بڵێین لە راستی توانا و لێهاتوویی ژنان گەیشتوون، بەڵام دان بەو راستییەدا نانێن، چونكە ژنانێك هەن دووهێندەی پیاوان كارامە و شیاوترن بۆ پۆستە گرنگەكان، بەڵام تائێستا بە كردار دانیان نەناوە بەو واقیعەی كە ژن رەگەزێكی ئەكتیڤ و كاریگەرە و رۆڵی بەرچاوی هەیە لە پێشكەوتنی كایەی سیاسی و ئابووری و مەعریفیدا، گۆڕانكاری و پێشكەوتنی هەرێم گرێدراوی بەشداری پێكردنی ژنانە لە هەموو كایەكاندا.

پێویستییەكی حەتمییە، كە ژنیش لە هەموو بوارەكاندا دەرگای بۆ واڵا بكرێت و هەنگاوەكانی سنووردار نەكرێت، هەموو ئەو گوڕانكارییانەی لە هەرێمدا ئەبێت بكرێت، هەر لە چاكسازیی لە حكومڕانیدا و لە پێشكەوتنی هەموو بوارەكانی تر تەنها بە پیاو ناكرێت، ئەگەر وابێت وەكو ئەوەی ئێستا هەیە، هەنگاوەكان، هەر زوو ئیفلیج دەبێت، بەڵكو پێویستە بە بەشداری هەردوو رەگەز بێت، سوود لە عەقڵ و مەعریفەی هەردوولا وەربگیرێت.

بەشداریپێكردن و پێدانی پۆستە گرنگەكان بە ژنان لە حكومەت و دامەزراوەكاندا دەبێتە مایەی بەدیهێنانی ئاوەدانی، دەبێتە هۆی دامەزراندنی هەرێمێكی پێشكەوتوو لە رووی شارستانیەت كە تیایدا هەموو چەمكەكانی تر پەرەبسەنێت، ئەم پاوانخوازیە لەدەسەڵات و پۆستە گرنگ و كاریگەرەكاندا هەیە، تەنها لەكایەی سیاسەت و حكومڕایدا نییە، بەڵكو پاوانخوازی لەلایەن عەقڵیەتی پیاوسالارییەوە دەزگاكانی راگەیاندن و كۆی میدیای كوردیشی گرتۆتەوە، ئەگەر كەمێك وردبینەوە ئاوڕێك لە هەموو دەزگاكانی راگەیاندن بدەینەوە هەر لەمیدیای حزبی و سەربەخۆو ئەهلییەكانیشەوە دەبینین، كە لێرەشدا ژن وەكو پێویست پێگەو هەقی خۆی نەدراوەتێ، تائێستا بەڕێوەبەری هیچ كام لەو كەناڵانەی راگەیاندن ژن نین، یان پۆست و بەرنامەیەكی كاریگەر نەدراوەتە ژن، لەگەڵ ئەوەی ژنان لە بواری میدیایشدا كارامە و لێهاتوون.

دەرئەنجام ئەگەینە ئەو راستییەی كە ژن لەهەموو كایە گرنگەكاندا فەرامۆش كراوە، هێشتا دروشم و لێدوانی سیاسیایەكان و پەیامی زۆرینەی رۆشنبیرانیش تەنها لە خانەی قسە و بەڵێندایە و نەبۆتە واقیع و بە كردار كار لەسەر پرسی ژنان نەكراوە، ئەوەی پێویستە بۆ ئەم دۆخە هەڵویست وەرگرتنە لەلایەن ژنانی چالاكوان و ئەو پیاوانەی باوەڕیان بە یەكسانی رەگەزیی هەیە، بێدەنگ نەبوونیانە لە ئاست ئەم فەرامۆشكردنەی ژنان.
 
 
NRT

AM:10:57:01/04/2015